ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
لە گیانەڵاوی ئێوارەی ڕۆژێکتا بوو
گەیشتمە لات.
برینەکانم هەر لەبەر دەرگاتەوە
خۆیان هاویشتە باوەشی ڕووبارەکەت
ئەویش هێواش گرتنیەوە و
بەدەم ماچی ئازارەوە
بردنیە شار:
ئەمە تۆی من لەناو خەوی
چەند ساڵەما
هەموو شەوێ ئەمبینیت و
دەستم ئەخستە کەمەرت
بەیەکەوە سەمامان بۆ
باران، لووتکە، هەتاو ئەکرد!
ئەمە منم «گۆیژە» م بۆ تۆ هێناوەتە
پاڵ «زاوا –بووک»
کە شەو داهات
بە دوو قۆڵی سەر ئەخەنە سەر شانمان و
ئێمەش ورد ورد لەبەر خۆوە
ئەو سروودەیان بۆ ئەڵێین
کە یەکەم جار لێرە پشکووت.
بمگەڕێنە!
نەشارەزای گەلێ شاری
چاوی خۆمم
لە دڵی خۆمدا ون ئەبم!
- کوا چوارچرا؟ !
ترسێ نیگای ترووکانی
پەنجەی ئاوڕت خستە سەر
بێدەنگییەک.. وەکوو کلووی
بەفرێکی مات
لە باپێچی ڕوخسارماندا
ترووشکەی کرد!
کە ڕاوەستاین مێژوومان دی
پاشەو پاش ئەگەڕایەوە،
ڕۆژمێرێکی داینە دەست
لە خۆرنشین هەڵکێشرابوو!
- کە واتە من حەوت ساڵان بووم
کەتۆ «بوویت » و لێرەدا بوو
خۆرت هێنا و
ئەتدا لە بەرۆکی «سابڵاخ»
لێرەدا بوو شانۆیەکت لەگوڵاڵە
دروست کرد و ئەستێرەت پیا هەڵئەواسی.
شایی نێرگز لەناو بەفرا
ئەیخایاند و چراخانی مۆمی پەنجەی
داگیرساوی درەختەکان
ئۆپەرێتی ڕووناکی بوون.
- کەواتە من حەوت ساڵان بووم.
بەستەڵەکی بێدەنگیمان
وەختێ شکان
کەچەند زەڕنەقووتەی ئاخێ
سەریان لەناو سنگمانەوە هێنایە دەر
بەبێ ئەوەی پێ بزانین لە دڵۆپی
ئاونگی ناو
ئەستێرکەکانی پێڵوویان ئەخواردەوە!
وتت: بەڵام ئیستە لەژێر
هەردوو قاچی پەیکەردا شار
پڵنگێکە ئەژنۆ شکاو.
تۆ بڕوانە! چۆن لەنێوان
هەر دە پەنجەی پەیکەرەوە
هەتا ئەمڕۆش خوێنی هەڵۆ کوژراوەکان
دێنە خوارێ و لە چەقی گشت ڕێگەیەکدا
وەرزێکی نوێ ناو نووس ئەکەن!
تۆ بڕوانە! «محەمەد» چۆن
لەناو نەڕەی شێرەکانی
هەرچوار گۆشەی باخچەکەوە
دێتە دەرێ و هەتا ئیستەیش
پەیکەرەکە ئەتۆقێنێ!
گەڕاین.. گەڕاین
لە پێچی هەر شەقامێکت و کۆڵانێکتا
گەڵا.. گەڵا
سەرنجەکانم ئەوەرین.
ناسیاوم و نەناسیاوم :
جلەکانم، جامانەکەم، هەندێ وشەم
پێناسێ بوون ئەیانکردمە
کۆڵی دایکی خۆشەویستیت.
ئەیانبینیم کوێرە کانیم
لەناو کاولاشی دڵیاندا
سەر لە نوێ ئەتەقاندەوە
- قوربانت بین
سەرنویشتمان وا لە دەستی ئێوەدایە
توخوا باشین؟ !
قوربانت بین !
گەڕاین.. گەڕاین
کچەکانت پۆلە گوڵ بوون
لە چارشێوی ڕەنگاوڕەنگدا هەڵئەفڕین و
لەسەر لقی هەردوو دەستی هەڵلەرزیوم
ئەنیشتنەوە..
چرای مەمکیان ئەدا لە شەختەی ڕوخساری
وەریوی من
- توخوا خەڵکی سلێمانیت؟ !
بریا.. بریا
سلێمانیم بدیتایە !
ئەی کچی جوان لەبەر بریا و خۆزگەی تۆیە
سەرم داوە بەو شاخانە و
لەبەر بۆ کڕووزی جەرگی تۆیە کە من
گیانم کردۆتە چراوگی دارستان و ئەشکەوتەکان
لەبەر ئەو ئێسکە سووکەتە
ڕەنگم پەڕیوی ناو تەمی
سەر ماڵانی سلێمانی و سەر ئێرەیە
ئەی کچی جوان !
لە گیانەڵاوی ئێوارەی ڕۆژێکتا بوو
گەیشتمە لات
برینەکانم هەر لەبەر دەرگاتەوە
خۆیان هاویشتە باوەشی ڕووبارەکەت
ئەویش هێواش گرتنیەوە و
بەدەم ماچی ئازارەوە
بردنیە شار  !

پەراوێز edit