شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: ڕەنگاڵە / دەفتەری گەشت و خۆشەویستی سەرناو: پڵنگ و پەیکەر لە گیانەڵاوی ئێوارەی ڕۆژێکتا بووگەیشتمە لات. برینەکانم هەر لەبەر دەرگاتەوە خۆیان هاویشتە باوەشی ڕووبارەکەت ئەویش هێواش گرتنیەوە و بەدەم ماچی ئازارەوە بردنیە شار: ئەمە تۆی من لەناو خەوی چەند ساڵەما هەموو شەوێ ئەمبینیت و دەستم ئەخستە کەمەرت بەیەکەوە سەمامان بۆ باران، لووتکە، هەتاو ئەکرد! ئەمە منم «گۆیژە» م بۆ تۆ هێناوەتە پاڵ «زاوا –بووک» کە شەو داهات بە دوو قۆڵی سەر ئەخەنە سەر شانمان و ئێمەش ورد ورد لەبەر خۆوە ئەو سروودەیان بۆ ئەڵێین کە یەکەم جار لێرە پشکووت. بمگەڕێنە! نەشارەزای گەلێ شاری چاوی خۆمم لە دڵی خۆمدا ون ئەبم! - کوا چوارچرا؟ ! ترسێ نیگای ترووکانی پەنجەی ئاوڕت خستە سەر بێدەنگییەک.. وەکوو کلووی بەفرێکی مات لە باپێچی ڕوخسارماندا ترووشکەی کرد! کە ڕاوەستاین مێژوومان دی پاشەو پاش ئەگەڕایەوە، ڕۆژمێرێکی داینە دەست لە خۆرنشین هەڵکێشرابوو! - کە واتە من حەوت ساڵان بووم کەتۆ «بوویت » و لێرەدا بوو خۆرت هێنا و ئەتدا لە بەرۆکی «سابڵاخ» لێرەدا بوو شانۆیەکت لەگوڵاڵە دروست کرد و ئەستێرەت پیا هەڵئەواسی. شایی نێرگز لەناو بەفرا ئەیخایاند و چراخانی مۆمی پەنجەی داگیرساوی درەختەکان ئۆپەرێتی ڕووناکی بوون. - کەواتە من حەوت ساڵان بووم. بەستەڵەکی بێدەنگیمان وەختێ شکان کەچەند زەڕنەقووتەی ئاخێ سەریان لەناو سنگمانەوە هێنایە دەر بەبێ ئەوەی پێ بزانین لە دڵۆپی ئاونگی ناو ئەستێرکەکانی پێڵوویان ئەخواردەوە! وتت: بەڵام ئیستە لەژێر هەردوو قاچی پەیکەردا شار پڵنگێکە ئەژنۆ شکاو. تۆ بڕوانە! چۆن لەنێوان هەر دە پەنجەی پەیکەرەوە هەتا ئەمڕۆش خوێنی هەڵۆ کوژراوەکان دێنە خوارێ و لە چەقی گشت ڕێگەیەکدا وەرزێکی نوێ ناو نووس ئەکەن! تۆ بڕوانە! «محەمەد» چۆن لەناو نەڕەی شێرەکانی هەرچوار گۆشەی باخچەکەوە دێتە دەرێ و هەتا ئیستەیش پەیکەرەکە ئەتۆقێنێ! گەڕاین.. گەڕاین لە پێچی هەر شەقامێکت و کۆڵانێکتا گەڵا.. گەڵا سەرنجەکانم ئەوەرین. ناسیاوم و نەناسیاوم : جلەکانم، جامانەکەم، هەندێ وشەم پێناسێ بوون ئەیانکردمە کۆڵی دایکی خۆشەویستیت. ئەیانبینیم کوێرە کانیم لەناو کاولاشی دڵیاندا سەر لە نوێ ئەتەقاندەوە - قوربانت بین سەرنویشتمان وا لە دەستی ئێوەدایە توخوا باشین؟ ! قوربانت بین ! گەڕاین.. گەڕاین کچەکانت پۆلە گوڵ بوون لە چارشێوی ڕەنگاوڕەنگدا هەڵئەفڕین و لەسەر لقی هەردوو دەستی هەڵلەرزیوم ئەنیشتنەوە.. چرای مەمکیان ئەدا لە شەختەی ڕوخساری وەریوی من - توخوا خەڵکی سلێمانیت؟ ! بریا.. بریا سلێمانیم بدیتایە ! ئەی کچی جوان لەبەر بریا و خۆزگەی تۆیە سەرم داوە بەو شاخانە و لەبەر بۆ کڕووزی جەرگی تۆیە کە من گیانم کردۆتە چراوگی دارستان و ئەشکەوتەکان لەبەر ئەو ئێسکە سووکەتە ڕەنگم پەڕیوی ناو تەمی سەر ماڵانی سلێمانی و سەر ئێرەیە ئەی کچی جوان ! لە گیانەڵاوی ئێوارەی ڕۆژێکتا بوو گەیشتمە لات برینەکانم هەر لەبەر دەرگاتەوە خۆیان هاویشتە باوەشی ڕووبارەکەت ئەویش هێواش گرتنیەوە و بەدەم ماچی ئازارەوە بردنیە شار  ! ++++++++++++++++++++++