ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
١
وەختێ خۆم و جانتای سەوزی
مارکەی سەر پشتێن «موسڵاوی»
 لە ئەستەمووڵ
کە دابەزین و ڕاوەستاین
لە درەخت و بنچکێکی لاڕێ ئەچووین
هەردووکمان هەر:
قژ خۆڵاوی
شان و مل تەپ و تۆزاوی.
***
وادوو ڕۆژە
لەلای ئەم شارە چاوشینە
لامان داوە
کە هەر ئەڵێی
شۆڕەژنێکە کراس سەوز
ڕاکشاوە.
بالیفی ژێر سەری کەژە و
قاچی سپیش لە بسفۆڕدا
وەک مەڕمەڕی بەر هەتاوە.
ئەم شارە برۆی پەیوەستی
سەرچاوانی شین و ڕەشی
هەر دوو شۆخی
ئەوروپایە و ئاسیایە
کە ئەیبینی و تێئەپەڕێ:
جارێک قۆڵ ڕووت و کراس کورت
جارێکی دی کراسێکی ئاودامانی
لەبەردایە.
***
وا دوو ڕۆژە چاوی نامۆم
هەر وەکوو دوو کۆترە شینکە
هەتا ئێستا باڵ بەسترابن.
گرێی باڵیانم کردەوە و
ئەوەتا وا دەمێ بۆ سەر
گومەزی شین وخلیسکی
بریقەدار هەڵئەفڕن و
دەمێکی تر قژ و بسکی
«منەوەر»ی ئەستەمووڵی
ئەکەن بە هێلانەی شیعر و
ئارامێکی تێدا ئەگرن.
***
کە بە لای دیواری کۆنی مەڕمەڕینی
مزگەوتێکی کڵاو قووچدا گوزەر ئەکەم
بۆنی کەوا و سەڵتە و، بۆنی
پشتێنەکە و کڵاوەکەی نالی ئەکەم.
کە دەس ئەدەم
لە مۆردی پەرژینی باخێ
دەسم بۆنی ڕیشی ئەگرێ.
کە شەپۆلی سەر هەڵگرتوو،
پەڕەی گوڵی هەڵپچورکاو،
دووکەڵی هەر دووکەڵکێشێ،
کە منداڵانی هەژاری
وەک کارژۆڵەی پەرەوازە
خەوتوو لەبن سێبەری پرد
چەتری پاسدا
بەدی ئەکەم
من بۆن ئەکەم
بۆنی بۆکڕووزی شیعری
ئاوارە بووی «نالی» ئەکەم!!
***
ئیستە بەناو گۆڕستانی «ئوسکۆدار» دا
ئەگەڕێم و چاوم وەکوو هەڵاڵەی سیس
چڵی مل کەوتوو بەلادا
هەڵهێناوەی هەنگاوی خاوی پەستم،
بەناو دارستانی سپیی بەردە کێلدا،
ورد ورد ئەمبا.
گەورەم نالی!
ئەی «نارەوەنە» تەنیاکەی
هەڵکەنراوی خانەقاکەی
سلێمانی!
تۆ لە کوێدا
چڵ و چێوی ڕاکشاوی؟ !
موریدێکی شیعری خۆتم
 هۆرەیەکی «خاک وخۆڵ »تم
هاتووم بۆ لات.
گەورەم نالی !
ئەی «تانجەرۆ»ی سەرگەردان و
«سیروان » ی وێڵ
شارێک گۆڕ و بێشەیەک کێل
لە کام گۆڕدا
تۆ ئێسقانی
ڕاکشاوی؟ !
گۆڕت بزر
بزر وەکوو ساڵ و ڕۆژی
لە دایک بوونی هەزاران
منداڵانی نیشتمانم
بزر وەکوو زۆر قەڵەمی
فڕێنراوی ناو گیرفانی شارەکانم
بزر.. بزر
وەک گۆرانی و دەنگی خۆش و
چریکەکەی «ئەحەی ناسر»
گەورەم نالی!
نەک گۆڕی تۆ
هەتا ئیستەش ئەم دنیایە
زۆری تیایە
زۆری تیایە
کە نازانن کوردستان خۆی
زامی گەورەی لە کوێدایە؟ !
٢
لە گوێ بسفۆڕ هەر دوو دەستم
خستۆتە بەر پشتێنەکەم
خۆم بەتەنیا
وەک دار لیمۆیەکی زەردبووی
سەر پەڕ گرتوو
ڕاوەستاوم
«با» یەک بزێو خێرا خێرا
دێ و هێشتاکە دەستی تەڕە
بۆینباخم ڕائەکێشێ و
قژیش ئەخاتە سەرچاوم.
ئەم بایە گەلێ لاسارە
واز ناهێنێ و ناڕواتەوە،
دێ و دەستی وشک بۆتەوە
دێ و بە بەر چاوی خۆرەوە
توند باڵام ڕائەوەشێنێ و
لیمۆی خەمم دائەڕنێ و
ئەیدا بەدەم بسفۆڕەوە.
***
تاکوێ بڕ کات
«نەورەسە» کەی نزم فڕی
عاشقی ئاو پیا هەڵپرژاو
تاکوێ بڕوات
بەقەڵەمباز، بەنەرمەغار
ئەسپی شەپۆل: یاڵ سپی و بژ، کەفەڵ شینی
جڵەو بەربووی سەربەرەو خوار.
بەدوایاندا
یەکە
یەکە
من خەیاڵم وەکوو هەتاو
ئەیانگاتێ وجێشیان دێڵێ.
یان هەر وەکوو پەڵە هەورێ
ژان بە بارانەوە بگرێ
بەسەریاندا دێت وئەڕوا
ئەڕوات و دێ
تا ئەو ئەزێ و
تا ئەوان تاقەتیان ئەچێ.
یان ناو بە ناو
هەر سێبەریان بۆ ئەکات و
وەڕس نابێ و
بەدیاریانەوە ئەوەستێ.
وەکوو شاعیر بە دیار وشەوە
زەوی بە دیار پرووشەوە
چرا بە دیار
عاشقێکی بێدارەوە
هەژاران بەدیار کارەوە
منیش ئیستا
هەنگێکم و شیلەی لێوی
ئەم بسفۆڕە باڵی گرتووم
هەرچەند ئەمەوێ هەڵفڕم
هەڵنافڕم و هەتا ئیستە
لە جێگەی خۆم
هیچ نەبزووتووم !
***
لەگوێ بسفۆڕ دانیشتووم و
قۆڵی کراس هەتا ئانیشک
پانتۆڵ تا ئەژنۆ هەڵکراو
هەردوو قاچم
خستۆتە ناو
ئاوی تەنکاو
ئیستە لە «تیترواسک» ئەچم!
تیترواسکێ نامۆ و بێجووت
چەند ڕۆژێکە
هەرخۆی و خۆی
بە سێبەری کەنارێکی دەس تەزیوا
بە هەتاوی بەستێنێکی
ئارەقی لاجانگ نەسڕیوا
هەرخۆی وخۆی نامۆو بێجووت
بەسەر ڕۆخی داوێن تەڕا
نزم.. نزم، بەقەد باڵای
خەمی نەمام
هەڵئەفڕێت و ئینجا بەرز
لەناو تەمی
نیوە داپۆشیوی شاخا
ون ئەبێت و لە دواییدا
هەرخۆی و خۆی نامۆ و بێجووت
ئەگاتە لای بەفری نووستووی
سەر هەڵەمووت...
***
لەگوێ بسفۆڕ ڕاکشاوم
هەردوو دەستم لەژێر سەردا
ئیستە ئەڵێی هێرۆیەکی
سەرلق سپیم
لە دوورەوە ئاو هێناومی و
ئاو لایداوم.
وەکوو هێلکە شەیتانۆکەی سەر لم
چاوم نووقاو.
وەک شۆڕەبی دانەویی
گوێ گرتوو لەگۆرانیی ئاو
گوێم گرتووە:
ئەڵێی هاژە ناوم دێنێ
کەنار لایلایەم بۆ ئەکا
گەرداوی دوور بانگم ئەکا.
سەر هەڵئەبڕم
تۆزێکی تر هەڵئەسم و بەم ڕۆخەدا
ڕێگەی ئاونگاویی ئەگرم.
ئەڕۆم هەورازی سەر بەگوڵ
دەشتی قژ زەرد
گردۆڵکەی هەردی ڕووت و قووت
هەمووی ئەبڕم
ئەڕۆم.. ئەچم
لە کۆڵکێشی پاپۆڕەکان
لە بێکاری بەندەرەکان
پرسیار ئەکەم.
ئەڕۆم «شەفیقی تۆڕنەچی » ئەبینمەوە
لێی ئەپرسم،
تا بەلەمە سەوڵ سوورە
چاوشینەکەی «نازم حیکمەت»
ئەدۆزمەوە وسواری ئەبم.
ئەوسا ئیتر هەردوو سەوڵم
ئەبن بە دوو باڵی درێژ
ئەمبەنە لای شەپۆلی دوور
ئەمبەنە لای ئەو گەرداوەی
بانگی کردم
ئەمبەنە لای ماسیگرێ
کە هەر وەکوو خۆم تەنیایە
بەڵام ئاواتی چاو سەوزی
وەکوو بسفۆڕ لە دڵیایە

پەراوێز edit