ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
١
ئەوا ئێستەیش
گەیشتینە بەردەمی سۆفیای سەوز
کە هەر وەکوو سنەوبەری تیتک تەڕی دوای باران
خاوێن.. خاوێن، لەش برۆنزی، بریقەی دێ و
لەو دوورەوە زەردەی بزە
ئەدا لە دەم وچاومان.
***
لە پەنجەرەی واگۆنەوە سەر و ملی دەرهاتووم
ئەڵێی هێشووی بەردەمی ڕەشەبایە
هەر دوو چاوم نیوە نووقاو ئاو تێزاو
دنیا ئەفڕێ و کەم خایەنە ئەم پەلەی تەماشایە.
***
لە جۆلانەی ناو بالقۆنی سەر نهۆمی بەرزەوە
وەکوو لەشم خەیاڵم ڕائەژەنم..
بۆ بەرەو خوار، بۆ بەرەو ژوور ڕوانینم
دێت و ئەچێ و
ئەوەی خەڵکی نایبینێ من ئەیبینم.
***
کچ بە چەپک زەرد و سوور
شەقامەکان گوڵدانن
ئەوە بۆیە ئەمجارەیان شیعری سپی هاوینەم
بۆن خۆشترین عەتری وشەی
گوڵزاری ناو دیوانن!
***
ئەی کچانی لەش کەروێشکیی نەرم و نۆڵ!
لەبەر هەتاو پێستی شان و لامل تانیوەی قۆڵ
وەکوو ڕەنگی قەیسی گەییو لێ هاتوو
من ئەمزانی ئێوە کوشتەی
تیشکی خۆری بەتاون،
بۆیە منیش هەتاوی سووری هەڵبەستی
خۆرهەڵاتیم لە چاودا بۆ هێناون.
ئەی کچانی پۆشاک سادەی نێو باخچە!
من بۆ پووزی خڕ و قەڵەو، لەرەی مەمک وگوڵمە گۆشتی بەرچەنە
بۆ پیرۆزەی چاوی شین و زەردەخەنەی بەشنە
بۆ پل و پێی پچکۆلانە و سەری پەنجەی وەک گێلاس
بۆ گەردنی یەک قولانجی و لووتی قنجی یۆنانی
شاعیرێکم شیعری کێویی بۆنکەرم
بۆ کوێ بڕۆن من لەو شوێنە ئامادە و
جارێ سێبەر، جارێ سروە و
هەندێ جاریش پەیکەرم.
***
ئەی سۆفیای قشتیلانەی هەمیشە ڕەنگ حەمامی
پەساپۆرتم پۆلیسەکەی بەرباخەڵ
ئەڵێ ئەبێ بەجێت بێڵم، بڕۆم بۆ ڕۆژی دوایی.
ئەوا ئێستەیش ئەی سۆفیای ڕۆح شیرین
با پێش ئەوەی هەر دوو دەستی دۆعا خوازیم هەڵبڕم
ڕوو بکەمە ئارامگاکەی «دیمترۆف»
تا لەوێدا منیش وەکوو هەزاران
خەڵکی دنیای ئازادیخواز ڕیز بگرم.
٢
وەک کشتەکی هەزار موورووی ڕەنگاوڕەنگ
چەتری سەر سەر لەبەر هەتاو
ڕیز بەستووە و کشاوە
ڕوەو دواماڵ، جێ نزرگەی دیمترۆف
هەنگاو وردە، بەوچانە و وەستان زۆر
مەگەر کۆکە یان پژمینێکی ناوەخت
بیشڵەقێنێ گۆمی مەکسی
ئاپوورەی خەڵکی بەر خۆر!
***
پاسەوانی قۆزی بەردەم ئارامگا
دەس لەسەر چەک هەر ئەڵێی بووە بە بەرد
ترووکەی چاو، بزاوتنێکی نیگا
مشەمشێ، هەناسەیەک، لەرزینێ
نابیسی و بەدی ناکەی
چەند بوەستێ و چەند بڕوانی و سەیرکەی!
گۆشت و خوێنە؟ یان مۆمیای بێ گیانە
دوا ڕۆیشتنیش ئەم دوو شتە
لە لات جێگەی گومانە!
***
کە سەر ئەکەی بە ڕاڕەوی
نیوە ڕووناکی نزما
وەکوو خەو بێ ترسێک گیانت دائەگرێ
ڕیزی باریک هەتاکوو زیاتر بتبا
هەیبەتی شوێن، قوببەی بەسام، ڕێی مەڕمەڕ
مەشخەڵی سەر گاردی وەستاو لە سووچدا
خورپە خورپی سەعاتی دڵ خێرا تر، گورجتر ئەکا!
***
هەر خولێک و بە لای چەپا سەر سووڕا
لەسەر چرپای ناو شووشەبەند
«دیمترۆف» لەسەر پشت ڕاکشاوە
چەپکە گوڵ لەژوور سەرا
هەتا سەرسنگ داپۆشراو
دەستێکی دەرهێناوە
ئەڵێی بۆ سەر خەوێکە و ئێستە چاوی لێک ناوە!
***
ئەی پڵنگی سوور و سپی ڕاکشاو!
بە پەیژەی دەنگی تۆدا
بولگاریا سەرکەوتە
سەر دوا پلە و دەستیشی
گەییە مانگی ئازادی
ئەی گۆرانیی هەژاران!
هەر بە ڕاکشانەوە
تۆی ڕووباری بەهاژە
ڕۆژ نییە لێرەو لەوێ
هەزاران هەزار شەپۆل
هەڵنەسێنیتە سەر پێ!

پەراوێز edit