ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
مناڵینە!
شەوێک گوێم لێ بوو بە چرپە،
بەفر
بەتریفەی ئەوت :
گیانە چرای
چاوەکانت
زیاتر هەڵکە!
گەر تۆ نەبی
هەور ئەمهێنێتە گریان
هەور دەرکە
کراسی پوولەکەی کلووی من لەبەر کە
با ئەستێرەی نیگاکانی «خاتوو زین»ی
بەر پەنجەرە
لێم زیز نەبێ
خەوی ڕەنگاو ڕەنگ لەباخی
خەیاڵەکەی «کاکە مەم» دا
بەهەناسەی
هەڵوەرینی
پایز نەبێ!
***
مناڵینە!
بەیانییەک بینیم گوڵێ
قژی لەبەر
ئاوێنەی وردە شەپۆلی
جۆگەیەکدا دائەهێنێ
گوێم گرت ئەڵێ :
ئاوی ژینم!
گۆنەم ئاڵ کە
گەردنم پڕ
خەت و خاڵ کە
گەڵای پرچم بهۆنەوە
ئەزانی بۆ؟
تا پەڕەم شەوق باتەوە.
با پەپوولەی یار نەتۆرێ و
بەناکامی بڕواتەوە!
گەر تۆ نەبی
دڕک زۆرم بۆ ئەهێنێ
بەپەنجەی ڕق
ئەموەرێنێ!
***
مناڵینە!
نیوەڕۆیەک سەرنجم دا
وا کێڵگەیەک
بەدەنگی بەرز «تۆو» بانگ ئەکا
ئەڵێ وەرە و لەناو دڵی
شەقار شەقارما سەوز بە
ئەڵێ وەرەو لە برینما سەردەربێنە
بەڵام هەر بە مەرجێ: دوایی
لەباوەشتا
کامەرانیم
بۆ بهێنە!
***
مناڵینە! ئێوارە بوو،
بەفر و تریفە پێکەوە
گەیشتنە لام
ئێوارە بوو
گوڵ و شەپۆل و پەپوولە
تۆو و کێڵگە
هاتنە قسە
وتیان ئێمە وا دووبەدوو
کەوتینە ڕوو
تۆ ئەڵێی چی؟ !
وتم : بۆ ئەوەی کە بەفر
جوانتر بێ لەوەی کە هەیە
تریفە زۆر دڵگیرتر بێ
پەپوولە زۆر ئێسک سووکتر
تۆوی کێڵگە
زیاد بەپیتتر
بۆ ئەوەی من
یەکە
یەکە
زیاتر.. زیاتر
زۆرتر.. زۆرتر
خۆشم بوێن و لە ژووری شیعرەکانما
بتانکەم بە میوانی خۆم
بتاندەم لە بەرۆکی وشەی نازداری
ژیانی خۆم
بەئێجگاری
پەسەندتان کەم
هەر کاتێ بێ
منداڵانی ئەم دنیایە و
منداڵانی وڵاتەکەم
هەرگیز چاویان
لە شەقەی باڵی کۆترەکەی
ئاشتی نەبڕێ،
سەربەست بن و
پێکەنینیان درەختێ بێ
هێشوی چاوی بێ گریان و
میوەی ڕەزی خۆزگە بگرێ.
مناڵینە!
نەکەن بڕۆن!
لەگەڵما بن
هەرکاتێ ئێوە دێن بۆلام
منیش شیعری
ڕەنگاوڕەنگی
وەکوو خەوی
ئێوەم بۆ دێ!

پەراوێز edit