ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
هەناسەدان لەناو سنگی وڵاتێکدا
کە سییەکانی بە بارووت داگرنەوە!
چی بەسەر دێ؟ !
- ئەمە ڕاهێنانی مەرگە، کاتێ کە خاک
ژان بە دووانەی
شەوی بوومەلەرزە و بورکانەوە ئەگرێ!
- هەناسەی تۆم کە هەڵمژی
نمەی بارانی بینینم
ڕژانە سەر
گۆنەی پایزێ و سەوز بووم.
هەناسەدان لەناو سنگی وڵاتێکدا
کە سییەکانی بەبارووت داگرنەوە
ڕاهێنانی مەرگە ودەستەمۆکردنی بەوری ترسە
لە بێشەڵانی ئاگردا.
هەناسەدان لە نیشتمانی دووکەڵدا
گەش کردنەوەی پشکۆکانی
ژێر ئێسکێکە
هەڵقرچانی:
بانگ کردنە لە باڕەشێ
چنگی لوورەی بخاتە ناو
بەستەڵەکی مێژووەوە
لافاوی نووستوو هەستێنێ!
- هەناسەتم کە هەڵمژی
ڕەنگم بوو بە دەنگی هەڵۆ و
 لەناو هەوارا دایچەقانم
ڕەنگم لە دەنگتا گرتەوە
بیرکەرەوە: لەو گەشتانەی، لەو سەفەرە درێژانەی
کردمان و نەگەڕاینەوە..
ماڵ ئاوا بێ! گریان لەناو
دەربەندەکاندا بەستوێتی!
ماڵ ئاوا بێ! دایکم ئەڕوانێتە مەرگم
بەر لەوەی هێشتا مردبم
ماڵ ئاوابێ! هاتی و برسێتیت هێناوە بەپیرمەوە
ماچم کردی و ماچت کردم
- لەم ناوەدا
دۆزەخ لە بەهەشت چووز ئەکرێ!
لەم ناوەدا پرۆژەکان لە - خوێن - ەوە
وزەی ڕووناکی وەرئەگرن.
کامە شەهید پرسیوێتی
ئەو چەقۆیە سەرم ئەبڕێ؟ !
کام قوربانی هات و وتی:
مەرجی مردنم بۆ دانێن!
لەم ناوەدا، هۆزی مەرگ هەڵبژاردن، جێنیشتەیە.
لەم ناوەدا تەنها بەفر فریشتەیە.
هەناسەدان لەناو سنگی وڵاتێکدا
کە سییەکانی بە بارووت داگرنەوە
خۆر چی لێدێ؟
ئەمە وەرزی
پەڕینەوەی تیشکە بەسەر شوورەی هەموو نێزەکاندا و
گرتنە باوەشی لووتکەیە.
پەڕینەوەی برسێتییە.
گوێ بگرن! نان لەناو خەوا هاوار ئەکا و
هەژارەکان هەڵئەسێنێ.
مەیگۆڕنەوە! ئێوە هاتوون دەم و چاوتان
لە کفن دزە کۆنەکان بسەننەوە
مەیگۆڕنەوە! ئێوە هاتوون گۆڕی دنیای
تاوانەکان یەکە.. یەکە هەڵبەنەوە.

- 2-
لە«بیافرا » ی ناو «سینا »دا
کە دەسکەنەی قژیان کردی
هەرچی دڵداری دنیایە
بێ قژ بینیم.
ئەی دڵدارە بێ قژەکان
قژی خۆتان ئەوێتەوە؟ !
یان بارۆکەی دەڵالەکان لەسەر ئەکەن؟ !
یان سەرتاشخانەی سۆزانیی ژێردەواری
سفر تاشی
«101»ی ئەم جیهانە
لەبیرئەکەن؟ !

پەراوێز edit