ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
لە بیرمە زۆر جار کە بەفر
وەک میوانی درەنگ وەخت
ئەهات و سووک
ئەیدا لە شووشەی
پەنجەرەی شیعرەکانم
بانگی ئەکرد :
«بیکەرەوە !
لە دوورڕا هاتووم و دیاریم
بەرچنە وشەی نەوازەی
ڕەزێکن قەت
دەنووکی کەو لێی نەداون!»
لە بیرمە کە بەرچنەکەم وەرئەگرت و
ئەمخستە سەر ڕەفەی چاوم
ئەویش ئەیوت :
«ئەمێنمەوە لەبەر دەمتا ڕائەوەستم
هەتا نیگام ئەخەمە ناو نیگاتەوە»
- ئەی کاڵێ گیان!
هەرگیز لە بەفری میوانیی
درەنگ وەختی نازداری تۆ
من تێر نابم!
ئەی کاڵێ گیان!
وەرە و لەگەڵ
دەستی خۆتا بەفر بێنە
من حەز ئەکەم گەر تواشمەوە
لەگەڵ بەفرا بتوێمەوە
ئەی کاڵێ گیان!

پەراوێز edit