شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: ڕەنگاڵە / دەفتەری گەشت و خۆشەویستی سەرناو: کاڵێ لە بیرمە زۆر جار کە بەفروەک میوانی درەنگ وەخت ئەهات و سووک ئەیدا لە شووشەی پەنجەرەی شیعرەکانم بانگی ئەکرد : «بیکەرەوە ! لە دوورڕا هاتووم و دیاریم بەرچنە وشەی نەوازەی ڕەزێکن قەت دەنووکی کەو لێی نەداون!» لە بیرمە کە بەرچنەکەم وەرئەگرت و ئەمخستە سەر ڕەفەی چاوم ئەویش ئەیوت : «ئەمێنمەوە لەبەر دەمتا ڕائەوەستم هەتا نیگام ئەخەمە ناو نیگاتەوە» - ئەی کاڵێ گیان! هەرگیز لە بەفری میوانیی درەنگ وەختی نازداری تۆ من تێر نابم! ئەی کاڵێ گیان! وەرە و لەگەڵ دەستی خۆتا بەفر بێنە من حەز ئەکەم گەر تواشمەوە لەگەڵ بەفرا بتوێمەوە ئەی کاڵێ گیان! ++++++++++++++++++++++