ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
یەکشەممەیە..
جادەکانی ڕوو لە باخی «هیرۆ سترۆ »
جووت جووت دڵدار هەڵئەفڕێنن
بۆ ئاهەنگی دوای نیوەڕۆ.
«هیرۆ سترۆ»ی شاژنی گشت
باخچەکانی نێو «بۆخارست»
لە چوار لاوە
دەرگای سەوزی میوانداری
وا لەسەر پشت.
دارستانی سنەوبەری
نیوە هەتاو
نیوە سێبەر.
شەوقانەوەی فوارەی ئاوی
بەر تیشکی خۆر
چیمەنی تەڕ.
دەنگی باندی مۆسیقایەک
شەپۆلی «با» ڕایئەژەنێ،
جارێک وەکوو بگری وایە و
جارێکی تر پێئەکەنێ،
تەزووی فێنک
بە دەروون و گیاندا دێنن
ئەتدەنە دەم خۆزگەی فڕین
باڵ پێ گرتن.
بەسەر شەقامی بەردڕێژدا
جێ.. جێ.. تەڕی باراناویی
هێدی.. هێدی وا ئەڕۆم و
ڕووم کردۆتە گۆمی چاوی.
هەڵڕوانینی ڕۆژهەڵاتیم بۆ دەور و پشت
هەنگاوی خاو
ئاوڕی زۆر، حەپەسان و
شان لە شان دان
ئێستی ناکاو!
- ئەی فریشتەی بوخارستی
ببوورە لێم
یەکەم جارە
کەوی عومرم
خۆی لە قەفەز دەرباز بکا و
ئازاد بفڕم.
لەم گەشتەدا چاوی برسیم
لە چەند شۆخی نازدار ببڕم؟ !
بە کامێرام لێرە و لەوێ
چەند دیمەنی شیرین بگرم؟ !
هەر ئەڕۆم و «هیرۆ سترۆ»
قۆڵی شیعری لە قۆڵمایە
هەر ئەڕۆم و بۆنی کچ و
شەقامی گوڵ دوایی نایە.
لەم پێچەدا پەیکەرەکەی
سەری «گۆرکی » ئەموەستێنێ
وا شەماڵێک بۆنی بزەی
سمێڵی ئەو بۆ من دێنێ.
لەو پێچەیشدا «مایکۆفسکی»
تەوێڵ پانی، قژ ئاڵۆزکاو
لەسەر سەکۆی کۆنکرێتیی
ڕاوەستاوە
ڕوو لە هەتاو.
لە ناوەندا «ئیمنیسکی»
دەستی چەپی بۆ هەوارێ
ڕاکێشاوە
کە سەربەستیی
ڕەشماڵی خۆی تیا هەڵداوە.
ئیمینیسکی!
ئەی لووتکەکەی
مانگی شیعر لە سەر کردوو.
ئەی بە خۆڵی ڕۆمانیا
چاوی وشە و بەهرە ڕشتوو.
با بەر لەوەی تێپەڕم و
«هیرۆ سترۆ » بەجێ بێڵم
سەری شیعری بچووکی خۆم
لەبەر دەمتا دانەوێنم.

پەراوێز edit