ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
1.
چیرۆکی پیاوێ
فەرش چنێ
هەتاکوو مرد
فەرشی چنی و گوڵی چنی.
بەڵام ئاکام:
نە فەرشێکی هەبوو بۆ خۆی
نە کەسێکیش
گوڵێکی خستە سەر قەبری!
2.
سواڵ
لەبەر قاپیی کتێبدا من
هەموو ڕۆژێ
سواڵکەرێکم
بۆ وشەیەک و دووان و سێ
سواڵکەرێکم بەردەرگانەی
ئەم پرشنگانە بەرنادەم
هەژارێکم
خێری ڕووناکی و بیری نوی
هەتا مردن
بە من ئەشێ!
3.
ئارامی
لەوێ زەمین زۆر ئارامە.
لەوێ هەوا زۆر ئارامە.
لەوێ هەتاو زۆر ئارامە
لەوێ هەور زۆر ئارامە
بۆیە نە گڵ ژان ئەیگرێ و
نە گەواڵە هەور ئەزێ و
نە بەستەڵەک ئەتوێتەوە و
نە شیعریش ئەتەقێتەوە!
4.
ئەفسەرێکی ئاسایی!
کە یەکەم ئەستێرەی وەرگرت
ئەستێرەیەکی کوشتبوو.
کە بوون بە دووان،
هەردوو دەستی بوون بە پەتی سێدارەکان
کە بوون بە سیان و بە تاج و بەرەو ژوورتر
بەیانییەک
وەختێ مێژوو لە خەو هەستا
وڵات بووبوو بە وڵاتی بێوەژنان!
5.
بەهرە
ئەی خواوەندی بەهرەی گەورە!
تۆ «بیتهۆڤن»ێکی کەڕ و
یەک «دستۆیفسکی» فێدار و
«ئەبولعەلا»یەکی کوێرم
پێببەخشە و
ئیتر هەموو بەهرە ساغە نیوە ناچڵ و گچکەکان
بۆ دیوانی خۆت ببەوە! .
6.
ڕوانین
لەو کەلەوە
جوانوویەکی سپی دەرکەوت
لە شاخ زا یان
لە بەفر و یان لە کازیوە؟
من نەمزانی.
لەوکەلەوە
هەڵۆیەکی سوور هەڵفڕی
لە ئاگر زا یان لە خوێنی خۆرنشین یان
لە نیشتمانی هەڵاڵە؟
من نەمزانی
لەو کەلەوە
باڵای نیوەسپی و نیوە ئەرخەوانیی
دوکتۆر «قاسملوو» بەدەرکەوت
ئەوەی زانیم:
ئەو لە بەفر و
ئەو لە خوێن و
ئەو لە شاخ زا
ئەوەی زانیم! .
7.
ئەوینت
لە جیاتی چاوت دوو گوڵی
بە جریوەی ڕەشم بینی.
لە جیاتی باڵات – پرشنگێ.
لە جیاتی دەمت –زنەیەک.
لە جیاتی قژت – گزنگێ
لە جیاتی دەنگت – چرپەی ئاو.
لە جیاتی بۆنت – بۆنی خاک
لە جیاتی ڕەنگت – خەونێکی
سەوزم بینی
بەڵام لە جیاتی ئەوینت
من هیچ شتێکم نەبینی! .
8.
مەرج
لە هەڵبژاردنی یاردا
شیعر گوێ ناداتە تەمەن
عومری «ڕامبۆ»ی هەبێ یاخود
عومری «دانتی»
شووی پێئەکا!
بەڵام بۆ خۆی
شیعر ئەو جوانە ژنەیە
یەک مەرجی ئەزەلیی هەیە و
زەمان - زەمان
هەر دووبارەی ئەکاتەوە:
کامە قەڵەم
پیری ناکا و
لە بیر جوانیی ناباتەوە؟ !
9.
یادداشت
کاتی یادداشت نووسینەوەم
خەریکە نزیک بێتەوە
وەختی گێڕانەوەی خەون و پەندەکانم
کاتی خۆ بەدەستەوەدانی نەهێنی و
گشت گوناهە جوانەکانم.
کاتی یادداشت نووسینەوەم خەریکە نزیک بێتەوە
ئای خودایە! چەند ستەمە
بۆ قەڵەمێ
بەرەو دوا بگەڕێتەوە و
لە بەرایی بەردەمیشدا
ئەوەی مابێ
ڕێگایەکی تەماوی بێ
بەرە و مردن!
10.
فڕۆکە
فڕۆکەکە لە ئاسماندا خولی ئەخوارد
لە خەیاڵی منداڵێکدا
وەکوو یاریی لەگەڵ «با»دا بکا وابوو
وەکوو گاڵتە لەگەڵ هەورا بکا وابوو
بەڵام-
فڕۆکەکە یاریی نەکرد
کە دانەویی و هەستایەوە:
هەبوو - نەبوو
شارێک بوو مرد!
11.
کراس
ئەو تەمە سوورە کراسی ئاو دامانە و
بۆ فرۆشتن
بە جامخانەی ئەو شاخەوە هەڵواسراوە
تۆزێکی تر
بالیسانێ، سێوسێنانێ، وەسانانێ
یەکێکیان هەر پەیدا ئەبێ
دەستی لەرزۆک بە گیرفانی برینی قوڵدا بگێڕێ و
بە دوو هەزار گەڵا ئاخ و -
یان تۆ بڵێ:
بە سێ هەزار کسپەی تەڕ تەڕ
کراس بکڕێ و
هەر لێرەدا و بەدەم ڕێوە بیکاتە بەر! .
12.
ئەلیزابیت وای وت
پەردەیەک هەیە لە نێوان
من و تۆدا
نە لە بەرد دروست کراوە و
نە لە خشت دروست کراوە و
نە لە قوماش
نە لە ئاسن.
پەردەیەکە ئێجگار تەنک
بەڵام نە بە دەست ئەبڕدرێ و
نە بە پاچ و
نە بە گوللە
پەردەی نێوان دوو ئاوەزە
کە سەدان ساڵ دوورن لەیەک!
13.
پێکەنین
گزنگ ئەیدا لە ڕووبارێ
بەستێن وتی: لەم پێکەنینە جوانترم
قەت نەدیوە.
زەردە ئەیدا لە باخچەیەک
مەلیش وتی: لەم پێکەنینە جوانترم
قەت نەدیوە.
تریفە دای لە بەفری سەر هەڵەمووتێ
شاخیش وتی: لەم پێکەنینە جوانترم
قەت نەدیوە
کە شیعریشم دای لە شەوی
ئەوچاوانە
ژیان وتی:
لە گشت پێکەنینێ جوانتر
پێکەنینی دڵدارانە! .
14.
نوور
ئەوەندە تەماشای نوورم کرد
چاوانم نوور بردی
نووری تۆ چارشێو بوو، پەردەبوو
لەمپەر بوو
نەی ئەهێشت ڕۆچم و
قوڵایی نەهێنیت ببینم
من ئێستا بە ڕووکەش کوێرێکم
وا دەستم ئەگیرێ و
وەکی تر
بە چاوی «باگینم»
لە جاران جوانتر و چڕتر و
قوڵترت ئەبینم!

پەراوێز edit