شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: چواردە چرا 1. چیرۆکی پیاوێ فەرش چنێ هەتاکوو مرد فەرشی چنی و گوڵی چنی. بەڵام ئاکام: نە فەرشێکی هەبوو بۆ خۆی نە کەسێکیش گوڵێکی خستە سەر قەبری! 2. سواڵ لەبەر قاپیی کتێبدا من هەموو ڕۆژێ سواڵکەرێکم بۆ وشەیەک و دووان و سێ سواڵکەرێکم بەردەرگانەی ئەم پرشنگانە بەرنادەم هەژارێکم خێری ڕووناکی و بیری نوی هەتا مردن بە من ئەشێ! 3. ئارامی لەوێ زەمین زۆر ئارامە. لەوێ هەوا زۆر ئارامە. لەوێ هەتاو زۆر ئارامە لەوێ هەور زۆر ئارامە بۆیە نە گڵ ژان ئەیگرێ و نە گەواڵە هەور ئەزێ و نە بەستەڵەک ئەتوێتەوە و نە شیعریش ئەتەقێتەوە! 4. ئەفسەرێکی ئاسایی! کە یەکەم ئەستێرەی وەرگرت ئەستێرەیەکی کوشتبوو. کە بوون بە دووان، هەردوو دەستی بوون بە پەتی سێدارەکان کە بوون بە سیان و بە تاج و بەرەو ژوورتر بەیانییەک وەختێ مێژوو لە خەو هەستا وڵات بووبوو بە وڵاتی بێوەژنان! 5. بەهرە ئەی خواوەندی بەهرەی گەورە! تۆ «بیتهۆڤن»ێکی کەڕ و یەک «دستۆیفسکی» فێدار و «ئەبولعەلا»یەکی کوێرم پێببەخشە و ئیتر هەموو بەهرە ساغە نیوە ناچڵ و گچکەکان بۆ دیوانی خۆت ببەوە! . 6. ڕوانین لەو کەلەوە جوانوویەکی سپی دەرکەوت لە شاخ زا یان لە بەفر و یان لە کازیوە؟ من نەمزانی. لەوکەلەوە هەڵۆیەکی سوور هەڵفڕی لە ئاگر زا یان لە خوێنی خۆرنشین یان لە نیشتمانی هەڵاڵە؟ من نەمزانی لەو کەلەوە باڵای نیوەسپی و نیوە ئەرخەوانیی دوکتۆر «قاسملوو» بەدەرکەوت ئەوەی زانیم: ئەو لە بەفر و ئەو لە خوێن و ئەو لە شاخ زا ئەوەی زانیم! . 7. ئەوینت لە جیاتی چاوت دوو گوڵی بە جریوەی ڕەشم بینی. لە جیاتی باڵات – پرشنگێ. لە جیاتی دەمت –زنەیەک. لە جیاتی قژت – گزنگێ لە جیاتی دەنگت – چرپەی ئاو. لە جیاتی بۆنت – بۆنی خاک لە جیاتی ڕەنگت – خەونێکی سەوزم بینی بەڵام لە جیاتی ئەوینت من هیچ شتێکم نەبینی! . 8. مەرج لە هەڵبژاردنی یاردا شیعر گوێ ناداتە تەمەن عومری «ڕامبۆ»ی هەبێ یاخود عومری «دانتی» شووی پێئەکا! بەڵام بۆ خۆی شیعر ئەو جوانە ژنەیە یەک مەرجی ئەزەلیی هەیە و زەمان - زەمان هەر دووبارەی ئەکاتەوە: کامە قەڵەم پیری ناکا و لە بیر جوانیی ناباتەوە؟ ! 9. یادداشت کاتی یادداشت نووسینەوەم خەریکە نزیک بێتەوە وەختی گێڕانەوەی خەون و پەندەکانم کاتی خۆ بەدەستەوەدانی نەهێنی و گشت گوناهە جوانەکانم. کاتی یادداشت نووسینەوەم خەریکە نزیک بێتەوە ئای خودایە! چەند ستەمە بۆ قەڵەمێ بەرەو دوا بگەڕێتەوە و لە بەرایی بەردەمیشدا ئەوەی مابێ ڕێگایەکی تەماوی بێ بەرە و مردن! 10. فڕۆکە فڕۆکەکە لە ئاسماندا خولی ئەخوارد لە خەیاڵی منداڵێکدا وەکوو یاریی لەگەڵ «با»دا بکا وابوو وەکوو گاڵتە لەگەڵ هەورا بکا وابوو بەڵام- فڕۆکەکە یاریی نەکرد کە دانەویی و هەستایەوە: هەبوو - نەبوو شارێک بوو مرد! 11. کراس ئەو تەمە سوورە کراسی ئاو دامانە و بۆ فرۆشتن بە جامخانەی ئەو شاخەوە هەڵواسراوە تۆزێکی تر بالیسانێ، سێوسێنانێ، وەسانانێ یەکێکیان هەر پەیدا ئەبێ دەستی لەرزۆک بە گیرفانی برینی قوڵدا بگێڕێ و بە دوو هەزار گەڵا ئاخ و - یان تۆ بڵێ: بە سێ هەزار کسپەی تەڕ تەڕ کراس بکڕێ و هەر لێرەدا و بەدەم ڕێوە بیکاتە بەر! . 12. ئەلیزابیت وای وت پەردەیەک هەیە لە نێوان من و تۆدا نە لە بەرد دروست کراوە و نە لە خشت دروست کراوە و نە لە قوماش نە لە ئاسن. پەردەیەکە ئێجگار تەنک بەڵام نە بە دەست ئەبڕدرێ و نە بە پاچ و نە بە گوللە پەردەی نێوان دوو ئاوەزە کە سەدان ساڵ دوورن لەیەک! 13. پێکەنین گزنگ ئەیدا لە ڕووبارێ بەستێن وتی: لەم پێکەنینە جوانترم قەت نەدیوە. زەردە ئەیدا لە باخچەیەک مەلیش وتی: لەم پێکەنینە جوانترم قەت نەدیوە. تریفە دای لە بەفری سەر هەڵەمووتێ شاخیش وتی: لەم پێکەنینە جوانترم قەت نەدیوە کە شیعریشم دای لە شەوی ئەوچاوانە ژیان وتی: لە گشت پێکەنینێ جوانتر پێکەنینی دڵدارانە! . 14. نوور ئەوەندە تەماشای نوورم کرد چاوانم نوور بردی نووری تۆ چارشێو بوو، پەردەبوو لەمپەر بوو نەی ئەهێشت ڕۆچم و قوڵایی نەهێنیت ببینم من ئێستا بە ڕووکەش کوێرێکم وا دەستم ئەگیرێ و وەکی تر بە چاوی «باگینم» لە جاران جوانتر و چڕتر و قوڵترت ئەبینم! ++++++++++++++++++++++