ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
قەت بە پاییز نەڵێن لە کوێم
ئەگەر بە جێگەم بزانێ
گەردەلوولم ئەکاتە سەر
دێت و هەرچی خەمی جوانمە
دێت و هەرچی ئازاری چاو ڕەشمە
ئەیفڕێنێ..
لە دواییشدا.. منی عاشق
چۆن بەبێ ژان ببارێم و
تەڕتان بکەم تا سەر ئێسقان!
قەت بە زەریایش نەڵێن لە کوێم
ئەگەر بە جێگەم بزانێ
ئێرەیی ئەکاتە سەرم و
دێت و بە زۆر، سیحری ڕەنگی
چاوانی ئەو کچە شۆخەم لێ ئەسێنێ
لە دواییشدا.. منی شاعیر
چۆن بێ سیحری ئەو چاوانە
چۆن بێ قووڵیی ئەو چاوانە
شیعر ببێتە ئاسمانم؟ !
شیعر ببێتە ئەو گڕەی
ئەو دۆزەخەی
درێژە بات
بە سووتان و هەڵقرچانم؟ !

پەراوێز edit