شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: نەهێنیی قەت بە پاییز نەڵێن لە کوێمئەگەر بە جێگەم بزانێ گەردەلوولم ئەکاتە سەر دێت و هەرچی خەمی جوانمە دێت و هەرچی ئازاری چاو ڕەشمە ئەیفڕێنێ.. لە دواییشدا.. منی عاشق چۆن بەبێ ژان ببارێم و تەڕتان بکەم تا سەر ئێسقان! قەت بە زەریایش نەڵێن لە کوێم ئەگەر بە جێگەم بزانێ ئێرەیی ئەکاتە سەرم و دێت و بە زۆر، سیحری ڕەنگی چاوانی ئەو کچە شۆخەم لێ ئەسێنێ لە دواییشدا.. منی شاعیر چۆن بێ سیحری ئەو چاوانە چۆن بێ قووڵیی ئەو چاوانە شیعر ببێتە ئاسمانم؟ ! شیعر ببێتە ئەو گڕەی ئەو دۆزەخەی درێژە بات بە سووتان و هەڵقرچانم؟ ! ++++++++++++++++++++++