ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
تەنیاییم نارد بە شوێن شەودا
کە هاتەوە لەگەڵ خۆیدا
باوەشێ خەرمانەی: مانگ و
سێ جریوەی زەردە خەنە و
هەندێ تریفەی ئەوینی
بۆ هێنا بووم.
هەورم نارد بە شوێن شیعردا
کە هاتەوە لەگەڵ خۆیدا
گوڵدانێکی پڕ لە وشە و
ڕستێ بازنی ناوازە و
چەند ئاخێکی ڕەنگاوڕەنگی
بۆ هێنا بووم.
شیعرم نارد بە شوێن ئاواتا
کە هاتەوە لەگەڵ خۆیدا
سێ تاڵ لە قژی ئازادیی و
مزگێنییەکی چاو سەوز و
چەپکێ ماچی
کوردستانێکی بێ (بەعسی)ی
بۆ هێنا بووم!

پەراوێز edit