شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: مزگێنی تەنیاییم نارد بە شوێن شەوداکە هاتەوە لەگەڵ خۆیدا باوەشێ خەرمانەی: مانگ و سێ جریوەی زەردە خەنە و هەندێ تریفەی ئەوینی بۆ هێنا بووم. هەورم نارد بە شوێن شیعردا کە هاتەوە لەگەڵ خۆیدا گوڵدانێکی پڕ لە وشە و ڕستێ بازنی ناوازە و چەند ئاخێکی ڕەنگاوڕەنگی بۆ هێنا بووم. شیعرم نارد بە شوێن ئاواتا کە هاتەوە لەگەڵ خۆیدا سێ تاڵ لە قژی ئازادیی و مزگێنییەکی چاو سەوز و چەپکێ ماچی کوردستانێکی بێ (بەعسی)ی بۆ هێنا بووم! ++++++++++++++++++++++