ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
قەت لەو شەوەی
«ئەشکەوتەکەی داری خلە»
شیعرم تەنیا تر نەبووە.
قەت لەو شەوە
ڕۆحم تاریک تر نەبووە
قەت لەو شەوە
مەرگم بێکەس تر نەبووە.
لەو شەوەدا، کەس. کەس. کەس. کەس
کەسم نەبوو.
لەدە پەنجەی هەردوو دەستما
هەشتیان جاش بوون

برۆم بەسەر چاوانمەوە جاسوس
قاچێکم جەیشی شەعبی بوو.. قاچەکەی تری ئەگرتم
دەستێکم ڕەفیق «حیزبی» بوو،
دەستەکەی تری ئەکوشتم.
قەفی سمێڵم.. نەصیر بوو
شەدەم.. نەصیر موتەقەدیم
گیرفانیشم.. موستەشار بوو
لەو شەوەدا..«با»یش بەعسی بوو
«بەرد» بەعسی بوو
باران بەعسی و
بەفر بەعسی و
دارو دەوەنیش بەعسی بوون
ئەوەی تەنها لەو شەوەدا و لەو شوێنەدا
ڕەگ و ترووسکە و شاگوڵ و پێشمەرگە بوون
حەوت خەونی سەوزی ژێر گڵی
گەرمێنی گیانی ئێمە بوون!

پەراوێز edit