ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
- ئەو پێکەنینی درەختە بۆ کوێ ئەبەی؟
- بۆ لای ئەو مەلە دڵ تەنگە.
- ئەو قەڵەمی برووسکەیە
ئەدەی بە کێ؟
- بەو مێرگە تا: دیوانێکی گوڵەهێرۆی
تازەترمان بۆ بنووسێ.
- ئەی دەفتەری ئەو پەڵە هەورە سپییە؟
- ئەیدەم بە مناڵێکی ئاوارە
هەتا وێنەی دەم و چاوی
کوردستانی تیا بکێشێ.
- ئەی ئەو پەلکە ڕەنگینەیەت
بۆ لەسەرتەوە پێچاوە؟
- ئەچم بۆ شایی ئەو گۆمەی
ئەستێرەیەکی هێناوە.
- ئەی ئەو موستیلەی گزنگە
نیازت وایە بۆ کێی بەری؟
- ئەیکەمە پەنجەی ئەو سەروە شۆخ و شەنگە.
- ئەی ئەو ملوانکەی تەرزەیە؟
- ئەیکەمە گەردنی کفری.
- ئەی ئەو چەتری هەورە نزمە
ئەدەی بە کێ؟
- ئەیدەمە دەس ئەو چنارە کەڵەگەتەی
زۆر دەمێکە لەبەر ئەو خۆرە وەستاوە.
- ئەی ئەو ئاوێنەی هەتاوە؟
- ئەوە ئەیبەم بۆ ئەو ڕەزەی
لە دوای چاوی هەڵەبجەوە
قژی خۆی دانەهێناوە.
- ئەی ئەو هەموو گوڵە ژاڵە و
ڕەشە ڕێحانە و مۆردانە بۆ کوێ ئەبەی؟
- ئەیانخەمە سەر تابووتی ئەو شەهیدە.
- ئەی ئەو هەموو زەردەخەنەی
منداڵانە بۆ کوێ ئەبەی؟
- بۆ بەر بارانی دوا ڕۆژێ
کە خۆشەویستیی زیاتر و
گوڵەبەڕۆژەی زیاتر و
شیعرێ جوانتری تیا بڕوێ.
- ببوورە! ناوی بەڕێزت، بۆ گوێگران:
- من ئازادیم
ئەی تۆ
- شەهیدێکی پەیامنێری
ڕێگەی خۆتان!!

پەراوێز edit