شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: دیدارێکی کورت - ئەو پێکەنینی درەختە بۆ کوێ ئەبەی؟ - بۆ لای ئەو مەلە دڵ تەنگە. - ئەو قەڵەمی برووسکەیە ئەدەی بە کێ؟ - بەو مێرگە تا: دیوانێکی گوڵەهێرۆی تازەترمان بۆ بنووسێ. - ئەی دەفتەری ئەو پەڵە هەورە سپییە؟ - ئەیدەم بە مناڵێکی ئاوارە هەتا وێنەی دەم و چاوی کوردستانی تیا بکێشێ. - ئەی ئەو پەلکە ڕەنگینەیەت بۆ لەسەرتەوە پێچاوە؟ - ئەچم بۆ شایی ئەو گۆمەی ئەستێرەیەکی هێناوە. - ئەی ئەو موستیلەی گزنگە نیازت وایە بۆ کێی بەری؟ - ئەیکەمە پەنجەی ئەو سەروە شۆخ و شەنگە. - ئەی ئەو ملوانکەی تەرزەیە؟ - ئەیکەمە گەردنی کفری. - ئەی ئەو چەتری هەورە نزمە ئەدەی بە کێ؟ - ئەیدەمە دەس ئەو چنارە کەڵەگەتەی زۆر دەمێکە لەبەر ئەو خۆرە وەستاوە. - ئەی ئەو ئاوێنەی هەتاوە؟ - ئەوە ئەیبەم بۆ ئەو ڕەزەی لە دوای چاوی هەڵەبجەوە قژی خۆی دانەهێناوە. - ئەی ئەو هەموو گوڵە ژاڵە و ڕەشە ڕێحانە و مۆردانە بۆ کوێ ئەبەی؟ - ئەیانخەمە سەر تابووتی ئەو شەهیدە. - ئەی ئەو هەموو زەردەخەنەی منداڵانە بۆ کوێ ئەبەی؟ - بۆ بەر بارانی دوا ڕۆژێ کە خۆشەویستیی زیاتر و گوڵەبەڕۆژەی زیاتر و شیعرێ جوانتری تیا بڕوێ. - ببوورە! ناوی بەڕێزت، بۆ گوێگران: - من ئازادیم ئەی تۆ - شەهیدێکی پەیامنێری ڕێگەی خۆتان!! ++++++++++++++++++++++