ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
بەرلە پێنج ساڵ
«گمۆ» ڕیشی نەئەتاشی.
«سیروان» ڕادیۆی ناشناڵی یابانی هەڵنەئەگرت.
ئازادیی جگەرەکێش نەبوو،
هەتا جگەرەی بەغدا بکێشی.
شەقام جامانەی نەئەبەست.
«هەڵۆ» کوا کڵاوی لەسەر ئەکرد.
«توونی بابا» خوێندەواریی نەبوو
تا کتێب بخوێنێتەوە.
کاولاشەکان عەتریان لە خۆیان نەئەدا.
ڕەشەبا کەی جیهازی ڕاکاڵی هەبوو.
بەرد کوا مەتارەی هەڵئەگرت.
ئەستێرە کتلی بۆ چی بوو! .
دەوەن کوا تاکێک گۆرەوی لەپێ ئەکرد.
ئاسک مقەستی بۆچی بوو! .
باران کەوچکی بۆچی بوو! .
هەوریش شیعری بە قەڵەمی پارکەری جاف
نەئەنووسی
بەڵام ئەمانە هەموویان یەکە یەکە
لە دەسکەوتەکانی ئەشکەوتی «داری خلە»
یەکی شتێکیان فڕاند و،
لەو ڕۆژەوە ئیتر گۆڕان!!.

پەراوێز edit