ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
لەسەر تەوقە سەری ئەزمڕ
وەختێ زەردە.
لەو ئاستەدا کە شار وەکوو باخی نارنج
یان ئەستێرکی کەڵە پشکۆ، دەرئەکەوێ! .
لەو ئاستەدا بەردێک هەیە
وەکوو مێژووم تاق و تەنیا.
وەک مەزاری (نەجم الدین)ی کەشتییەکەی نووح
تاقو تەنیا.
بەردێ جێ پەنجەی حەزرەتی نالی و سیمای ئەوی لەسەر
نەخشە
بەردێ وەکو جەستەی شیعری (فایەق بێکەس)
هەمووی ڕێ ڕێ.
بەردێ تەنها چەند مانگێکە
دوا تەڵزمی کۆستێکی نوێ
لە دەستەکانی بۆتەوە و
ئێستە مەرگ و ئێستە شەوو ئێستە خوێنی
لەسەر ئەڕوێ.
بەردێ، بەردێ کە بینیتان لائەدەن و
دەوری ئەگرن
یەکە یەکە یان بە کۆمەڵ ئەچنە سەری و
بۆ یادگار لەگەڵ شاخ و لەگەڵ هەور و
لەگەڵ خەم و لەگەڵ یەکدا
وێنە ئەگرن! ..
بەردێ.. بەردێ
ئازیزینە! خۆم گۆڕیوە خۆ دەرناخەم
من لەسەر دەم پاڵ کەوتووم و
سەرم دێشێ و پشتم دێشێ و
دەنگیش ناکەم
ئەو بەردە
منم
من!

پەراوێز edit