شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: بەرد لەسەر تەوقە سەری ئەزمڕوەختێ زەردە. لەو ئاستەدا کە شار وەکوو باخی نارنج یان ئەستێرکی کەڵە پشکۆ، دەرئەکەوێ! . لەو ئاستەدا بەردێک هەیە وەکوو مێژووم تاق و تەنیا. وەک مەزاری (نەجم الدین)ی کەشتییەکەی نووح تاقو تەنیا. بەردێ جێ پەنجەی حەزرەتی نالی و سیمای ئەوی لەسەر نەخشە بەردێ وەکو جەستەی شیعری (فایەق بێکەس) هەمووی ڕێ ڕێ. بەردێ تەنها چەند مانگێکە دوا تەڵزمی کۆستێکی نوێ لە دەستەکانی بۆتەوە و ئێستە مەرگ و ئێستە شەوو ئێستە خوێنی لەسەر ئەڕوێ. بەردێ، بەردێ کە بینیتان لائەدەن و دەوری ئەگرن یەکە یەکە یان بە کۆمەڵ ئەچنە سەری و بۆ یادگار لەگەڵ شاخ و لەگەڵ هەور و لەگەڵ خەم و لەگەڵ یەکدا وێنە ئەگرن! .. بەردێ.. بەردێ ئازیزینە! خۆم گۆڕیوە خۆ دەرناخەم من لەسەر دەم پاڵ کەوتووم و سەرم دێشێ و پشتم دێشێ و دەنگیش ناکەم ئەو بەردە منم من! ++++++++++++++++++++++