ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس مێرگی زام مێرگی ھەتاو
١٧. ئەسپ و چرا و مانگ
-بابە بۆچی ئەسپەکەی «شێخ»
لە بناردا کەوت و گلا و
نەبوو بە «با» و
بە بروسکەو
سەرنەکەوتە سەر ترۆپکی
پاشەڕۆژ و
شاخی هەتا و؟ !
- کوڕم.. ئینگلیز.. داوی ئینگلیز
ئینگلیز.. خستی
ئینگلیز.. گرتی
ئینگلیز.. کوشتی!
- ئەی بابە بۆ چرای ئاڵای
ناو بەفرانباری مەهاباد
لە تەمەنێکی زۆر کورتدا
کورتتر لە گوڵی دار چوالە و
کورتتر لە خەونی پەپوولە
پرشنگەکانی هەڵوەری و
دڵی وەستا؟ !

- کوڕم! فووی ڕووس
فووی «ستالین» و «سەڵتەنە» و
گۆڕینەوەی خوێنی کوردستان بە نەوت و
مەزاتە گەورەکەی دنیا!
- ئەی بابە ئەم «مانگ»ەی ئێستا
کە لە ئاسۆی خوێنمانەوە بوو بە خەونی
گۆیژە و مەتین وسەفین و
لە ناو سەری مێژوویەکی شەهیدەوە
خەرمانەی دا؟ !
بابە.. بابە ئەی ئەمەیان
ئەم مانگەیان
کێ ئەی کوژێ؟ !

- کوڕم.. کورد خۆی.. هەر خۆی و خۆی

کەسی تر نا
ئەمجارەیان خۆی ئەیکوژێ
خۆی ئەیکوژێ
خۆی!!

پەراوێز edit