شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: ئەسپ و چرا و مانگ -بابە بۆچی ئەسپەکەی «شێخ»لە بناردا کەوت و گلا و نەبوو بە «با» و بە بروسکەو سەرنەکەوتە سەر ترۆپکی پاشەڕۆژ و شاخی هەتا و؟ ! - کوڕم.. ئینگلیز.. داوی ئینگلیز ئینگلیز.. خستی ئینگلیز.. گرتی ئینگلیز.. کوشتی! - ئەی بابە بۆ چرای ئاڵای ناو بەفرانباری مەهاباد لە تەمەنێکی زۆر کورتدا کورتتر لە گوڵی دار چوالە و کورتتر لە خەونی پەپوولە پرشنگەکانی هەڵوەری و دڵی وەستا؟ ! - کوڕم! فووی ڕووس فووی «ستالین» و «سەڵتەنە» و گۆڕینەوەی خوێنی کوردستان بە نەوت و مەزاتە گەورەکەی دنیا! - ئەی بابە ئەم «مانگ»ەی ئێستا کە لە ئاسۆی خوێنمانەوە بوو بە خەونی گۆیژە و مەتین وسەفین و لە ناو سەری مێژوویەکی شەهیدەوە خەرمانەی دا؟ ! بابە.. بابە ئەی ئەمەیان ئەم مانگەیان کێ ئەی کوژێ؟ ! - کوڕم.. کورد خۆی.. هەر خۆی و خۆی کەسی تر نا ئەمجارەیان خۆی ئەیکوژێ خۆی ئەیکوژێ خۆی!! ++++++++++++++++++++++