ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
ئەم شەهیدانەی شەقڵاوە
تەنها هەر لەهاویناندا
لەگەڵ هاتنەوەی شەمامە و
لەگەڵ دەرکەوتنی خێڵی گوڵەباخ و
گەڕانەوەی چاوەکانی دار گێلاسدا
سەر لە ئێمە ئەدەنەوە.
تەنها هەر لەهاویناندا.
کە دێنەوە
وەکووو قۆخ و سێوەلاسوورە و گوڵ هەنار
هەموو پێکەوە دێنەوە..
هەر لەدوور ڕا..
وەکوو بزەی گوڵ خەندەران
ئێمە ئەیانناسینەوە:
باڵایان داری ژاڵەیە و
دەم و چاویان هێشوە ترێی سەر قوڵکەیە و
دەس و قاچیان لق و چڵی بەڵاڵووکە و
قژیان چیمەن! .
شەهیدانی ناو شەقڵاوە
کە دێنەوە بۆ لای ئێمە
وەکوو خەونی گوڵ ئەستێرە
لەسەر شانی سەفینەوە یەک یەک هەڵدێن.
ئەڵێی ڕیزێ مۆمی سوورن و
بەرەو ماڵانی بن بنار دائەگەڕێن.
قوربانییەکانی شەقڵاوە
وەک سنەوبەر بەرگیان کەسکە
چاویان کانی و سنگیان باخ و
خەمەکانیان بەر سێبەرێکی فێنکە
کە گەرما هات..
شەهیدانی ناو شەقڵاوە
سەریان کەپری ئازیزانە
هەناسەیان کزەبایە و
زامیان هاوینەهەواری
گشت زامێکی کوردستانە!

پەراوێز edit