شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو سەرناو: گەڕانەوە ئەم شەهیدانەی شەقڵاوەتەنها هەر لەهاویناندا لەگەڵ هاتنەوەی شەمامە و لەگەڵ دەرکەوتنی خێڵی گوڵەباخ و گەڕانەوەی چاوەکانی دار گێلاسدا سەر لە ئێمە ئەدەنەوە. تەنها هەر لەهاویناندا. کە دێنەوە وەکووو قۆخ و سێوەلاسوورە و گوڵ هەنار هەموو پێکەوە دێنەوە.. هەر لەدوور ڕا.. وەکوو بزەی گوڵ خەندەران ئێمە ئەیانناسینەوە: باڵایان داری ژاڵەیە و دەم و چاویان هێشوە ترێی سەر قوڵکەیە و دەس و قاچیان لق و چڵی بەڵاڵووکە و قژیان چیمەن! . شەهیدانی ناو شەقڵاوە کە دێنەوە بۆ لای ئێمە وەکوو خەونی گوڵ ئەستێرە لەسەر شانی سەفینەوە یەک یەک هەڵدێن. ئەڵێی ڕیزێ مۆمی سوورن و بەرەو ماڵانی بن بنار دائەگەڕێن. قوربانییەکانی شەقڵاوە وەک سنەوبەر بەرگیان کەسکە چاویان کانی و سنگیان باخ و خەمەکانیان بەر سێبەرێکی فێنکە کە گەرما هات.. شەهیدانی ناو شەقڵاوە سەریان کەپری ئازیزانە هەناسەیان کزەبایە و زامیان هاوینەهەواری گشت زامێکی کوردستانە! ++++++++++++++++++++++