ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
لە ئیستە بە دواوە من ئیتر: هەڵەبجەم!
لە ئیستە بە دواوە من دەنکە فرمێسکی هەناری
ئەو خەمە گەورەیەم.
لە ئیستە بە دواوە من باری ئەو سێوەم
کە ئیتر بار ناکرێ بۆ ئەوێ.
لە ئیستە بە دواوە من تاڵێ لە ڕیشی
هۆرەکەی مەولەویم
لە ئیستە بە دواوە ئەو شەمی شەمانی
وڵاتمە و من وەلیم.

پێم بڵێن من چی بکەم بۆ ئەوەی گریانی کافوریی
ئەم زەڵمەم لووزەوی کەم نەکات؟
پێم بڵێن من چی بکەم بۆ ئەوەی ئەم جوانووە
سەرکەشەی هەنیسکم ڕام نەبێت؟
دە بڵێن من چی بکەم، چی نەکەم؟ بۆ ئەوەی
خوا بێتە خوارەوە و هیچ نەبێ بۆ تاوێ
لە پرسەی ئەم «مانگ»ە جوانەدا
لەگەڵمان دانیشێ؟ !
پێم بڵێن من چی بکەم؟
پێم بڵێن من
پێم بڵێن! ..
پێم..
- لەم دەشتەدا، چۆن وا لە پڕ ئەم بنجکی زریکانە
گوڵیان کرد و بوون بە چوالە؟ !
لەم دەشتەدا، چۆن وا لەپڕ ئەم گۆرانییە وەریوانە
ڕوانەوە و بوون بە لالە؟ !

هەڵەبجە-هەنگێکم ئەچمەوە ناو خەونی منداڵیم
یادگار ئەمژم:
«زەرد و سوور حەوت ساڵە خەیاڵم
هاوینە و لەسەربان، نەمامم، پاڵ کەوتووم.
درەنگان خۆم ئەکەم بە شوانی ئەستێرە
فەرەنجیم تریفە و
تیزماڵکی هەورێکیش گۆچانم.
مرواریی ئەستێرە ئەژمێرم
حەز ئەکەم، خۆزگەمە، ئەو گەشەی سەرپەڕیان
بۆ ناو چیغ داگرم
وەک تۆپە شینەکەم بیخەمە باخەڵم!
هەڵەبجە ئەمخاتە سەرشانی بەرزی خۆی
قاچێکم ئەلەرزێ، خەریکم بکەوم
بە دەستی چەپ خێرا
توند قژی شنروێ ئەرگم و
دەستی ڕاست هەڵئەبڕم،
- وەک بەڕۆژ چۆن هەنار
هەناری «باخی میر» ئەدزم -
ئەمشەویش ئاوەها ئەستێرەی سەرلقی
ئەم باخی ساماڵە دائەگرم.
وا ئیستە لە چیغدا ئەستێرەم گرتۆتە باوەشم
لە دەنگی جریوە و جووکەی ئەو، باوکیشم هەڵئەسێ
دەست ئەبا و ئەستێرە هەڵئەگرێ
لە نێوان منداڵی و شیعردا دایئەنێ
لەم لاوە من ماچی ڕوومەتی زیوینیی ئەکەم و
باوکیشم لەو لاوە
شیعرێکی لەبەردا ئەنووسێ!»

١٦ی مارت –بەر لە نیوەشەوی ئەم ڕۆژە قرچۆکە
شازادە هەوایەکی مۆدێرنیزمی شێت
هەوایەکی دووڕەگ، لە نەسلی چەپ و ڕاستی
سیاسەتی ئەم دنیا بەستۆکە
هەوایەکی کەتەی بەئۆکی لەخۆبایی
بۆنی دەم سیراویی،
کوت و پڕ هات و کودەتایەکی زەردی
ئەلکترۆنیی بەرپا کرد.
دەستی بەسەر تەخت و بەختی ئاسماندا گرت.
بوو بە تاقە فەرمانڕەوای
ئەم مەملەکەتە بەرینەی بەهار.
ڕێ و بانەکانی هەناسەی نێوان
ئاسمان و زەویی بەست.
تەواوی دەرگاکانی بەهەشتی کڵۆم کرد
بە دەنگی تێکەڵی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا
بەیاننامەی ژمارە یەکی خۆی خوێندەوە.
هەر ئەوەندەی لەرینەوەی گەڵایەک و کەمتر،
هەر ئەوەندەی ترووکەی چاوی ئاوێک و کەمتر،
هەر ئەوەندەی نووزەی کارژۆلەیەک و کەمتر،
چی فریشتە و حۆری و پەری و باڵدار و بێ باڵ هەبوو
کردنی بەمۆم بێ ئەوەی هەڵیانوەرێنێ.
کردنی بە شووشە بێ ئەوەی بیانشکێنێ
لە کەنار ئاوی ڕەشی ئەم ڕۆژە کپەدا
پۆل پۆل کۆترەکان سپی ئەچوونەوە-
هەر ئەوە بوو نەیانئەگماند.
لە مەزرا و پاوانە سەوزەکانی ئەم ڕۆژە گێژ و وێژەدا
ئەسپەکان ڕەوە ڕەوە پاڵ کەوتبوون
هەر ئەوەبوو نەیانئەحیلاند.
لەبەردەم ئەم هەوا شێتەدا
کێ ئەتوانێ بە پێوە بوەستێ؟
کێ دەستەوەستان نابێ؟
هەر لە گاتاکانی زەردەشتەوە
تا سەرمایەی مارکس
تا شمشێرەکانی زولفەقار
ڕشانەوە و بڵقیان کرد و خپ بوون.
ئازایەتی، جوامێری، بیروباوەڕی ئاگرین
لە سەنگەرەکانی خۆیاندا مەیین
بێ ئەوەی فریای پەلەپیتکەی
تەقاندنی خۆیان بکەون!
بۆ ڕۆژی دوایی لە یەکە بە یەکەی کۆڵان و شەقامی
ئەم سنگە خنکاوەی مندا
لەنێو ماڵانی ئەم سییە داڕزیوانەی مندا
فڕان فڕانی پەراسۆکانم بوو.
فڕان فڕانی گۆرانییەکانم بوو.
منارەکان دار ئەلەکتریکی ملیان هەڵئەکێشام.
هەندێ دەستی خۆیشم پەنجەکانی خۆمیان ئەدزی.
سەیر بوو، ئەو ڕۆژەم قەت قەت لەبیرناچێ:
لە تاقە ڕاستەشەقامی ئەم لەشە ساردوسڕەدا
چاوی زەقم بڕیبووە پاسدارێکی ڕیش نوورانی
بەسەر منی هەڵەبجەوە ئەگریا و
کەچی خێرا خێرایش دەستی ئەکرد بە گیرفانیدا و
لە دەنکە مێوژی گلێنەکانی سنە و سابڵاخی ئەخوارد
ئەمە حیکایەتی ١٦ی مارت بوو
ئەمە هاواری خنکاوی ئەم سنگەم بوو.

-وەرچەرخا تاریکیم
ئەم شەوە شەوێکی جیاترە.
وەرچەرخا ڕووناکیم
ئەم خۆرە خۆرێکی جیاترە.

- لەم دێڕە بەو لاوە
ئاوەڕۆی وشەکان لە دەنگما ئەگۆڕم
لەم ڕەنگە بەو لاوە
بافڵی ڕەنگەکان لە چاوما ئەگۆڕم.
-فەرهەنگم تەنگە تەنگ، هەڵتەقی
لە بەری ئەشکەنجە و ژواردا
چوارچێوەی ئەم لەشە پابەندەم
بۆ ڕۆحی ڕافزیم دەست نادا!
- هەڵەبجەی حەللاجم چیت بینی؟ !
- لەم بەری کەناری گیانمەوە:
بەهاری ڕمووزن.
گوڵی دڕ.
خۆری کوێر.
بەفری ڕەش.
«با»ی خنکاو.
ڕووباری زۆر زبر.
بارانی وشک و ڕەق.
گڕی سارد.
خوێنی زەرد.
هاژەی کەڕ.
گرمەی لاڵ. چیم بینی؟ !
کۆتری ڕق
غەدری هەق
تاوانی فریشتە
منارەی جەردە و دز.
- ئەی لەو بەر کەناری گیانتەوە؟
- بڵێسەی خۆڵەمێش.
شۆڕشی مردووەکان.
لافاوی وشکانی.
هاواری بێ دەنگی.
پڕشنگی تاریکی.
هیوای نائومێدی.
سەوزایی تینویەتی.
تێرێتی برسێتی و
فڕینی کێوانم من بینی!
-لەم دێڕە بەو لاوە ئاوەڕۆی وشەکان
لە دەنگما ئەگۆڕم.
لەم ڕەنگە بەو لاوە بافڵی ڕەنگەکان
لە چاوما ئەگۆڕم.
***
هەنووکە دارسێوی شیعرێکم کۆچەری
بنج و بێخ وەک پژی سەرلقم بەرەڵڵا
ئەڕۆم و زەویم وا لە پەڕەی دەفتەرما.
ئەڕۆم و ئاسمان و باڵندەم ئەوەتان
لەسەری بێ‌داڵدە و ناو جانتای سەفەرما.

هیچ پەنا و پاسار و قوژبنی چاوێکم مەگەڕێن
بۆ گوڵە فرمێسکێ جێ مابێ لەو ناوە
هی خۆم و هی ئێوەیش هەموویم.. هەر هەمووی
بە باخ و پەرژین و جۆگەلە و.. بە دڕک و داڵەوە
لەگەڵ خۆم هێناوە.
من ڕەنگە لەوەختی ڕۆیشتندا ئەستێرەی شپرزەم
بزەیەک یان قاقای شەوێکی بیر چووبێ.
من ڕەنگە لەوەختی سەفەردا شڵەژاو
گیرفانی یادێکم کون بووبێ و لەوێوە
چەند وردە خۆشییەک کەوتبنە خوارەوە.
ئەشێ من هەناری مێخۆشی نوکتەیەک
یان کۆنە چاویلکەی شیعرێکم بیر چووبێ
بەڵام من ئاخر چۆن خەمتانم بیر ئەچێ؟ !
هەتاکوو نالی-تان لەلام بێ.
بەڵام من ئاخر چۆن ئازار و ژانتانم بیر ئەچێ
هەتاکوو سەیوان تان لەلام بێ.
من دەستم خۆی جادەی قیرتاوی غەمێکی درێژە..
من سەرم خۆی ئێشە گڵۆڵەی سۆزێکی ئاڵۆزە..
ئیتر چۆن خەمتانم بیر ئەچێ!

بێ کەسیم ڕووت نییە
تا ئەمرێ پۆشاکی ڕەشتانی بەش ئەکات.
تینوێتیم بێ کانی و ئاو نییە
تا ئەمرێ سیروانی چاوتانی بەش ئەکات.
تەنیاییم بێ دەنگ و کپ نییە
تا ئەمرێ هاواری ماڵتانی بەش ئەکات.
دۆزەخم بێ کزەی با نییە
تا ئەمرێ هەناسەی ساردتانی بەش ئەکات.
نیشتمان! من ناوت لێ ئەنێم گڵمتکێ
ئەوەندەی لە مشتی شیعرێکما تۆ جێگەت بێتەوە
واخۆیشم ناو ئەنێم قومێ ئاو
ئەوەندەی لە پێڵووی بەردێکتا
من جێگەم بێتەوە.
لە پێشدا ئەتهێنم ئەتخەمە ناو دەستی سۆزێکم
هەتاکوو وەک خەونم ورد ئەبی
دواتریش لە چاڵی چاوانما –هەمووت نا-
تۆزێکت ڕۆئەکەم.
لەسەرت ئەوەستم
هەتاکوو لەڕەنی گوێ خوێنما
شین ئەبی.
ئەوەستم تۆزێکیش بە سەرتا ئەبارێم یان ئەگریم
هەتاکوو هەڵئەچێ باڵای سەوز
درێژە.. درێژە.. ئەم وەرزی غوربەتە و غەریبیم
ئەوەستم، ئەوەستم، ئەوەستم
هەتاکو ئەبیتە سنەوبەر.
گیانەکەم سنەوبەر!
تۆ ئیستە هی خۆمی
من بۆیە ئەمەم کرد
گەر لێرە من مردم
بۆم ببی بە تابووت!
-تەماشات هەر ئەڵێی چۆلەکەی
ترساو و سەرسامی ناو چنگی منداڵی لاسارە.
هەورێکیت کەڕولاڵ دێی.. ئەچی
دڵۆپە بارانی زۆر قسەی ناو ناخت
دیلن و گیر خواردوو؛ ناتوانن داڕژێن.. دابکەن
تۆ ئیستا کە ئەدوێی
بە تەنها پەیکەری شەقام و باخچەکان تێت ئەگەن.
هەمیشە تۆ بۆ خۆت دووکەسی، دووبەشی
یەکێکیان ئەوەیە کە لێرە
دوو قاچە و ڕائەکا و
شوێن سەری ونبووی خۆی کەوتووە.
ئەویتر لەو دوورە ژەرەژی ڕۆحێکە و
باڵی خۆی بە پرچی دایکتەوە بەستووە.
هەموو ڕۆژ.. هەموو ڕۆژ.. هەموو ڕۆژ
تەمومژ خەیاڵتە و
ئاسمانت هەر وەکوو کراسی ئاودامان ئەیپۆشێت.
هەنگاوت پڕگاڵی جەستەتە و بست بە بست
خەم بە خەم، زام بە زام
خەریتەی وێڵ بوونت ئەپێوێت.
سستەکە زەمینی ژێر قاچی هۆنراوەت
قیژەیان ڕۆئەچێ.
دەستی تۆ کلیلی ون بووە
دەرگاکان سەرابن، هەر ئەڕۆیت
ماشێن و واگۆن و فڕۆکە
ژواری تەنیاییت سوار ئەکەن
بەستەکی ئەشکەنجەت بار ئەکەن، هەر ئەڕۆیت
ئەم خەون و هیوایە سێبەری درێژی پێش خۆتن.
سوار ئەبی
پەنجەرە ئەبێتە
ئاوێنەی هەڵماویی چارەنووس
بە پەنجە «کوردستان» لەسەر ئەو ئەنووسیت.
پسۆکە دەزووی چاو
لەوێوە تەماشای کۆلارەی
ژیانی پچڕاوی خۆت ئەکەیت
تۆ ئیستا چکچکەی دەراڵی زەمانی و
لەشەوی غوربەتا دائەدەیت
بەرەو کوێ ئەڕۆیت و بەرەو کوێ ڕائەکەیت؟
هەموو شەو.. هەموو شەو.. هەموو شەو
ڕابوردوو: مۆمێکە پرتەپرت وەک نیگات
لەگەڵ خۆت ئەیگێڕی.
ڕابوردوو: بەرکاوی خەونێکە زەرد و سوور
بە پێڵوو ئەیکێڵێ و ئەیکێڵیت
ڕابوردوو: بای وەشتە و لەڕۆحتا هەڵئەکات
بارانی منداڵی و ڕێژنەی دڵداری و
پژپژەی گۆرانی و
نم نمەی جریوەی چاوانی گۆیژەیە و
سەرتاپای خەمانت تەڕ ئەکات.
هەموو شەو شارەکەت سەرێکت لێ ئەدا
بە گوڵی ژاڵەوە شەلەشەل
خۆی ئەکا بە ژوورتا و ئەوەستێ
گوڵێکی سەر سنگیت ئەداتێ و
تۆیش تاڵێ وەنەوشەی ئەوینی نامۆییی ئەدەیتێ.
هەر شەوەی بەردێکی کۆڵانی دێتە لات.
هەر جارە و درەختی ماڵێکی باوەشت پیا ئەکات.
هەر شەوەی باخەڵت پڕ ئەبێ لە بۆنی گەڕەکێ.
ئەڕۆیت و بازنەی سێبەری خەیاڵت
نانێکی سەرساجی دایکتی لەسەرە
ئەڕۆیت و باوێزەی هەناسەت
کەروێشکەی دەغڵێکی بناری وڵاتی لەگەڵە.
 خۆڵی دوای بۆردومان، سیماتە و ڕەنگ و ڕووت
بۆ کوێ چووی تیزماڵکی دووکەڵی گوندێکت لەگەڵە
گلێنەت ئەزمڕە و ئەڕوانیت.
دەربەندی سەگرمە و بازیان گوێچکەتن، گوێ ئەگری
تۆ تەنها بە بەژنی ئازاری سیروانت
قوڵایی ڕووبار و دەریاچە و
تا زەریای جیهانیش ئەپێوێت!

زستانە، باڵندەی بەفرینت لە شامە
شام لەبەر باراندا ئەبینی:
ئاسکێکی چاو شینە
ئەترسێ و ئەلەرزێ و باڕژنی هاواری
بۆ ئاوی زیندانی و کەلەپچەی مەچەکی درەخت و شەقامە.
زستانە. هەمووڕۆژ تەنیایت ئەتباتە چایخانەی شەقامێ
دات ئەنێ. ئەوەندە دانیشتوویت
غەریبیت بۆن قاوەی کوتراوی گرتووە و ڕۆژانە
وەڕس بوون، لەبنی دەروونتا وەک خڵتەی فنجانە
لێرەیش هەر: ئازادی پیاوێکە
لەسەر مێز بە چرپە ئەدوێت و شەقامی وەردییان
هەنگاوی ئەژمێرێ و کلیلی ماڵەکەی ئەموستی سوڵتانە.
لێرەیش هەر ڕووناکی قاچاغە و
شیعری نێر بەرخێکی خوێناویی ژیانە.
لێرەیش هەر سێدارەی گوێزان و ملی گوڵ.
لێرەیش هەر کوێستانی زمانم لە مەنفا ئەمرێت و
مێژوویشم عەگالێ لەسەری پێچراوە.
زستانە. تۆ لەو دیو شووشەوە بەتایبەت
تەماشای ئافرەت و بارانی شام ئەکەیت.
چەند جوانن، هەردووکیان بۆ شیعرت
وەک خەون و شمشاڵن.
لەویاندا تەماشای نامۆییت گوڵ ئەگرێ و
لەمیاندا یادگار ئەتژەنێ و کات و شوێنی جارانن:
«زستان بوو، شەوانی تەڕی ئەو، لە دەوری ئاگردان،
هاڵاوی حیکایەت لە بەژنی ژوورێکی ڕووتەڵە هەڵئەستا.
منداڵیم مێوژ بوو. نیشتمان ماڵێکی بچووک بوو.
چرایەک دیوارکۆ. سێبەری وەک خەمی دایکم و
شەوقیشی ئاوێنەی ڕوومەتی ئێمە بوو.
لەو ساوە من، زستان ناو حەوشەی هۆنراوەم،
پڕ ئەکات لە بەفر و دارچوالەی هەستیشم ئەخاتە
بەر باران. لەو ساوە من زستان کێڵاومی و
کردوومی بە کێڵگەی گەنم و جۆی ئێش و ژان»
***
هەموو جارێ پاڵ ئەکەوی وا هەست ئەکەیت
بووی بە تەلەبەردێ لەوێ بۆ جێژوان.
دائەنیشی وا هەست ئەکەیت
سەرت تۆپەڵە قوڕێکە لەوێ
بۆ حەمامۆکێی مناڵان
کە هەڵئەسیت وا هەست ئەکەیت
بووی بە پەیژەی بانیژەیەک ئیستە لەوێ.
وەختێ خەوتی وا هەست ئەکەیت
بووی بە خەونی داربەڕوویەک ئیستە لەوێ.
ئەی گیانی گیان!
خۆ ئەم «مانگ»ە سەرگەردانەی خۆشەویستیم
لە خۆیەوە نەیداوەتە ئەم ساکۆی سکڵی غوربەتە
خۆ ئەم چەمە سەرکەشەی خەم
لە خۆیەوە جڵەوی ڕۆخی ئارامی نەپچڕاندوە و
لە خۆیەوە کوڕژن ناکا بە هاواری
داگیرساوی شەو و ڕۆژی ئەم غوربەتە.
ئەی گیانی گیان!
لەسەر ماچی پەلکە گیایەک
لێوی جۆگەیەکیان بڕیم.
لەسەر فڕینی شیعرێکم
هەوریان بە داو بۆ نامەوە
لەسەر نەڕەی شەپۆلێکم
تاڤگەیەکیان خنکاندم.
لەسەر حیلەی لووتکەیەکم
بنارەکانیان لە مێخ دام.
ئەی گیانی گیان!
گۆمێ شێت بوو وەختێ لە مانگیان دابڕی.
مانگیش شێت بوو وەختێ لە هەوریان دابڕی.
هەوریش شێت بوو وەختێ لە شاخیان دابڕی.
شاخیش شێت بوو وەختێ لە بەفریان دابڕی.
بەفریش شێت بوو وەختێ لە عەردیان دابڕی.
عەردیش شێت بوو وەختێ لە خەڵکیان دابڕی.
گیانی گیانم
لە ئیستەیشدا، لە بێشەی ئاسن و شووشە و کۆنکرێتدا
سوورە کەروێشکێکی کێویی ئەو بناری
پیرەمەگروونەیە دڵم. لەم نەهاتیی ئەوینەدا
من هەر پەریی گڵەزەردەت
دار ئەستێرەم ئاو ئەدات و گەڵاڕێزانی جریوەم
ئەیپشکوێنێ بنە کۆتەرەکەی سەرم.
گیانی گیانم.

هەر کە بارانێ ئەبارێ
ڕائەکەم و بۆ چەند ساتێ ئەچمە بەری
ئەڵێم بەشکوو ئەمجارەیان ئەم بارانە
بۆنی بارانی ئەزمڕ و گۆیژەی لێ بێ!
ئەگەر ڕۆژێ خۆرەتاو بێ
ڕائەکەم و بۆ چەند ساتێ ئەچمە بەری
ئەو لێم ئەداو من چاو نووقاو
ئەڵێم بەشکوو ئەمجارەیان ئەم هەتاوە
لە هەتاوی بەربەرۆچکەی
بن گوێسوانەی خۆمان بچێ!
  ئەگەر جار جار «با» هەڵبکات
ڕائەکەم و بۆ چەند ساتێ ئەچمە بەری
ئەڵێم بەشکوو ئەمجارەیان
ئا ئەم «با»یە
وەک ڕەشەبای سلەیمانی
بەپڕتاو بێ و هەڵمبگرێ و
تۆزێ خۆڵ بکاتە چاوم!

لە دوورەوە هەر کە پۆلێ کچم بینی
بەرەو ڕوویان پێ هەڵئەگرم
سەرنج ئەدەم ئەڵێم بەشکوو
نازێ، شەرمێ، تیلەی چاوێ
سوور هەڵگەڕانی گۆنایەک
بمباتەوە بۆلای شەقامی شارەکەم
وەکوو دوێنێ.

هەر کە بازاڕێکی میللیم هاتە سەر ڕێ
ڕائەکەم و ئەچمە ناوی
تیا خول ئەخۆم
ئەڵێم بەشکوو هاواری میوەفرۆشێ
هاواری ماسیفرۆشێ
هاواری سەوزەفرۆشێ
لە هاوار و ژاوەژاوی ئێوارانی مەیدانەکە و
بەرحەوزەکە و
ژێرپردەکەی خۆمان بچێ!

کارتێکی ڕەش و سپی تایبەت بۆ هاوڕێکانم

هاوڕێیان!
ئەم ئێوارەیە منیش دێم.
لە چایخانە بچکۆلەکە
کورسییەک بۆ شیعرم دانێن
نەیدەن بە کەس
گەر جامانە قۆشمەکەی
خاڵە ڕەجەب هات پێی بڵێن:
ئەبێ ببووری گیراوە.
گەر شەپقەکەی ئەحەی میرزا
بەپەلەپەل ئەویش هات بڵێن: گیراوە.
مەگەر لە هەولێرەوە میوانێک ئازیز
زۆر ماندوو بێ و بگاتە جێ
مەگەر کتێبە یاخییەکەی عەبدولخالق
وشەی شان و مل خوێناویی
کە ناتوانێ
لەبەر ئێشی زامەکانی
زۆر بەپێوە ڕابوەستێ!
***
ئەی ڕۆژگارە لیخنەکان!
کەی ئەبنەوە بە ئاوێنەی
ئەو درەختە دڵدارانەی
لە بەستێن و کەنارتانا
سەرتاپایان لە گوڵی تاریکی و قوڕ و
خۆڵەمێشی سوور گرتووە؟ !
چ باهۆزێ سیمای گرژی مێژووتان ڕوون ئەکاتەوە؟
چۆن زەوی ئاشت ئەکەنەوە؟
ئەی ڕۆژگارە لیخنەکان!
ئێوە هاژەتان قریشکەی
مەزار و کێڵگەی خنکاومانە.
چەپۆکانی مەوجدانەوەی ڕەشی ئێوە
پەلەقاژێی ئەستێرەکانی ئێمەیە!
ئەوەتا دار و پەردووی گۆرانیەکانمان، جەژنەکانمان
بە ئەنجن ئەنجن کراوی ڕائەماڵن.

بە چواردەوری ئەڵقە ئەڵقەی بۆشاییدا
بە چواردەوری خانە خانەی تەنیاییدا
چیایەکم سەر هەڵگرتوو
گوڵێکم شێت
هەر خول ئەخۆم و خول ئەخۆم.
وەڕس بوونم بۆ ساتێکیش
داڵدەی هیچ ئارامێ نادا.
من دڵتەنگیم قفڵێکە خوا
چەند لێی نەوی نەیکردەوە
وەکوو «مەنسوور» زامانم جێ بەخۆ ناگرن.
خانوو ویستی دابینم کات.. پەنجەرەیم لێ یاخی کرد.
شەقام ویستی دابینم کات.. شۆستەکانیم لێ یاخی کرد.
کورسی ویستی دابینم کات.. خۆمم هەڵکەن
شاران ویستیان دابینم کەن.. خەمانم باڵیان لێ ڕوا.
ئەی ڕۆحی وێڵ!
تەنگە بە بەری عەشقی تۆ ئەم نەخشانە.
نزمە بۆ سووتانی سەرت ئەم ئاسمانە.
تەمی ئێرەت دا بە خۆتا کورت و کوێر بوون.
ڕیان سارد و
ژانیان کپ و
پایزانیان بێ فرمێسکی درشتانە.
ئەی ڕۆحی وێڵ!
ژوورێکم هەیە تەنیاییم بەشی ناکات
تەنیاییم جمەی دێ لە دەنگ
لە ڕەنگ و بۆن و تامی کۆست.
ئەو کردویێتی بە نەریتێ هەموو شەوێ
دووسێ هاودەمی دێرینەی
وەک: هەڵەبجە
گەلی بازێ
قەڵادزێ
پیرەمەگروون
لەگەڵ خۆیدا
دێنێتەوە بۆ ئەم ماڵە بچکۆلەیە
ئیتر هەتاکوو بەیانی
تا کەڵەشێری ئاوایی زامێکی تر ئەقووقێنێ
یەکە یەکە لەگەڵ بەرد و لەگەڵ دار و
لەگەڵ گەڵای هەموویاندا
سەما ئەکا و
پێئەکەنێ و
ئەگری و
ئەدوێ.
ماڵێکم هەیە تەنیاییم بەشی ناکات
تەنیاییم قەرەباڵغە و پڕ لە ژاوەی وردە ژانە
ئەو، شەوانە بووە بە خووی
هەر لەسەر ئەم چرپا تەسکە
ئەبێ لەگەڵ ڕووبارێکدا ڕابکشێ و
دەست بکاتە ملی گۆمێ
چرپایش کورتە بۆ قاچەکانی ڕووبار و
تەنگیشە بۆ لەشی گەورە و پان و پۆڕی گۆمە شینێ

ژوورێکم هەیە تەنیاییم بەشی ناکات
بۆ شپرزەییم بچووکە
تەنیاییم دۆستی بێ داڵدەی ئێجگار زۆرە
گەلێ جاریش شەوانە وا ڕێک ئەکەوێ
تەنیاییم جێی خۆی چۆڵ ئەکا و
ژوورەکەیشی بەجێ دێڵێ
تا کسپەیەکی غەریبی تازە هاتوو
لەسەر چرپای ئەو بخەوێ!

- ئەوا ئیستەیش ئەمە یەکەم پایزی دوای
کۆچی ئەسپەڕەشی تۆیە.
ئەمە یەکەم پایزی دوای هەڵهاتنی نامۆییت و
ئاوابوونی شاخەکانی ڕۆحی تۆیە.
ئەمە یەکەم پایزی دوای
وێڵ بوونی گەمیەکەی تۆیە.

لە گوێ زەریایت.. چاوەکانت وەک کەلەپۆ.
بڕیوەتە نەهێنیی ئاو
سەرت لەناو نامۆییدا بەلەمێکی سەرگەردانە و
دەستەکانت سەوڵی شکاو.
وەکوو پایز ئێوارەی تەنیاییت تەڕە و
یادگاری لێ ئەچۆڕێ و
خەیاڵیشت زەردەی هەتاو.

لە گوێ زەریایت
شپرزەیی شەپۆلەکان و وەرینیان لە بەستێندا
پایزە مێژووی زۆر دوورن و کەفی «کات»ن و
دێن و لەگەڵ لمی عومری ئەمڕۆ و سبەی
باوەش ئەکەن بە یەکتردا
شڵپ و هووڕ حیلەی زەریایە و
داناسەکنێ چەپۆکانی.
یاڵی سپی بەدەم «با»وە
هەڵئەپژێ و دائەڕژێ و زەرد و سوورن تیسکەکانی

لە گوێ زەریایت
یەکەم جارە ئەم مێژووە شلە ببینی
یەکەم جارە ئەم سامە شینە ببینی
یەکەم جارە بۆنی تریفە بکەیت و
زڕەی ڕەنگەکان ببیسی.

لە گوێ زەریایت
بەڵام لە هەڵسانەسەرپێی خێرای ئاودا
دیسان شاخ ئەبینیتەوە
تۆ بێ «هەڵگورد» شیعرێکی کاکی‌بە‌کاکیت
نەگزنگت تێدا ئەڕوێ و نە سۆزیشت باڵا ئەکا.

لە گوێ زەریایت
وردە وردە تەماشات هەنگاو هەڵدێنێ
خەیاڵت خۆی هەڵئەکات و
باز ئەدەیتە سەر ئاڤزینێ
لە ترساندا هەر دوو چاوت ئەنوقێنی و
مایینی ئاو ئەتفڕێنێ
ئەو وەختەی چاو ئەکەیتەوە خۆت ئەبینی
لە گوێ ورمێ بووی بە گوڵە نازەنینێ.

لە گوێ زەریایت
گوێت لە ناڵە و گرمەگرمی سەدەکانە بەیەکدا دێن
چاوت لە زۆران گرتنی هەتاهەتای عەرد و ئاوە
چاوت لە غەزەبی خوایە کە هەڵئەچێ
چاوت لە پاشگەز بوونەوەی گوناهیشە کە دائەچێ!
چاوت لە کەفەژیلکەی غەریبیی خۆیشتە
کە کۆچ ئەکات و ون ئەبێ!

ئەمە یەکەم پایزی دوای
وێڵ بوونی گەمیەکەی تۆیە
ئەم پایزە لە پایزی دایکت ناچێ
ئەو پایزێکی بێوەژن، کوختەنشین، چڕ ئەوەرێ
ئەم پایزی ئاڵتوون بەسەر، تەلارنشین
لە شووشەبەندا ئەوەرێ.
ئەم پایزە لە پایزی دایکت ناچێ
لێرە هەر دار بەسەر داردا بە خوڕ ئەگری
لێرە هەر بەرد بەسەر بەردا بەخوڕ ئەگری
بەڵام لە پایزی دایکتا ئیستە لەوێ
دار و بەرد و ئاو و خەڵکیش
هەر هەموویان بە یەکەوە
بەسەر خاکدا بەخوڕ ئەگرین
ئیستە لەوێ!

- لەکوێوە هاتووی؟ ئەپرسن.
دیسانەوە هەمان پرسیار ئەبێتەوە بە توتڕکێ و
خوێن لە دەنگم دێنێتەوە.
وا بۆ جاری هەزارەمین
ناوی گوڵەکەم ئەهێنم.
هەیانە وەک ڕۆژێ «با»یەک
ئەمەی دابێ بە گوێیاندا
لەدوای ساتێک سەرێکی بۆ ئەلەقێنن.
بەڵام زۆریان لە بێدەنگیدا ئەخنکێن.
مت ئەبن و ملیان ئەبێ بە نیشانەی سەرسوڕماندن.
منیش ئیتر لە حەژمەتا نەخشەیەکی
وەک سیاسەت چرچ و لۆچ و
پیس و دڕاو وەکوو ڕەوشتی دەوڵەتان
لە گیرفانم دەرئەهێنم.
پەنجە ئەخەمە سەر خۆری لەتوپەتم
- ئا لێرەوە
لەناو کەشتیەکەی نووحەوە من هاتووم و
لە بەفری جوودیدا زاوم
- «ئێوە خەونی ڕەنگاوڕەنگی
نێو داستان و ئەفسانەی کۆنە ئەیبینن
هیواتان تراویلکەیە
منیش باوکم نیشتمانی لەناو چاویا هەڵگرتبوو
ئەو، دار خورمای بەندەرێکی
چاو خەواڵووی باکووری ئەفریقا بوو
ڕۆژێ گەرداوی ئۆقیانووس ڕایفڕاند و
لە ئۆسلۆدا گیرسایەوە
لە «باڕ»ێکی وەک ئێرەدا
شەوێکی سارد وەکوو ئیستا
دایکمی ناسی.
من ناوم مارگریتایە
باوکم تا مرد
خەونی وەکوو خەونەکانی تۆی ئەبینیی!»
ئەمە قسەی کیژۆڵەیەکی دووڕەگی مەغریبی بوو.
شەوێکی سارد، لە «باڕ»ێکی سەر گەرم بووی،
ناو «ئۆسلۆ»دا وای پێ وتم. مێرگێ کوڕ و کچی
شەنگ بوون. بە دەم کەروێشکەی گۆرانی و مۆسیقاوە
ئەشنانەوە.
منیش هەرخۆم و شیعرێکی شەرمنۆکەم
خۆم و باڵندەی وڕێنەم
خۆم و دووکەڵی جگەرەم
لە سووچێکدا یەک یەکترمان ئەخواردەوە.
کچی دووڕەگ مارگریتا تازە بووە
بە «مانگ»ی ناو بەفری نەرویج
تازە بووە بە هەناسەی هەڵماویی ئەم شەقامانە
بە حەرفێکی ئەم زمانە و
بە پەڕی مۆسیقای ئەم «باڕ»انە.
مەغریب نیشتمانی باوکی
لای ئەو تەنها سێ تارمایین
سێ تارمایین و هیچی تر..
بیابانێ، دارخورمایەک و حوشترێ.
لەو شەوەوە مارگریتا ترسێکی کرد بە سێبەرم
چرکە بە چرکەی سەعاتی ئەم غوربەتەم ئەژمێرێت و
بۆ کوێ بڕۆم تەمومژی دێ لەگەڵم.
لەو باڕەوە مارگریتا گومانێکی تیا ڕۆکردم
وەکوو خۆرکە لەو ساکەوە
پەلکەکانی خەونم ئەخوا و
لەناو بێشەی تاریکیدا
نائومێدی دائەتاشێ بۆ تابووتی
مانگەشەوم.
لەو شەوەوە وا هەست ئەکەم سیمای کچە بچکۆلەکەم
لەبەر چاوم بۆتە سیمای مارگریتا
نیگاکانی چوونەتە ناو نیگایەوە
جۆگەی دەنگی ڕژاوەتە ناو دەنگیەوە
باخی قژیان هەر یەک باخە و
ڕەنگەکانی هەست و نەستیان بوون بە یەک ڕەنگ.
لەو شەوەوە وا هەست ئەکەم
منیش کچە بچکۆلەکەم
نامۆیی گەورەی کردووە
وەکوو دڵۆپە شەونمێ
تێکەڵ بە «با»ی ئێرە بووە
لە سەماگەی نیوەشەودا
سەری لە لەشی ون بووە و
جاربەجارێ لە باڕێکدا بۆی ئەگەڕێ.
وا هەست ئەکەم هەموو ڕۆژێ
تارماییەک دێت بۆ لام و وێنەیەکیم بۆ ئەکێشێ:
کاڵبوونەوەی یادگاری.
ڕووتانەوەی پەڕوباڵی زمانەکەی.
هەڵوەرینی خێزانەکەی.
بیرچوونەوەی خەونی باوکی.
بۆن نەکردنی هەناسەی نیشتمانی.
توانەوەی بەفری گۆرانی و
حیکایەتی گیانی دایکی.
لەو شەوەوە وا هەست ئەکەم
منیش باوکی مارگریتام
بووم بە شیعری خەمێکی زەرد
ڕۆژێ لە بەفری مەنفادا ئاوا دەبم!
ئەوسا لە وەرزێکی تردا
شەوێکی سارد وەکوو ئێستا لە باڕێکدا
ئەویش وەکوو مارگریتا
باسم ئەکا:
«باوکم مەلێکی کێوی بوو
لە شاخەوە باڵی گرت و
گەیشتە بەفری ئەم قوتبە و
ڕۆژێ لێرە، بەدەم ئاواز خوێندنەوە
خەونەکانی لەگەڵ خۆیدا ڕەق بوونەوە!»
***
مێژووم و سەفەر ئەکەم و
لەگەڵ خۆمدا شۆڕشەکانم ئەگێڕم
لە خۆم زیاتر کەس تەماشای خوێنم ناکات.
دووکەڵم ئەسووڕێمەوە و
لەگەڵ خۆمدا دێهاتەکانم ئەگێڕم
لە خۆم زیاتر چاوی کەس ناکزێتەوە
بەم دووکەڵە.
لاواندنەوەم ئەخولێمەوە و لەگەڵ خۆمدا
سێدارەکانم ئەگێڕم
لە خۆم زیاتر کەس گوێ ناگرێ لەم کۆتەڵە
چیرۆکم درێژ ئەبمەوە و
لەگەڵ خۆمدا قرچەقرچی شەقامەکانم ئەگێڕم
لە خۆم زیاتر کەس بۆنی بۆکڕووز ناکات
لە خۆم زیاتر لە خۆم
لە خۆم زیاتر
لە خۆم..

کوا غوربەت سێبەری داربەڕووی دوورییە؟
گەر وایە! ئەم هەموو کڵاوی فرمێسکی بەڕوانە
چی ئەکەن لەلای من؟ بۆ لێرەن؟
بۆ ڕیزیان بۆ سەری قەڵەمم گرتووە؟

کوا غوربەت ئەستێرەی پەمەیی کۆچ کردووی
سیوەیلە و نەیبینم؟ کوا وایە؟
گەر وایە؟ ئەم هەموو وەنەوشەی خەونانەی
زێ و نۆڕک
چین لەناو دەفتەرما ڕواون؟
بۆ لێرەن؟
بۆ ژووری تەماشام پڕ ئەکەن
لە بۆنی دوو «بارێ»ی پاش باران؟
کوا غوربەت شەوقە بۆ ئاژاوەی ئێوارەی
منداڵی گەڕەک و نەیبیستم؟ کوا وایە؟
گەر وایە؟ منداڵی ئەم هەموو گەڕەکە
لە کووچەی ناو دەنگما چی ئەکەن؟ !
بۆ لێرەن؟
بۆ ساحەی فتبۆڵیان سەرسنگمە و
گاڵتەیان: تریقەی کاغەزی سپیم و
شەڕیشیان: «مسوەدە»م؟
کوا غوربەت بای بۆنی شارێکە من نەیکەم؟
کوا وایە؟ گەر وایە؟
ئەم بۆنە تێکەڵەی: ڕاڕەوی قەیسەری و
مەیدانی ماستەکە و گوزەری زین دروو..
چین کە دێن لە حێلی وشەم و
لە پوونگەی کاکۆڵم و
لە چەرمی جانتاکەم؟ !
ئەی تەنیایی!
ئەی ئەسپی ڕەشی بێزاربوو
لەجڵەوی ئەم زەمانی بازرە بوونە!
ئەی زایەڵەی کەوە سوورەکەی ناو سنگم
تۆ کەی ئەوەندە چواردەوری
جێژوانی ڕازەکانت چۆڵ و هۆڵ بوون؟
لەناو لانکەی نیشتماندا
تۆ هاوڕێی ئەمەکداری لاواندنەوەت
گەلێ زۆر بوون.
تۆ کوا لەوێ هەرگیز هەستت
بە بزر بوونی جریوەی بێداریت و
خاوبوونەوەی ژێی گینگڵی شەوان ئەکرد؟
تۆ کوا لەوێ هەرگیز هەستت
بە ونبوونی جێ پێی ئاخ و
سارد بوونەوەی ئاگردانی گریان ئەکرد؟
تۆ کوا لەوێ قەت هەناسەت
بێ دەربەندی هاودەم بووە؟
تۆ لەوێ خەمە دراوسێت هێندە هەبوون
بە پەیژەی وەخت و ناوەختا
دڵسۆزیتان، سمۆرە بوون
بۆ لای یەکتر دائەبەزین.. سەر ئەکەوتن.
بەسەر دیواری مابێندا فرمێسکەکان بازیان ئەدا و
وەکوو لاولاوی سەر دەرگا و پەنجەرەتان
ماچ ئەڕۆیشت و ماچ ئەخشا و
لەسەر بان و لە حەوشەدا، وەک تەنافی جلەکانتان
ڕاز و نیازتان تێکەڵ ئەبوون
ئەی تەنیاییم!
تۆ لێرە ئیستە کەناری
ناو ژانێکی شووشەبەندی ڕەنگاوڕەنگی
بەم دەنووک و بەو باڵانە
چۆن ئەتوانی تۆ سنووری شووشە ببڕی؟
بۆ کوێ ئەفڕی
ئەی تەنیایی؟ !
جیابوونەوەی ئەم باڵانە لەو ئاسمانە
لەنگەری گیانیان تێکداوم.
دوور کەوتنەوەی ئەم وشانە لەو گوڵانە
هەستی بۆنکردنی خاکیان تیا وەراندووم.
دوورکەوتنەوەی ئەم چاوانە لەو کێوانە
زنەی سەرنجیان کز کردووم.
جیابوونەوەی ئەم دەستانە لەو پرچانە
پەنجەی تەماسیان سڕ کردووم.
دوورکەوتنەوەی ئەم زمانە لەو تامانە
ئۆخەی چێژیان لەناو دەمدا بزر کردووم.
جیابوونەوەی ئەم قاچانە لەو ڕێیانە
ناونیشانی زۆر هەواریان تیا ون کردووم.
جیابوونەوەی ئەم گوێیانە لەو بەستانە
چەند هاژەیان تیا کەڕ کردووم.
- نامۆیی چییە؟ لێی پرسیم.
وەکوو فیشکەی شەمەندەفەری هەزارپێ
شەو درێژ و ئاخ درێژ و دووکەڵی یادم درێژ بوو.
شەوقی گڵۆپی زەردباوی کابینەکە
ئەیدا لە تەمی دەروونم
لەو ساتەدا وام هەست ئەکرد:
من دەشتێکی چۆڵ و هۆڵی
وەکوو ئەو دیو پەنجەرەکەم!
وەک جانتاکەم شەوگار هەر تەکەتەکی بوو
خەوی زڕاو بووبوو بە جامێکی مس و
لەگەڵ هەموو سەرسمێکی ئەو شەوەدا
لە سەرما ئەزرنگایەوە..
لەو ساتەدا وام هەست ئەکرد:
گڵۆپی زەردباو هەر خۆمم
تەم هەر خۆمم
هێڵی ئاسنیش هەر خۆمم
ڕێگا خۆم و کۆچ هەر خۆمم.

- نامۆیی چییە؟ لێی پرسیم.
مەی: ئەستێرکێکی کڵپە بوو
سەرم تیا نوقم کردبوو.
خەیاڵی لەرزۆک لانکەم و
بێ هودەیی ڕایئەژەنیم.
لەو ساتەدا وام هەست ئەکرد:
شووشەیەک مەیی ڕژاوم
شووشەیەک بادەی شکاوم و
هەر بەتەنها ملەکەمم پێوە ماوە و
ئەم جیهانەیش تووڕی داوم!

- نامۆیی چییە؟ لێی پرسیم. چی پێ بڵێم؟
بڵێم: دڵداریی نێوانی خەون و خاکە؟
یان هەناسەی گوڵێکە دوور لە باخی خۆی؟
یان وێڵبوونی تەماشایە بەدوای یادەکانی خۆیدا؟ !
یان تەنیاییە ئەو کاتەی ڕەو ئەکات و
نیشتمانی لە کۆڵدایە؟ !
یان ئاوێنەیە و بۆ سیمای یادێ ئەگری؟
چی پێ بڵێم؟ ! بڵێم نانێکی سەرساجە و بیری ئەکەم؟
بڵێم بۆنی مێخەکبەند و بۆنی دایکم و
بۆنی کچانی گەڕەکە و ئیستە نایەن؟
بڵێم شێت بوونی ڕێواسە
دوور لە کەلیخانی وڵات؟
بڵێم مەراقی سووری هەناری ئاوارەیە
بۆ شارەبان؟ !
یان سەودای زەرد و سپییە بۆ نێرگز و
یان شەیدا بوونێکی سەوزە بۆ بەهاران؟ !
بڵێم دووریی نێوان من و کورسییەکە
لە چایخانە بچکۆلەکە؟ !
نێوان من و مێزی یانە و ئێوارانی چیمەنەکە؟ !
چی پێ بڵێم؟ بڵێم نامۆیی دیوارە؟
یان بڵێم عیشقە بۆ قوڕی کۆڵانان و
بینینەوەی شێتەکانی شارەکەم و
یان ماچێکی باڵکراوە و ناگاتەوە ئەو هەوارە؟ !
من لە دواییدا پێی ئەڵێم:
شپرزەیی هێندە باڵی نامۆییمی ڕاکێشاوە
تۆڕی گلێنەم ڕایەڵی تیشکەکانی
خاو بۆتەوە و
لەم دوورەوە وەختێ ئەڕوانمە نیشتمان:
هەموو یادێ، هەموو شوێنێ
هەموو خەونێ، لەبەرچاوی یادگارم
ئەبن بە دووان، ئەبن بە سیان
ئەبن بە دە.. ئەبن...
چیی پێ بڵێم؟ !
چیی پێ بڵێم؟ !
چی؟ !
***
ئەمەیش ئەو باڵندەی سترانە سپییەیە
کە هەموو شەوێ لە گەرووی بەتەمومژی
شاعیرێکی سەوداسەرەوە بەرەو
کازیوەی چاوەکانی خاک باڵ ئەگرێ:
تا زریان نەبوو بە ئەسپم
چیا جڵەوی نەگرتم.
هەتا هەڵۆ باڵەکانی خۆی نەدامێ
شیعرم نەفڕی.
هەتا یار نەبوو بە هەنگم
شانەی هەنگوینم لا نەبوو.
هەتا شەهیدی وڵاتم
نەهاتنە ناو باخچەمەوە
هەڵاڵەم سوور هەڵنەگەڕا.
تا نامۆییش نەیدام بە دەم
خەزانەوە
بەهاری خۆشەویستیم نەدۆزییەوە!
١٩٩١/٠١ ستۆکهۆڵم

پەراوێز edit