ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
هەر ئەمشەو درەنگان لە کەنار
ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
ئەو کاتەی مانگ سەری وڕی خۆی
ئەخاتە سەر شانی گردۆڵکە و
«با»یش ئەڕوا بۆ سەمای هێواشی
هاوینەی لێڕەوار
هەر ئەمشەو ئەوکاتەی کە لمی
لەش گەرمی بەستێنیش وەکوو بەرد
شەکەتە و خەواڵوو
ئەو ساتەی گژوگیا
بەرامبەر تریفەی حەپەساو
بەوەنەوز پێڵوویان قورس ئەبێ و
کەنەفت و ملیان لار!
هەر ئەمشەو ئەو کاتەی فریشتەی داستان و
پەرییەکان، لە پەردەی زیوینی کەژاوەی ئاوەوە
ڕووت و قووت دێنە دەر، ئەڵقاوئەڵق دەس ئەگرن
بەچرپە ئەدوێن و چراوگی ئەوینیان
ئەخەنە سەر زینی شەپۆل و
«تانجیک»ی نوور ئەدەن
لەقژی درێژیان.

هەر ئەمشەو ڕێیەکی شین باوی نەهێنیی
ئەمباتە کەناری ئەو گۆمەی تەنیشتمان
لەشوێنێک نەپندی
نەپندی وەک جێگەژوانی بەفری خوا و
بڵێسەی عەشقێکی ئەبەدی
چەپەک، وەک ژێر کەپرە ساردەکەی
دەروونی غەریبان
کڕ، وەکوو سێبەری تەنیایی
شەوانی غەریبان.
وەکوو عەشق
سۆز ئەمبا
ڕەنگە لای برینی بێ‌ناڵەی دارمێوێ
لا بدا و دامبنێ..
ڕەنگە لای سووتانی بێدەنگی دار بییەک..
ڕەنگە لای هەناوی کۆڵراوی گابەردێ..

چەند ساڵە من لێرە بنچکی
سەر ژیلەی، چاوەڕێی ئەمشەوەم
چەند ساڵە من سەرم هەورێکی نەبارە و
چاوەڕێی هاتنی بارانی ئەم خەوەم.
من ئەمشەو:
مەچەکم و چاوەڕێی پەنجەمم.
قاچم و چاوەڕێی ڕێگەمم.
پژوپۆم سەرکۆنەی «با»ی زۆرکرد
بۆ نەهات؟ تاڤگەی ئەو زەڵمە بۆ نەهات؟
نەگەیشت، ئەو هاژەی ئەوینە، نەگەیشت.
باڵندەی پرسیارم بە دەنووک
کراسە شینەکەی ساماڵیان کونکون کرد
بۆ نەهات؟ ئەو کۆتری هەتاوە.. بۆ نەهات؟
نەگەیشت؟ ئەو خەمە سەرکەشەم، نەگەیشت؟
بۆ نەهات؟ ئەو ڕەزی هۆنراوە سپیانە.. بۆ نەهات؟

ئەو کە هات دڵنیام
لەگەڵ خۆی نیشتمان ئەهێنێ
لە قولی مشتیدا کێوان و لە پێڵوی ماندوویدا
دەریاچە ئەهێنێ.
ئەو کە هات دڵنیام
ئەوینی شارەزوور تەڕ تەڕی کردووە.
ئەو ئیستە سۆزێکە شەڵاڵی غوربەتە و
بە باڵی چریکەی لەسەر تەم ئەنووسێ و
تەرزەیە و
شەختەیە و
ئاگری گرتووە!
ئەو کە هات دڵنیام
هەر یەکسەر هەواڵی
دارچوالەی ئاوارەی «زەردیاوا» ئەپرسێ!
پەرۆشە
پەرۆشە
بۆ ئەوەی گەڵایەک فرمێسکی
دارەکەی شێخ هەباس ببینێ
سووتاوە بۆ ئەوەی ڕێحانە بسکێکی
کچێکی سنەیی بۆن بکا و
شێت بووە بۆ ئەوەی
لە دەشتی بەرینی دەنگێکدا
هۆرەیەک ببیسێ.

نازانم! ئەو وەختەی ئەو نوورە بە سامە وەک تیرێژ
خۆی ئەکات بە شەوی خەڵوەتما، ئەمخاتە تەندوورەی
پرسیاری خۆیەوە، ئەمخاتە گێژەنی ئەوینی خۆیەوە، گومانم
پەرت ئەکا، سەرتاپام لە سۆزیا غەرق ئەکا.. من چی بکەم؟
چۆن چۆنی چەخماخە و برووسکەی ئەو عەشقە بدوێنم؟
بڵێم چی؟ کلیلەی ئاسنیی ئەم دەمە بەستراوە چۆن بەر بێ؟
من چی بکەم؟ بۆ ئەوەی حەسرەتم بە هەتاو بپژێ و وەرینم
گوڵ دەرکا و بە باڵای ئاسۆدا هەڵزنێ؟
دڵنیام کە بینیم
پەلوپۆی تاریکیی بەرچاوم.. چراخان هەڵئەکەن
تینوێتیم کارێزی ئەتەقێ و
مەلوولیم سایەقە ئەکات و
ئاسمانی ڕۆحی ئەو باوەشی پیائەکەن!

نازانم پێشوازیی عاشقێ لە خۆری عاشقان چۆن ئەکرێ؟
نازانم پێشوازیی غەریبێ لە مانگی غەریبان چۆن ئەکرێ؟
نازانم ئەو وەختەی گەڵایەک
ئەگاتە بەردەمی زریانێ چی ئەڵێ؟
یان تاقە دڵۆپێ لە ئەوین
ئەو وەختەی ئەگاتە
زەریایەک لە ئەوین.. چی ئەڵێ؟ !
بەڵێنە درەنگان هەر ئەمشەو لە کەنار
ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
دوو قۆڵیی یەکتری ببینین
«من ئەبێ هەڵکشێم
بۆ ئەوەی بەرزایی بمناسێ
من ئەبێ ڕۆ بچم
بۆ ئەوەی قوڵایی بمناسێ»
من زووتر ئەگەمە لای کەنار
پێش وەخت، بەچرپە بە ئاو و بەرد ئەڵێم: کێ ئەگات!
من زووتر، لەسەر گۆم شیعری خۆم ئەنووسم.
پێش وەخت، من سەرم وەکوو تاق لێئەدەم
ئارامی شپرزەم لەڕۆخدا ئەڕوێنم.

لە ژووری زەردباوی خەماندا
جڤینی غەریبان ئەم شەوە
لە بەردەم شای کۆچ و پیرەکەی موغانی شاخاندا!
جڤینی گوڵاڵە و خۆڵەمێش
جڤینی ئاو و گڕ
جڤینی تیشک و تەم
جڤینی فرمێسک و نیشتمان ئەم شەوە.
پێدەشتی زیوینی ڕۆح شوێنە و
کات لەژێر ڕکێفی عەشقایە و
چاوی خوا مەشخەڵی ئاسمانی ئەم شەوە.

من کە چووم بە نیازم لەگەڵ خۆم لە سنگما
ڕۆژنامەی ڕەشەبای خوێناویی دوو سەدەی
کێوانی بۆ بەرم.
یادداشتی دووکەڵی زامانی دوو سەدەی
پێدەشت و بناری بۆ بەرم.
بەنیازم ئەلبوومی ڕەنگینی ئازار و ژان و سوێی
قرچان و سووتان و زریکەی
ئاو، گڵ، دار، بەرد، شار، گوند
ئاژەڵ و باڵدار و بێ باڵی
دوو سەدەی بۆ بەرم!
بەنیازم وەختێ چووم لەگەڵ خۆم لە چاوما
بەتایبەت
ئاسمانی خنکاوی هەڵەبجەی بۆ بەرم.
بەڵێنە هەر ئەمشەو دوو قۆڵی درەنگان
لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
پێک بگەین.
یەکەم جار:
ئەستێرکی باوەشمان
پڕ ئەبێ لە خونچەی ماچی سوور
باڵایشمان ئەبێتە دوو ئاوان.
هەردووکمان وەک سەرمان

عەشق ئەنێین بە عەشقی یەکەوە
مێژوومان: داپیرە و
هۆنراوەیش ئەکەینە ئاگردان.

بەڵێنە هەر ئەمشەو درەنگان دوو قۆڵی
لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
من و مەلا خدری ئەحمەدی شاوەیسی مکایڵی پێک بگەین:
پێک بگەین وەکوو دوو پەپوولە
پایزەی گیرساوەی سەر دڕکێ!
وەکوو دوو بریسکەی کشانی ئەستێرەی ناو خەونێ.
وەکوو دوو زەمانی ئاوێتەی یەک کۆچ و ڕەوەندێ.
وەکوو دوو قەسیدەی گریاوی یەک دیدە.
وەکوو دوو باڵندەی غەریبی ئاسمانێ.
بەڵام من ئەزانم ئەو زێیەی
لە گیانی بێ ئۆقرەی شیعرمدا بۆی ئەبەم
هەناسەی سوورترە،
زریکەی بەخوڕتر،
فرمێسکی درێژترە،
لە شیوەسوورەکەی سنگی ئەو.
بەڵام من ئەزانم ئەو بێشەی ژوارەی
کە ئەیدەم بە کۆڵی سەیوانما و بۆی ئەبەم
هەنسکی چڕترە
سێبەری وەیشوومەی کڕتر و
قوڵپەکەی بەربینی درەختی پڕترە
لە سارای خاک و خۆڵ.
بەڵام بۆ شیعری جوان، زرنگەی پاوانە
قەسیدەی شۆخ و شەنگ
بۆ کانە پرشنگی هزری ورد، بارانی خەیاڵ و
بریقەی هەستی تەڕ
پێی ئەڵێم:
بێگومان.. سەروەرم! .. بێگومان
وشەی تۆ قووڵترە
حەرفی تۆ گەشترە
دەنگی تۆ پڕترە.. بێ دەعوام، پەتکیش نیم! .
پێی ئەڵێم:
گەورەی من!
پێم ناڵێی ئەو هەودای گزنگی چاوانەت
چۆن ئەکەیت بە دەرزیی حەرفەوە
بۆ ئەوەی خەم بدروویت
بەباڵای حەبیبە و عیشقەوە؟ !
پێی ئەڵێم:
بە گەڵا تەقەڵی پایزان
چۆن هەور دائەدرووی
بە شانی غوربەتدا و چۆن فرمێسک ئەڕوێنی و
 هەواری بروسکەت چۆن خستە سەرتەوە؟ !
پێم ناڵێی، سەروەرم! ئەو سڕڕەم پێ ناڵێی
ئەسپی «با»ی زمانت چۆن ڕام کرد؟
لە کوێوە چوویتە ناو دڵۆپی باران و
چۆن توانیت بە تیشکا هەڵگەڕێی؟ !
چۆن توانیت؟
سەرچنار، بەکرەجۆ، خاک و خۆڵ،
خانەقا، هەر هەمووی لە زامی هیجرانت
بار کەیت و ئەو زامەیش
بخەیتە خوێناوی تانجەرۆی دڵتەوە؟
چۆن توانیت بە جومگە و بڕبڕەی شیعرێکی لانەواز
پردەکەی سەرشەقام دروست کەیت؟
چۆن توانیت دەروونت بەدەمی هیلالی لاوازت
هەڵکەنی و دارەکەی پیرمەسوور لە ناویا بنێژیت؟ !

پێی ئەڵێم: گەورەی من!
چۆن توانیت بە تاڵە زوڵفێکی حەبیبە
گردۆڵکەی ژانی خۆت لە قەدی شەوانی تەنیایی
شەتەک دەیت؟
چۆن توانیت بێ سەوڵی دوودەستی نیشتمان
بە گەمیەی نێو مەوجی گەرداوی غەریبی
ئەم ڕێگای نەهاتە وا تەی کەی؟ !
پێی ئەڵێم: سەروەرم! من وەکوو بزانم
ئەو خاکەی کە ژانت تیا پشکووت
بەرکاوی تینویەتی عەشقێکی بەپیت بوو
من وەکوو بزانم
تۆ شەوت بۆ گریەی چاوانت قۆرغ کرد.
سووتایت و ئەوساکە کازیوەت
گوڵ شیعری خۆری گرت!

هەر ئەم شەو درەنگان دوو قۆڵی
لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
یەکتری ئەبینین
جڤینی غەریبان ئەم شەوە
سووتانی غەریبان ئەم شەوە
ئەو وەختەی ئەگاتە بەردەمم
ئەو ئاوە و من داربی و کڕنووشی بۆ ئەبەم.
ئەیبینم: چڵێکی دارەکەی پیرمەسوور
گۆچانی دەسێتی.
ئەیبینم: ڕێ ئەکا و دوو سێ پۆل چۆلەکەی «کانی با»
بەدەوری دەغڵەکەی ئەو سەروڕیشەدا خول ئەخۆن.
ئەیبینم دووراو دوور ئەیبینم!
پەڵەیەک گوڵجاری گوندەکەی ماڵیاوا
سەرپێچی سەرێتی.
ئەیبینم: ئەڕوات و تانجەرۆ ئەم قاچی و
شیوەسوور قاچەکەی ترێتی.
شانومل دەوەنی لای «تەکیە»ن؟ !
یان مۆم و ژێرپیاڵەی حوجرەکەی
مزگەوتی سەی حەسەن؟
ئەو پەنجەی دەستانە پەلکە گیای
لەرزیوی گوێ زەڵمن؟ !
یان هەنگی نێو شانەی قەسیدەن؟ !
ئەوەندەم پێ ئەکرێ هەر کە هات
تریفەی بۆ بکەم بە فەرش و
لەبەر پێی سیروانیا ڕای بخەم.
ئەوەندەم پێ ئەکرێ
لە دوودی هەناسەی درەختی عەلەم دار
وەک لاکێش
پارچەیەک لە دووکەڵ ببڕم و ئەستێرەی
ئەم دڵەی پێوە کەم بۆ ئەوەی بۆی بکەم
بە ئاڵای پێشوازیی ورشەدار.
پێش ئەوەی ئەو بگات من دێنم
لە هیلال، کەژاوە و لە گریان، ئەسپێکی حیلەدار
زین ئەکەم؛ سووتانم سوار ئەکەم
تا بە غار خۆی بکات
بە گەلیی ئەو کۆچی بەفرەدا و
دووراو دوور بڕوانم، پێش ئەوەی ئەو بگات
بزانم چۆن ئەبم بە هەڵم و
چۆن ئەبم بە قەترەی ئارەقی
سەرگۆنەی شیعرێکی دوور وڵات.
هەر کە هات پێی ئەڵێم: سەروەرم! بۆ پرسیت؟
«زارم وەکوو هیلال و نەحیفم وەکوو خەیاڵ
ئایا بەزاردا دێمەوە و بە دڵدا دەکەم عوبوور؟ !»
پێی ئەڵێم:
قوربان خۆت دارشاتووی وشەیت و
خۆت باڵی دەنووکی گۆرانی و
یەکەمین جۆلانەی «هیلال»ی هەڵبەستی
هەر خۆیشت شمشاڵی لالێوی کەژان و
هەر خۆیشت ئاوێنەی «با»ی سەوزی پێدەشتی.
پێی ئەڵێم:
گەورەم! تۆ
لەدوای خۆت بۆ ئێمە
میراتی خەمێکت بەجێ هێشت
بەردەوام بە هاژە و کەف چڕین، وەک زەڵم و
کەڵەگەت، وەک هێرۆی قژ سووری
گوێ زامی تانجەرۆ!
بەڵێنە هەر ئەم شەو درەنگان لە کەنار
ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان دوو قۆڵی
یەکتری ببینین!
هەر ئەم شەو، من، نالی، حەزرەتی غەریبان ئەبینم.
ئەو، شەوە لە گزنگ موتوربە کراوە ئەبینم.
ئەو، کێوە کۆچەرە ئەبینم.
ئەو، بەفرە فەرەنجی لەبەرە ئەبینم.
هاوینە و لە ماڵی پایزدا جڤینی غەریبانە ئەم شەوە.
لە کوێوە داربەڕووی لانەواز
ڕەگ ئەدا بە کۆڵیا و ئەگاتە ئەم ناوە؟
لەکوێیە پرشنگی دەربەدەر؟
لەکوێیە ڕووباری ئاوارە؟
ئەستەمبووڵ، لانکەیە بۆ هەتاو؟
ئیستگەیە بۆ خەونی غەریبان؟
یان تۆڕە بۆ مانگ و چەقۆیە بۆ ملی ئەستێران؟
ئەستەمبووڵ دەروازەی بارانە؟
یان شاری کوللەیە و شمشێری دەس سوڵتان؟
ئەستەمبووڵ سروەیە؟ ! ئارامە؟ ! هەتوانە؟ !
یان خوێیە بۆ زامی گەڕیدەی عاشقان؟ !
لەوێوە نالی دێ و شارەزوور لەگەڵ خۆی ئەهێنێ
لەوێوە قەقنەسی ئەو خەمە باڵ ئەگرێ و هەڵ ئەفڕێ و ئەسووتێ!
ئای عەشقی داروبەرد، وای عەشقی خاک و خۆڵ!
ڕۆژ نییە ئەو نەبێ بەمێرگی خەونێک و
وڵاتیش بە جوانووی غارکەری نواڵەی سەرسنگی!
ئای عەشقی ئاو و گڵ، وای عەشقی گژوگیا و لق و چڵ!
ڕۆژ نییە ئەو نەبێ بەکانیی یادێک و
وڵاتیش بە قاسپەی کازیوەی نێو دەنگی.
ئای عەشقی مەڵکەندی، وای عەشقی کانێسکان
شەو نییە ئەو نەبێ بە چیغی سەربانێ و
شارەکەی بە «مانگ»ی وەریوی هاوینی خەیاڵی.

بەڵێنە هەر ئەم شەو درەنگان دوو قۆڵی
لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان یەکتری ببینین
تا ئەودێت، تا ئەگات
من ژاڵەی تەماشام لە سیلەی
هەر دێڕە شیعرێکی غەریبدا ئەنێژم.
هێڵ بە هێڵ
هەناوم بە قەڵەم ئەکێڵم
ئازارم چووز ئەکەم لە تیشک و
سەریشم پڕ ئەکەم لە باران.
تا ئەو دێت، تا ئەگات
من چرای دیوارکۆی ملی خۆم
لە حوجرەی «تەکیە»دا هەڵ ئەکەم.
زرێبار ئەهێنمە ڕۆحمەوە و
بە ژێی ئاو کەناری تەنیاییم وەکوو تار لێ ئەدەم.
تا ئەو دێت، تا ئەگات
من ئەبم بە پەیکی شارەزا و بە –بادی خۆش مروور-
لەسووتووی هۆرەکەی هاواری شارەزوور
بە دیدەم مێژوویەک ئەشێلم، ئەیشێلم
تا ئەیکەم بە سەری بڕڕاوی «سالم» و
بۆی ئەبەم!
بەڵێنە هەر ئەم شەو درەنگان
لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
دوو قۆڵیی پێک بگەین:
ئەزانم هەر کە هات وەک ئەسپی بوولەرە
ئاپوورەی پرسیاری چون پڕمە و سمکۆڵ و چەپۆکان ئەخرۆشێ.
چون ژانی خەزان و هەڵوەدای زریانی بێ‌داڵدە و بێ‌پەنا
هەناسەی ئەو سینە شەقارە لە مەنفام ئەورووژێ
ئەزانم هەر کە هات
ئەو ئەبێ بە حیلەی سۆراخ و
بڵێسەی ئەداتە چوار ناڵە و
تەپوتۆز لە دەشتی ئەم سیما خۆڵینەم هەڵئەسێ
ئەپرسێ و ئەپرسێ.. ئەپرسێ
ئەمجارە، ئەو بەردی کۆڵانی یادێک و
ئەو داری نێو خەونی باخێکی وڵاتی گوڵ عومەر
نامێنێ هەواڵی نەپرسێ
ئەمجارە ئەو باڵای قەسیدەی نیشانەی پرسیارە و
لەو پەڕی هەر بستە سۆزێکی هەواڵدا
چاو لە ڕێ دایئەنێ!
ئەمجارە سالمی ناو زوڵمەت
یەک گەمیەی چارۆگە سووتاوی شەو نییە.
ئەمجارە «سالم»ی هاوڕێی جێنیشتەی دۆزەخ و
هۆنراوەی داپڵۆخاو، زوخاڵە وشەی شار،
قەڵەمی باڵکراو، ڕێچکەن و کاروانی دووکەڵ و
سێبەری پەرت پەرتی وەیشوومەن.
ئەمجارە –نارەوەن- بەتەنیا
پەنجەرەی حوجرەکەی خانەقا بۆی ناگری
ئەمجارە هەر پردی سەرشەقام
بڕبڕەی پشتێکی شکاوی گۆرانیی شار نییە.
بە تەنیا «کانی با» ئاخێکی گرمۆڵە و
سەرچنار مراویی خنکاو و
بە تەنیا حەبیبەیش یار نییە.
کە گەیشت پێی ئەڵێم: سەروەرم!
سەرکردەی لەشکری خەم و داخ!
مەترسە لە دوای تۆیش سوپاکەی خەمانمان
بەهێزە و سەرکەوتوو،
لەدوای تۆیش نەشکاوین، بۆ بشکێین؟ !
کە شادی ئەوندە لاواز بێ و ترسنۆک
بۆ بشکێین؟ !
کە خۆشی هێندە زوو
لەبەردەم هێرشی کۆستماندا ببەزێ!
***
من دەمێک بوو، وێنەکێشی خولیای سۆفیم، بەرامبەری ئەو ئاسۆیە
ڕاوەستابوو. من دەمێک بوو جووڵەی پەنجەم
بووبوون بە هێڵی باڵای ئەو. تروکەی چاو:
بە نوختەی سەر تەوێڵی ئەو، هەناسەکانم:
بۆشایی و ئازارەکانم ڕووناکی و شەوقم سێبەر.
من ئیستاکە وشەم لەناو دەفری شیعرا ئەگرمەوە،
خەون و سروشت و ڕەنگ و دەنگ تێکەڵ ئەکەم.
وێنەی نالی وا ئەکێشم:
سیمایەکی بەزەڕکەفتی ئەشکەنجە و داخ درەوشاوە
یان گردە تەمێکی تێکەڵ بە زەردەپەڕی ئێواران.
دوو چاوی ڕوون: لە بنیاندا چەوی خەیاڵ تروسکەی دێ؛
دوو گۆی ورشەدارن لەناو دوو کالانەی قووڵ و ماتدا
بزاڤیان تیژ و بێ‌ئۆقرە..
بە سەریانەوە دوو برۆی تەنک، پەیوەست
بەردە نوێژی تەوێڵێکیان هەڵگرتووە
کە باران و گوڵ و شیعر
نوێژی لەسەر دائەبەستن.
دوو ڕوومەتی پڕ لە دێراو
بە «جووت»ی ساڵ ڕێ ڕێ بوون و
کەوتوونە بەر چڕیی سێبەر.
کەپوویەکی بەقۆرت، تووڕە.
دەم و لێوێک وەک هەمیشە ئامادە بێ
ماچی خۆشەویستی بکات.
ڕەنگی قژی: تاریک وڕوون.
دەست و پەنجەی بچووک بچووک منداڵانە.
دەنگی: هێور.. وەختێ ئەدوێ
دەستیش ئەبن بە جۆلانە و بە پاڵەکانی ئاخاوتن
دێن و ئەچن.
کە شیعر ئەخوێنێتەوە، لە گەڵیا ئەچەمێتەوە
وەکوو سوجدە بۆ زمانی کوردیی بەرێ وایە.
پالیک و ڕیشی تێکەڵاو
سنووریان زەردیی دووکەڵە.
دەمارەکانی پشتی دەست
وەک جۆگەلەی باریک و شینی سەر نەخشەن.
لە زۆر کەس باڵای کورتترە.
بەڵێنە هەر ئەم شەو دووقۆڵی درەنگان
لە کەنار ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
یەکتری ببینین:
هەر لە دوای گەیشتن..
ئەو ساتەی کە دەستم ئەخەمە ناو دەستی غوربەتی
دە شمشاڵ پەنجەمن و نامۆیی هەردووکمان ئەژەنن.
ئەو ساتەی هەواری ڕیشەکەی ماچ ئەکەم
دوو لێوم کەناری کانین و وڵ ئەگرن.
ئەو ساتەی کە چاوم ئەبڕمە نێو چاوی هیجرەتی
فرمێسکم پەپوولەی سپین و لە زەردەی ڕوخساریا هەڵئەفڕن.
ئەو ساتەی کە پرژە و تنۆکی دووانی لێم ئەدا
قاقڕ وڕووتەنیی بیستنم
بە ئاوی دەنگەکەی شین ئەبن،
ئەو ساتەی پێی ئەڵێم: سەروەرم!
لە ئاوی پرشنگتا غەرقم کە
بۆ ئەوەی لە قووڵیی سۆزتەوە
بگەمە ناخی خوا و
ئەم تەمی گومانە لەسەرچاو لابەرم.
پێی ئەڵێم: سەروەرم!
تۆ نووری تەوێڵی وڵات بووی گەیشتی
ئەوەتا من لێرە چوار وەرزە تەنیایی
بە بێڵی تاریکی ئەمکێڵێ
تەماشا! زەمانی وەڕس بوون خەریکە
بە دەنووک هەناوم کون بکا و ئارامم هەڵکۆڵێ.
سەروەرم! من ئیستا بۆ گیانم تیرێژێ
پەنجەرەی ئەزمڕم لێت ئەوێ.
مەهێڵە ئەم هەوای ناسۆرە
ڕەنگ و بۆی هۆنراوەم بەرێت و
مەهێڵە لاوکم هەڵوەرێ!
سەروەرم! من ئیستە لەم دوورە
کەوێکی کەسیرەم
بۆ چینەی گۆرانیم
بۆ باڵی دڵداریم.. سەروەرم!
من مشتێ لە خۆڵی سەیوان و
کاسەیەک بارانی سەر گۆیژەم لێت ئەوێ.

بەڵێنە هەر ئەم شەو درەنگان لە کەنار
ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
دوو قۆڵی یەکتری ببینین
ئەزانم هەر کە هات.. پێم ئەڵێ:
-ئەستەمووڵ دەشتی خوێ و
برینم ڕێبواری پێپەتیی سەر ئەوە
من گەڵا ئاخێکی وەریوم
ڕەشەبای مەوسیمی فیراقیش هەر ئەمبا و
ئاشییان بە تەنها قەڵەمی بێ خەوە!
ڕەفیقان! بەڵام ئەز هەتاکوو
ئەم ئاشی غوربەت و حەسرەتە بمهاڕێ
خەیاڵی حوزوری لای ئێوەم وردترە.
ئەم بادەی بەهەشتی سوراحیی گەردنەم
تا هیجرەت کۆنی کات
بۆ نەسلی قەسیدەی داهاتووم
نۆشینی خۆشترە.
عەزیزان! لە کوێ بم
تانجەرۆ ئاوێنەی پێش بووکی بەیازمە و
چاوانی حەبیبەیش کەوسەرمە!
لێی ئەچمەوە پێشەوە و ئەپرسم:
-سەروەرم!
کەی شیعر بە سەرتا ئەبارێ و
ئازارت تەڕ ئەکات؟
- ئەو فەسڵەی کە عیشق ئەبێتە ئاسمانم
ئەو دەمەی کە سەرم
چەخماخە ئەدات و
ژان ئەبێ بە هەورم.
-سەروەرم! ئەی بادی خۆش مروور هاتەوە؟
تەتەری ئەو خۆزە عەوداڵە چی ئەڵێ؟
ئەو پەیکە لە کوێیە؟
دیدەنی خاک و خۆڵ کەی ئەکەیت؟
-ئەویش وەک کۆترەکەم
وەک خەونی ژوورەکەم
وەک دەنگی سالمی هاوڕێم
لەوێیە و عاسییە
تەتەری ڕۆحەکەم!
بەڵام من ئەمجارە لەسەر ئەو ناوەستم ئەچمەوە.
بەهارێ ئەچمەوە، کە سیروان وەکوو من
ئارامی هەڵئەستێ. مەوسیمێ کە خونچە
وەک پەنجەم، قەسیدەی پشکووتن
بۆ لێوی حەبیبە و شارەزوور ئەنووسێ.
ئەو دەمەی هەڵەبجەی کەژاوە
بەسواری ئەسپەکەی مەولەوی
سەوزتر دێتەوە ناومان و ئەو دەمەی
کە «گوڵان» لە ماچی هەتاودا غەرق ئەبێ.
سێ کوچکەی سەفەری بارانین سێ قۆڵیین
مەولانە و حاجی و من
بڕیارە ئەمجارە پێکەوە بگەینە ساراکەی وڵات و
پێکەوەیش لەسەر خەم دابکەین!
- ئەی باشە سەروەرم! کەی هاتی؟ چۆن هاتی؟
سالمت نەبینی
پێش ئەوەی کۆچ بکەیت؟ !
- لەبیرمە ئەو سوبحی پایزەی کۆچم کرد
منیش وەک نارەوەن ئەوەریم.
بەیانیم غورووبی وەسڵم بوو
ئاگر بووم لە سەرمای فیراقدا ئەلەرزیم
بەڕێوە کوڵوکۆم بردە لای
سالمی نەسیمی شارەکەم
گریانم ماچی کرد، خەزانم باوەشی پێدا کرد
لە بیرمە پێی وتم: ڕەفیقی ڕۆحەکەم!
وێڵاشی تەنیاییم
بەم وەرزی ناوەختەی چاوڕێزان بەرەو کوێ؟
بەرەو کوێ چاوەکەم؟
ڕووی ژیلەی خۆم تێکرد:
«ئازیزی ئازیزان!
چارەنووس ڕێبواری ڕێی هات و نەهاتە و
نازانم هودهودی ئەم ڕۆحەم
بەرەو کوێ ئەفڕێت و کام کونجی غەریبی
ئەبێتە هێلانەم.
نازانم؛ مەوجێکم سەری خۆم لە خۆڵدا هەڵ ئەگرم.
شیعرێکم تلاوتل ئەڕۆم و درەختم باڵ ئەگرم.
سالمی هەناسەم! ئەرجوی من هێندەیە:
کە جارجار ئەستێرەی کشاوی یادی من
لە خەونی قەسیدەی جوانتانا ببینن»
ئەوەندە و ڕۆیشتم و لەو لای وەیس بەو لاوە
بۆ دواجار ئاوڕم لە چاوی جێماوم دایەوە
ئاوڕێ لەو ساوە: شەوگاری هیجرەتم
گۆچانی تاریکیی دایە دەست غوربەتم.
لێرەدا پێی ئەڵێم: گەورەی من! ڕێم ئەدەی تا منیش
ئەو شیعرنامەیەی کە دابووم بە هەمان –باد-ی تۆ، بە هەمان
پەیکی تۆ، تا بیبات بۆ چەندان سالمی شارەکەم
شارەکەت، نیشانی تۆیشی بەم؟ ڕێم ئەدەی.. گوێت لێ بێ؟
بەڵام من سەروەرم! ئەزانم کە گوێی تۆ، چاوی تۆ،
نائاشنان بە زەنگ و بە وێنەی زایەڵە و تان و پۆی
ئەم جۆرە شیعرانە! وتت چی.. سەروەرم؟ دڵنیام ئەو ئەڵێ:
«ناسکبێ و خەیاڵی تیا بفڕێ.. حەز ئەکەم گوێم لێ بێ».

سالمەکانی وڵاتی خەندەی گریاو!
ئەی کەشتیەکانی نێو تۆفان!
هاوڕێیان!
لە بەندەری تەمومژی ئەم کۆچەوە
کە شەوتانی بە ئەستێرە و شیعر و زام و
چیرۆکەوە کردۆتە کۆڵ..
لەم بەندەری غوربەتەوە ئەتانبینم:
لە نێرینەی زەریایەکی ترسا
لەگەڵ نێرە نەهەنگێکی شێتا
کە مێژووی لیخن کردووە و
ئێسکی خۆرەتاو ئەکرۆژێ و
جوانی ئەخوا..
ئەتانبینم: هێشتا لەسەر تەوقی سەری
وەکوو چاوتان، وشەتان پریشک ئەهاوێ و
دەنگتان گڤەی هەڵکردنی هەر پێ ماوە.
ئەتانبینم: چرای ستوونی قەڵەمتان وەک گەردنتان
گەش ئەسووتێ و
چارۆگەی هیوای سپیتان نەژاکاوە.
ئەی کەشتیەکانی نێو تۆفان!
لەم بەندەرە لمینەوە
کە ڕووناکیی ئازارتانی تنۆک تنۆک هەڵمژیوە
ئەتانبینین: حووتی تۆفان بەدەم باداوەی زەردەوە
ئەتانبات و ئەتانهێنێ و
وەک لاشیپانی کەشتیتان
دەرگای لەشتان شەقەشەقی پێ ئەکەوێ و
بەڵام لوتکەی بەجریوەی گیانی شینتان
وەک باڵاتان ڕێک وەستاوە.
ئەتانبینین: لەناو ئابڵووقەی نێزەدا
سەرتان دم دمی تازەیە و
خانی لەپ‌زێڕینی وشەیش
قوللەی خامەی ئەم زمانەی بەرنەداوە.
«سالم»ەکانی وڵاتی خەندەی گریاو!
ئەی کەشتیەکانی نێو تۆفان!
هاوڕێیان!
تا ئەم تۆفانی نەهەنگە
کڕنووشی نیشتنەوە ئەبا بۆ زەمین و
هەتا تاریکی ئەوەرێ.
هەتا کەشتیەکانتان ئەیکەن بە جەژنی ئاو
هەتا بەندەرمان ئەیکەن بە جەژنی کەشتی
ئەبێ بانگی سەری ئێمە «نەء» و
سەوڵەکانی دەستی ئێوەیش «نەء» و «نەء»بێ
سالمەکانی وڵاتی خەندەی گریاو!
هاوڕێیان!
ئالەم تاقە وشەیەدا
دواڕۆژ هەناسە ئەدات و
هەر لەم تاقە وشەیەشدا
خەون هەڵدێ!
بەڵێنە هەر ئەمشەو لەکەنار ئەو گۆمە
غەمگینەی تەنیشتمان دوو قۆڵی
یەکتری ببینین:
وەک شادی کات کەمە و وەک کسپەیش پرسیار زۆر.
من ئەبێ ئەو «پرس»ە گرنگەم بیر نەچێت! هەر کە دیم
پێی بڵێم:
سەروەرم!
مەراقە.. لە دڵی زمانی کوردیدا.. مەراقە
لەبەرچی دارمێوی شیعری تۆ کۆچی کرد؟
بۆ ژانی بەیارت جێ هێشتین؟ !
بۆ بەسەر تینویەتیی ڕووباری گیانمدا
هەتا سەر دات نەکرد؟

- کوللە بوون تورکان و بەر خۆریان لێ گرتم. هەتاوم نسێی کرد
مەلێ بووم بێ تیشکی ئەو عەشقە ئەمردم. مەهێ بوو وڵاتی
بابانم. لەشەوی دەیجوری تورکاندا کە گیرا
کوشتیان و ئەیانویست بەخوێنی ئەو مانگە ئەز بیشۆم
چاوانم. چی بڵێم؟ نەشمویست لەنێوان، پاشاکان،
برالەی دوژمندا، بۆ عەجەم یان تورکان. من شیربم
یان قەڵغان!

- سەروەرم! دۆزەخی ئەستەمووڵ
هیچ لالە شیعرێکی تیا نەڕوا؟ !
دەریاچەی ئەو خەونە هیچ گەرا ئەستێرەی جێ نەهێشت؟
قەتارەی ئەو هەوری وشانە نەخرۆشان؟
گزنگیان دانەڕشت؟
بۆ جارێک، هەر جارێک، لەو ئاسکی شیعرانە
یەکێکیان ئەگەیشتنە لای ئێمە؟ !

- ئاخر چۆن بسووتێم.. ڕۆشن نیم؟
ئاخر چۆن هەڵوەرێم.. پایزی شیعر نیم؟
ئاخر چۆن شارەزوور.. هەورم بێت
سێڵاوی وشە نیم؟
ئاخر چۆن حەبیبە ئاسکم بێت
من دەشتی پاراوی خەیاڵ و بەستە نیم؟
کەم بووە شەوانە خەم نەزێ و
ئەستێرەی شیعرێکی لێ نەبێ!
کەم بووە ڕۆژانە من نەبم بە هەڵم و
دانەکەم بۆ شەوێ!
زیاتر لێی ئەچمە پێشەوە. بۆ مژینی خەمی سپی
خۆشەویستیم ئەبێ بە هەنگ، ڕیشی بە باخ.
زیاتر لێی ئەچمە پێشەوە، هێواش هێواش،
هەردوو کۆترە ساردەکانی دەستی ئەگرم،
هەر بەدەم گمەی شیعرەوە ئەیانخەمە
ناو سنگمەوە. بە گریان دایان ئەپۆشم.
هەوڵیش ئەدەم زەینی خۆم بکەم بە ماسی،
بۆ ئەو بەحرەی لەبەردەمما دانیشتووە.
هەوڵیش ئەدەم تەماشام بکەم بە بەران
بۆ ئەو کێوەی بەرامبەرم ڕاوەستاوە.
دواتر ئەدوێم. ئەبم بە چیمەنی قسە،
بە چوار دەورا ئەتەنمەوە. ئەوسا ئیتر
بەدرێژیی باسی شارو هەناسەکانی بۆ ئەکەم.
باسی سووڕانەوەی مێژووی خوێنی بە دەوری
کوردا بۆ ئەکەم. حیکایەتی بێ کۆتایی
«ڕیس و خوری»ی تفەنگەکانی بۆ ئەکەم.
باسی «تاقمی مومتاز»ی قوربانیەکانی بۆ ئەکەم.
شەڕی نێوان سەری خۆم و دەستی خۆمی
بۆ باس ئەکەم. ڕووناکیی بۆ ئەگێڕمەوە.
تاریکیی بۆ ئەگێڕمەوە.
ئینجا تۆزێ ئەچمە دواوە. ئەو ماچانە و
دیوانە تازەکەی خۆی و ئەو کوڵەباڵەی
بە دیاری مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس
بۆی ناردبوو، ئەیان پێچم لە ڕێحانەی
بیارەوە و لەسەر ڕانی بۆی دائەنێم.
ماچەکان ئەخاتە سەرچاو. پڕ بە گیانی
ئاوارەیی بۆنی ڕێحانەکان ئەکات. هەر لەوێدا
کوڵەباڵیش لە بەر ئەکات. دیوانەکە ئەکاتەوە
دەستێک بە ڕیشیا ئەهێنێ. ڕووم تێ ئەکات و
پێم ئەڵێ «ئەم پیرەیشمان چیایەکە وەک
شنروێ.. واصلی کە عەبیری سەلامم
بەو و پێشی بڵێ لە دڵمایە وەک تانجەرۆ»
لەپاش تۆزێ هەڵئەسین و ئەیبەم، ئەچین،
بە گوڵزارەکەی مەسعووددا سوڕێک ئەخۆین.
چاوم لێیە لە هەندێ شوێن دائەنەوێ و
بۆنی گوڵەکانی ئەکات. ڕائەمێنێ، لە سەرتڵی
قسەکانی، شاگوڵێکیان ئەکاتەوە و ئەیخاتە بەر
پشتێنەکەی ئاوڕم لێ ئەداتەوە. پێئەکەنێت و
پێم ئەڵێ «ئەم باخەوانە تێم ئەگات!»
«شیعرێکی بڵاونەکراوەی نالی کە پار زستانێ هەورێکی
شیعر دۆستی قایمکار لە ئەستەمووڵەوە بۆی هێنابووم»:
«کرمی ئاوریشمە خەیاڵم، بۆ سەرووی ئەو قامەتەت
من کە قۆزاخەی خەمێکم، دەوری داوم چاوەکەت
ئیشتیاقم: بەحری تینوو، هیجرەتم: سەحرا بە کۆڵ
ڕۆحی نالیی هەنگی عیشقەو، شانەکەیشی ناوەکەت! .»
بەڵێنە هەر ئەمشەو لەکەنار
ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
دوو قۆڵی یەکتری ببینین:
من، نالی، حەزرەتی غەریبان ئەبینم
ئەو شەوە لە گزنگ موتوربە کراوە ئەبینم
ئەو کێوە کۆچەرە ئەبینم.
ئەو کە هات وەک ئاو و کە گەیشت وەک تیشک و
کە هەڵنیشت وەکوو باز
من وەکوو خەیاڵی شارەزوور لێی ئەچمە پێشەوە.
هەر خێرا، هەواڵی گرنگی چەند سەرووی دەربەدەر..
هەواڵی گۆرانیی وەکوو خۆی ترافیە
هەواڵی بەفری شێت لە دووریی هەڵەکۆک،
هەواڵی چەند زاری هیلالی وەکوو خۆی ئەدەمێ و
پێی ئەڵێم:
- سەروەرم! بەر لەوەی تۆ بگەیت، لەوێ بووم،
 لە جونێف. ڕۆژێکیان لە جادەی ژمارە ١٨٩٨،
لە کۆشکی نسرم و شێداری مێژودا، پلیکەی پێشینی
تەختەبەند. پلیکەی ڕۆژگاری پێچاوپێچ. بە کونی
هەتاودا، بردمیە ژێر خانێ، لەوێدا چاوم کەوت،
بەیەکەم ڕەوڕەوەی زمان و بەیەکەم قوتیلکەی
ناو ژووری شەوەزەنگ. لەوێ بوو، هەر خۆی بوو.
جەلادەت بەدرخان –بەر لە من ئەتناسێ و باوەشێ
ماچیشی بۆ ناردووی..
من کە دیم شاخێ بوو ئارەقی سەردێڕ و ستوونی
ئەڕشت و منارەی وشەبوو، ئەسووتا و بەپێوە
وەستابوو، من کە دیم هەورێکی ڕیشدار بوو
بە تەنها ئەیگرمان.
من وتم:
- سڵاو ئەی
ڕۆژنامەی باپیرە گەورەمان
لەگەڵ چی خەریکی؟ !
ئەو وتی:
- خەریکم بە وشە
دیواری تاریکی کون ئەکەم
ئەگەڕێم بۆ هەتاو.
- بەکونی هەتاودا من هاتم. وام پێ وت.
ئەو وتی:
- باش هاتووی!
تۆ شیعری کام شاری؟ !
من وتم:
- هی نالی!
ئەو وتی:
- ئاخ! نالی
دوو زام و دوو کسپە و
دوو ئاخی چەند لەیەک نزیکین
هەر ئەڵێی جمکی ئەم غوربەتەین
ئەی هیچت لەگەڵ خۆت هێناوە
بۆ شەوی غەریبیم؟ !
من پێم وت:
- مۆمێکی ئەشکەوتی باڵەکیان..
یەکەمین ڕۆژنامەی بارانی ئەیلولم هێناوە
من «دەنگی پێشمەرگە»م
لەگەڵ خۆم هێناوە..
ئەو وتی:
- ڕۆژنامە! پەنجەرەی دەنگمانە
ئەو وەختەی کە بەسەر دنیادا ئەڕوانێ.
ئەوەتا من لێرە یەکەمین پەنجەرەم کردەوە.
تیلچافە ڕێوبانی هەنگاومان.
سەیرکە! چواردەورم بە ناسۆر گیراوە
هەر حەرفە و هاوارم لێ ئەکا و
نامۆییش دڕک و داڵ!
خۆش هاتی!
دیارییەکەت ئەوەمەو
خۆزگەم بوو بیبینم.
ئەزانم کە نالیی ئەو کاتە، کەژێکە لە بنار تا لووتکەی
هەر گوێیە و هەر چاوە. ئەزانم ئەیەوێ بزانێ، ئەستێرەی
فرزەندی لانەواز لە کوێن و جریوەی غوربەتیان لەکام لا
ڕژاوە. بۆیە من هەر ئەدوێم:
- سەروەرم! هەروەها لەو لایش بووم. لە پاریس،
پاریسی بە شیعر پاراو و بە هزر چراخان. شەوێکی
تەمومژ. بەدەوری مێژوودا باپووسکەی پرسیار بووم
هەر خولم ئەخوارد و وێڵبوونم ئەیپرسی:
-شەریف پاشا سەعید خەندان
شەقامی میسین ژمارە ٢٠؟
«ئەمیشیان بەر لە من ئەتناسێ و بە مندا دوا دەقی
یادداشتی هاواری زامی خۆی بۆ ناردووی»
سەرەتا ئەچوومە بەردەمی هەر کەسێ، سەرێکی بائەدا:
«ببوورە ناوی وا نایەتە خەیاڵم..»
یان ئەیوت: «پێم وا بێ شەقامی میسینیش بەرجادە کەوتبێ
نەمابێ.. نازانم..»
ئەمپرسی و ئەمپرسی و ئەڕۆیشتم
باگژەی سۆراخ بووم.
خۆم لەگەڵ خۆم ئەدوام:
«من ئەبێ لووتکەکان وێڵ نەکەم
بۆ ئەوەی بچمەوە سەرچاوەی بەرزایی
من ئەبێ شوورەکان وێڵ نەکەم
بۆ ئەوەی بگەمە سەرەتا و کۆتایی»
تا دوایی شەقامێ بردمیە بەر کووشکی کتێب وڕۆژنامە فرۆشێ.
کووشکەکە بێهودە ئەیڕوانیە دەوروبەر وەک ڕامبۆ!
کووشکەکە لە ماڵی نەهێنیی گوێ چەمی «مانگ» ئەچوو.
خاوەنی کووشکەکە.. درێژ و ڕەقەڵە
هەر ئەتوت خاوەنی «شەبەنگە بەڕۆژە»
ئەدرەسم دایە دەست. چاویلکەی هێنایە سەر لووتی.
دوای کەمێ بە پەنجە ئاماژەی بەرەو لای گردێکی ڕوتەڵە بۆ کردم.
پێی وتم:
- ژەنەراڵ؟ ! ئەیناسم
هەموو ڕۆژ ڕۆژنامەم لا ئەکڕێ
هەر لە دوای کۆنگرەی ئاشتی بوو
لە خانووی شەقامی میسینیش دەریانکرد!
لەوساوە کۆترێکی برسییە
لەوساوە، پاریسیش هێلانەی وڵاتی لە بیر کرد!
داخەکەم! ژەنەراڵ خەونەکەی وەکوو خۆی
ئیستاکە لە ژوورێ خزاوە تەنگ و تار.
داخەکەم! وڵاتی ژەنەراڵ
ئەسپێکی بێ‌کەسە
لەدنیای ئەمڕۆدا
کێ حیلەی ئەبیسێ؟ !
هەر ڕۆیشتم. هەتاکوو سۆراخی مەراقم گەیاندە ژوورەکەی.
ژوورێ بوو بەقەم بوو ڕەنگ و ڕووی. بۆبرش بوو هەناسەی.
غەمگین بوو، لە دیدەی تۆ ئەچوو، سەروەرم! من کە دیم،
قەڵەمی کۆماوەی ڕیش سپی. پڵنگی پەککەوتە. خەریک بوو
بۆ جاری سەدەمین، یادداشتی بۆ دنیای کەڕ و کوێر ئەنووسی
ژوورەکەی سیخناخ بوو لە چاوی ئەبڵەق بووی یادداشت و
لە ڕیزە تابووتی دۆسییەی بەڵێنی دەوڵەتان. پڕ بوو پڕ،
لە چڕە دووکەڵی دێهات و قریشکەی سێدارەی شەقامی نێو شاران
زەمانێ من لەلای دانیشتم. درەنگان شریتی ڤیدیۆکەی
هەڵەبجەم دایە دەست. کە لێیدا، شاخی پیر
زۆر گریا و ئەسرینی یادداشتی داباری.
کە هەڵسام پێی وتم:
- ئەم شەوی دۆزەخە
مەگەر هەر یەکێکی وەک نالی
بیکاتە ڕەشماڵی شیعرێکی زۆر گەورە.
بەردەوام من زەمان ئەئاژوێم
ئەدوێم و
نالیش هەر گوێ ئەگرێ لە هۆرەم
هەتاکوو پێی ئەڵێم:
- وائیستەیش سەروەرم!
یەکەمین ڕۆژنامەی هەناسەی بەدرخان
یەکەمین یادداشتی فرمێسکی خەندان و
یەکەمین ڕۆژنامەی چریکەی ئەیلولم
پێچاوە لەسەری بڕراوی «مارت»ەوەو
لەگەڵ خۆم هێناومن
پێی ئەڵێم:
- دە فەرموو لێم بگرە سەروەرم!
بۆ ئەوەی لەیەکتر دانەبڕێین!
بەڵێنە هەر ئەم شەو لەکەنار
ئەو گۆمە غەمگینەی تەنیشتمان
دوو قۆڵی یەکتری ببینین
ئەم شەو خەوێکم دێتە دی و ئەبم بە شیعرێکی باڵدار.
لە خۆشیاندا باڵ وەرئەدەم لە ئاواز و
دەنووک ئەگرم لە تریفە و
شەپۆل ئەکەم بە هێلانەی تازە هەوار.
ئەمشەو خەوێکم دێتە دی و لە خۆشیاندا
نیگام ئەبن بە کارێز و قژم بە گیا و
پەنجەکانم بە گەڵای دار.
ئەمشەو خەوێکم دێتە دی و نیشتمانم
لەناو دیدە و لەناو دەنگ و لەناو ڕیشی
نالیدا دێ و ئەگاتە لام.
سنگم ئەبێ بە خاک و خۆڵ
سەرم بەچوخمی «سەرشەقام»
ئەم شەو خەمێکم بەختیار.
مەراقێکم هێور، ئارام
ئەمشەو منداڵیم ئەبارێ
بەسەر یادی سەوز و سووردا و ئەبمە دەربەندی پەپوولە و
دایکم ئەبێ
بە مامزێ سپی سپی و حیکایەتی گردی ڕەشیش
بە گرمەگرمی گەواڵەی هەوری سەرشار.
ئەمشەو خەمێکم بەختیار.
مەراقێکم پەل و پۆدار.
لەسووتاندا هەڵئەقوڵێم و
لە گریاندا سەوزم ئەکا هەڵەبجەی یار.
ئەمشەو خەوێکم دێتە دی و ئەبم بە ئەسپێکی باڵدار
ئەمجارەیان من ناچمەوە لای نامۆیی و
شەو درەنگان هەر لە کەنار ئەو گۆمەوە
جڵەو بۆ «با» شل ئەکەم و
لەگەڵ نالی ئەڕۆمەوە بۆ لای گۆیژە و
پێکیشەوە ئەچینەوە لای سالم و
حەبیبەی شار!
١٩٩١/٠١ ستۆکهۆڵم

پەراوێز edit