ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
بە تیری عەشقی بەرد
زامدارە و گرفتار
ئەم مێژووە عاشقەم.
بۆ خاتری چاوی بەرد
هەموو جار خۆرنشین ئەپۆشێ و
بە کەوڵی سوورەوە
ئەگاتە بەردەمی قاپیی مەرگ.

لە خێڵی ئاوەوە پشتاوپشت
زاووزێی ئەم نەوەی ڕووبارە و چەمانە
هاتوون و تا سەر من، تا ئیستەیش
تینوویەتی سەرچاوەی عەشقیانە.
ئەز چیتان بۆ باس کەم؟
کام خوێنتان بۆ باس کەم؟
کام ئاختان نیشان دەم؟
لە کوێوە بێمە ناو زریکە و قیژەوە؟
لەڕیزی وەریندا لە پێشدا چ ڕەنگێ پێش بخەم؟
لەم چرای دەنگانە لە پێشدا چ دەنگێ هەڵبکەم؟

درێژە دووکەڵی ئەم بێشە غەمناکە
وەک بەژنی نەخشەکەم.
درێژە فرمێسکی ئەم شاخ و داخانە
لە دیجلە و فوراتیش درێژتر.
درێژە کڕووزەی پەلکە گیا
تا چاوی برینم بڕ ئەکا.
درێژە هاواری کۆڵان و شەقامی ئەم لەشە
تا لای خوا.
درێژە ئازاری ئەلفوبێم
لێرەوە هەتاکوو لای خانی.
درێژە، درێژە، درێژە.. غەریبیم
لە هێڵی ئاسنی ئەوروپا درێژتر.
نازانم ئەز چیتان بۆ باس کەم؟
نازانم ئەزچیتان
نازانم ئەز
نازانم
نا.

وا دیسان خەنجەرە و بە «با»وە ئەبارێ.
ڕەهێڵەی نەشتەرە.
شادەمار لە ملی ئەم کێوە زلەدا
کون بووەو خوێن لەبەر
ئەشکەوتی برینی بەرد ئەڕوا.
وا دیسان چەقۆیە و بە «با»وە ئەبارێ
«با» سەرم ئەبات و
گیانیشم بە دوایدا ئەگەڕێ.
-پێویست بوو، شاخ بێتە، دەشتایی گیانتەوە.
پێویست بوو کڵاوی هەوری ئەو لە سەر کەیت.
ئەبوایە تانوپۆی پەنجەی تۆ و لاسکی گژوگیا و
فەقیانەی دایکت و تەنافی سێدارە تێک ئاڵێن.
پێویست بوو بە قەڵەم سەنگەریش لە شیعرا هەڵکەنی.
ئەبوایە خوێ و برین وەک عەشقی وەلی و شەم،
وەک سەری مەسیح و تاجی دڕک، پێکەوە ڕابێنی.
پێویست بوو ئەو کاتەی شڵپەی خوێن لە ڕۆخی
لەشەوە، ئەگەیشتە گوێی مێژوو، لەو زەریا
سوورەدا، ئەبوایە چارۆگەی بەلەمی دەنگی خۆت
هەڵبکەی. چی ئەکەی؟ ئەو کاتەی کە مردن
سەربازی دەوڵەت بێ و تۆیش لە کێو، درەختی
قەڵەم بی؟ چی ئەکەی ئەو وەختەی کە شانۆت
پەنگربێ و گوێگرت تفەنگ بێ؟
- هەر ئەبوو، وا بکەی، هۆنراوە
بە نووکی بڵێسە بنووسی و
دۆزەخیش بۆ ترس و بێدەنگیت دابخەی!
- بەردەوام هەر تەورە و بە «با»وە ئەبارێ.
بەردەوام لافاوی شمشێرە و هێرشی بیابان.
***
- ئەمە پرچی بەجێماوی قەسیدەیە؟
یان کاکۆڵی خەونی گوندێ؟
ئەمە ئاوێنەی شکاوی هەتاوێکە
یان هی کچێ؟
ئەی ئەم ڕووبارە کوژراوە
یاری دەشت بوو یان هی کوڕێ؟
ئەی ئەم قیژە هەڵوەریوە
قیژەی دایکمە یان درەختێ؟
ئەی ئەمەیان گۆی مەمکە یان دەنکە گێلاس؟
ئەمە پشیلەی سووتاوە یان ساواکەم؟
ئەی ئەمەیان سەری باوکمە یان گوڵبێنەی تەندوورەکە؟
ئەمانە باڵی وەریوی پەرییەکانن یان کۆترەکان؟
ئەی ئەمانە گلێنەمن یان دەنکە زەیتوون و ترێ؟
نازانم ئەز چۆنیان لە یەکتر جیاوە کەم؟
نازانم ئەز چۆنیان لە یەکتر
نازانم ئەز چۆنیان..
نازانم ئەز..
نازانم..
نا..
***
- وا مێژوو جۆلانەی شەهیدە.
هەموو شەو بە هێشوو «مانگ»ی سەوز
لە بەفری ناو سەرتا هەڵدێن و
لە پڕیش لەو دیوی گوڵاڵەی خەونەوە
ون ئەبن.
ون ئەبن بۆ ئەوەی بێنەوە
وێڵ ئەبن بۆ ئەوەی بگەنە دڵی خوا و
لەوێدا بڕوێن و بشنەوێن.

-هەموو ڕۆژ چاوێکم ئەکشێ.
هەموو ڕۆژ دەستێکم کۆچ ئەکا و جێم دێڵێ.
هەموو شەو من عەردی خەمێکی بەیارم و
ڕۆژانەیش تینوویەتیی شەهیدێ ئەمکێڵێ.

هاتووم «با» فێرم کات،
چۆن ڕووبارڕاژەنم.
هاتووم بەرد فێرم کات
لەسەر ئەو چۆن بڕوێم.
هاتووم ڕەگ فێرم کات
لە کوێوە بگەمە دڵی خاک.
هاتووم گوڵ فێرم کات
شیعر چۆن جوان ئەبێ.
هاتووم مەل فێرم کات
تەماشام چۆن بفڕێ؟
من هاتووم بۆ ئەوەی ئەم ئاگرە گەورەیەی
ئەوینی نیشتمان تێم بەربێ.
من لێرە، لەناو ئەم، ئەوینە چڕەدا
دڵنیام وەک ڕاستی.
من لێرە، لەناو ئەم، دەربەندی دووکەڵ و ترسەدا
ئاسوودەم وەک سەمای ئازادی.

هەموو جار بێ ئەوەی لە دەرگای وشەم بات
هەورێ دێ
خۆی ئەکا بە ژوورما و گۆرانیی قژ تەڕم بۆ دێنێ
بێ ژوان
بەبێ پرس
هەموو ڕۆژ
شەپۆلێ، دووان و سیان،
بە هەگبەی پرشنگ و گوڵەوە
ئەگەنە سێبەری بەرگێلەم
ناڕۆن تا من نەکەن بە مێرگی هۆنراوە و
بە گۆمی ئەستێرەیش، ژوورەکەم.
دار بەڕوو دێ بۆ لام
ڕەگی خۆی ئەبەستێ بەڕەگی قاچمەوە.
گابەرد دێ و هێزی خۆی
بەدیاری بۆ پشتم ئەهێنێ.
لووتکە دێ و باڵای خۆی
ئەخاتە سەر باڵام.
ئاشنامن فرمێسکە پایزەی غەریبان
ئەوانیش بە سواری کزەبای
ئێواران دێن بۆ لام.

لێرەم و بای خەونم
زەمانێ تۆو ئەکات
کە هێشتا زەمینی لەدایک نەبووە.
لێرەم و ڕوانینم
کەناری دواڕۆژێ سەوز ئەکات
کە هێشتا بارانی لەدایک نەبووە.
ئەم خەونە
پەنجەرەی ئایندەی مێژووە.
من چاوم:
پێش تیشکی ئەمڕۆکە و
بیستنم:
پێش دەنگی ئیستاکە کەوتووە.
دۆزەخی ئەندێشەم
گوڵی وای تیا ئەڕوێ
کە هێشتا ئەم عەردە
بە چاوان نەیدیوە.
من دیدەی پێغەمبەر
ئەوەتا لە دیدەی هەڵبەستما
هەر بۆیە نەهێنیی دڵی خوا و
گەردوونم بینیوە!
-شاخ لە شاخێتی ئەکەوێ
ئەگەر ڕەنگێک دابینی کا و
یان بە زریانێک بسرەوێ.
ئاو لە ئاوێتی ئەکەوێ
گەر گێژەنێ دابینی کا و
یان بە گەرداوێک بسرەوێ.
دار لە دارێتی ئەکەوێ
ئەگەر وەرزێ دابینی کا و
یان بە بارانێک بسرەوێ
من ئەو هەڵبەستەم خۆش ئەوێ
نە قۆناغێک
نە سنوورێک
نە جێگەیەک
خەونەکانی دابین نەکا و
ئازاریشی قەت نەسرەوێ!

- ئەی «شاخ»م!
ئەی پەندی بەردینی پێشینان!
ئەی ملی پڵنگی بە خوێنم خەت خەت و
بە عیشقم داگیرساو!
داستانی سروشتی هەموو کات
بەرامبەر ژوورەکەم خرۆشاو.
لێرەم و ئەمەوێ وەک ڕکت
تێکەڵی بناری مێژووت و ناو هەستی جۆشخواردووی
بەندەن و بەردت بم.
لێرەم و ئەمەوێ وەکوو «با»ی یاخی بووت
بمخەیتە سەرشانی ڕەوەزت و، وەک پەلکی
درەختی هیوایشت بمدەیتە دەست هەتاو!
قوتابیی ئاسۆتم
هەمیشە خوێندنەوەی فەرهەنگی
گژوگیای سینەی تۆم
کردووە بەڕێگا بۆ چاوم.
ئەشکەوتت بە ژووری خوێندنی کێویم و
لووتکەیشت بە وانە و مامۆستام.
ئەمجارە من لەبەر نەینووکی ئاگرت و دیواری دووکەڵتا
زێی زریان ئەنووسم نەک شیعر
ئەمجارە من لەبەر ڕەهێڵەی ئەستێرەی کوژراو و
باڕێزەی پشکۆتا
مەرگی سوور بە خوێنی گابەرد و کاوانت ئەنووسم
نەک چیرۆک.
ئەم وەرزە من سەرم کارێزی مەراقی
چەند سەدەی گیراوە و ئەتەقێ.
گەردنم فوارەیە، فوارەی «با»ی ڕەنگاوڕەنگ
فوارەی خۆڵ، فوارەی نوێی زایەڵە
هی زوڵمی شەیتان و فریشتە و فوارەیەک
بە بەرزیی باڵای خوایش
لووزەوی هاواری هەڵبچێ!
هەر لێرەم. دەمێک بوو ئەو گوندە
تا پشت مل قوڕاوی و کوڵنجە شڕانە،
ئەو خەمە دەست و پل زبرانەی وڵاتم
بازۆڵەی ئازادی و بۆ هەزار، هەزاران
سروودی ڕاکردووی شەقامی شارانم لانکە بوون.
دەمێک بوو چۆڕچووڕەی ئارەقی لاملی
گەنم و جۆی ماندوویان
بۆ ڕێچکە ئەستێرەی سەر هەوراز، دەوران دەور،
بۆ ڕەوە برینی خۆ خۆریش، ئەوان هەر
نیگایان پلووسکی بەفراوی کاوان و
ئارامییان کاسە دۆی ئەوینی سەر ڕێ بوو.
دەوران دەور، دەمێک بوو، ئەوانە هەر هەڵمی
گوڵاوی ڕەنج بوون و ژەم بە ژەم:
لە گونکی هەژاریی خۆیانیان بۆ کردین بە نان و
لە شەوی کون کونیی خۆیانیان پیاداین و
بە ڕیزە درەختی باڵایان سێبەریان بۆ کردین.
ئەو گوندە دەم و چاو خۆڵاوی و پێپەتی و ڕووتانە
باوەشیان کادان بوو
قسەیان باسووق و
منداڵیان ڕێواس و
گەورەیان پەل و پۆی دار شاتووی ناو دێ بوون.
دەوران دەور
ئەوانە هەر پڕمەی ئێستری سەر پلەی
ژێر باری تفەنگی ئێمە بوون.
دەوران دەور
ئەوان هەر هێلکە بوون، کەشک بوون.
پێواز بوون بۆ ژیان
ئەوان هەر خڕخاڵ و بازن بوون بۆ شیعر و
چیرۆک بوون بۆ کوانووی نیشتمان!
***
دەریاچەی ڕۆژگاری سەردەمێ
وەک سەرمان لیخن بوو.
سیاسەت: گایەکی بەلەسەی چاو سووری تووڕە بوو
هەموومان –مێژوو-مان بە کەللە و قۆچیەوە بەستبوو.
زریکەی کەروێشکی شیعرمان لە بێشەی تفەنگدا
وەک خوێنمان لە چڕیی تاوان و تۆڵەدا ون ئەبوو.
ڕێگەکان هەر خۆیان
پردی سەر خۆیان و
قۆناغی بەردەمیان سەربڕی!
سەرچاوە:
ڕووباری
خۆی ڕاوکرد.
دارستان:
داری خۆی
بە پەنگ کرد!
دیواری نەفرەت بووین لە کینەی خم خۆرکدا
ڕۆ ئەچووین
گوڵ گوڵی ئەکوشت و
شاخ شاخی ئەکوشت و
هەموویشمان لەوێ بووین!
- لە بیرتە؟ ئەو ساڵە نەزۆکە
بە بزنەڕێیەکی بێ ئاوی نیوەڕۆی هاویندا ئەڕۆیشتی
تفەنگی سەرشانت سێبەری تینوویەتی و
تابووتی مەرگێکی گەڕۆک بوو.
بۆ ئێوە، بۆ ئەوان، هەمووشت تارماییی
ترسێکی هەمیشە ئامادەی درێژ و بەرین بوو.
داروبەرد، ئاژەڵ و باڵدار و هەتاکوو
بریسکەی چاوانی پشیلەیش لە شەودا، بۆ هەموو،
نیشانەی بانگدانی مردن و نێو فاقەی کەمین بوو.
بەشاخی ماندوودا داگەڕای.

چوویتە ناو برینی گوندەوە.
ئەو، کە هات دارهەرمێی سەرتاپا ڕەشپۆش بوو.
ئەو، بۆنی مەرگێکی زۆر تازەی لێ ئەهات.
ژنێ بوو لە مێژووی زامداری شاخ ئەچوو.
ئەو، سەری مێردەکەی لە سنگیا نیشاندای
ئەو، شیری گریاوی ساواکەی بۆ هێنای
پێی وتی:
- بۆ هاتووی؟
چی ماوە تا بۆی بێن؟ بێژنگی لاشەمان؟ !
یان نانی خوێناوی؟ !
چی ماوە بۆ هاتووی؟ !
تفەنگتان بۆ خۆتان!
شۆڕشتان بۆ خۆتان!
کوردستان بۆ خۆتان!!
چی ماوە؟ بۆ هاتووی؟ !
شەڵاڵی شەرمێکی گەرم بووی. ئەو وەختەی وەرچەرخای
مردبووی! بە هەمان بزنەڕێی تینوودا
بە هەمان سەرشاخی ماندوودا سەرکەوتی
لە ملەی پێشتەوە
باگژەی ڕقاوی، بە هەڵپەی تەپ و تۆز هەڵی کرد
تەندوورەی گەردەلوول گەیشتە بەردەمت و
تیا ون بووی!
***
هەر لێرەیش بوولێڵی دوێنێ بوو
من خۆم دیم بە پەلە مێژوو هات، بە خۆی و
چەند ڕەوە ئەسپەوە –وەک بڵێی ساڵێکی
ون بووبێ و بە دوایدا بگەڕێ –من خۆم دیم
پەشۆکاو، داستان هات. بە خۆی و چەند ڕەوە برووسکە و
هەورەوە- وەک بڵێی هەواڵی کوژرانی ئەنکیدۆ
یان کاوەی بیستبێ. ئەو وەختەی خۆیان کرد بە دەرگای
زیوینی دەربەندا، هەر هەموو ئەسپەکان، سوارەکان،
سەرتاپا هەڵمێکی زەڕکەفتیی لە لەشیان هەڵئەستا.
چیایان شڵەژان، درەخت و تاڤگە و ڕووباریان سەرسام کرد.
تاریکیی نزاریان شڵەقان. سوارەکان ڕم بوون و
تا ناو قەد تڵەتڵ ئەسووتان. بەگوێی خۆم گوێم لێ بوو،
لووتکەکان بەیەک دەنگ بانگیان کرد «وا شێخ هات».
ئەم چرا یاخیانە، سەر و ڕیش پرشنگی ئاڵۆزکاو، بازوویان
ڕووبار و تەوێڵیان ئاوێنەی بناری بەرهەتاو.
خۆم بینیم بەم هەردوو چاوانە: لە دەفەی شانیاندا
قوڵەقوڵ ئازادی هەڵئەقوڵی؛ خۆم بینیم: لە وەرد و
نواڵەی سنگیاندا گوڵاڵە ڕواوە؛ خۆم بینیم بەم هەردوو
چاوانە: هەر یەکە و ڕۆحی خۆی کردووە بە چەپک و
چەپکیشیان هەر لەسەر قەڵپۆزی زینەکان داناوە.
خۆم بینیم: هەر یەکە و دوا قومی مەتارەی سوێندێکی
قرمزیی لەگەڵ خۆی هێناوە.
ئەسپەکان: ڕەنگاوڕەنگ سپی و ڕەش، بۆر سپی،
قاوەیی، ئەسپێکیان باڵدار بوو ڕەنگی شین.
گۆمێ بوو ئەیحیلان. ئەم ئەسپە شینەیان،
کە باڵی لێک ئەدا بە جارێ ڕەوە ئەسپ کوڕژنیان ئەکرد و
ڕەوەزیش ئەکەوتنە سمکۆڵان. ئەو وەختەی باڵیشی
جووت ئەکرد، زریانیش وەک شەختە ئەمەیی.
پێشوازیی لەشکری باوبۆران، پێشوازیی ئەم خێڵی
ئاگر و کڵپەیە، تا درەنگ خایاندی، نیوەشەو لە بەردەم
ئەشکەوتی جاسەنە دابەزین. جڵەوی شۆڕشمان
لێ گرتن. ماچ، گوڵ و پەپوولە و گەنم بوون ئەبارین.
هەردوو لا وەک دوو چەم تێکەڵ بووین. هەموومان
هەر هەمان دەم و چاو. هەموومان ناومان لاس
هەموومان هەر بە شوێن گوڵەکەی خەزاڵدا ئەگەڕاین.
زەمانمان گۆڕییەوە هەر یەک بووین،
خەفەتمان گۆڕییەوەو هەر یەک بووین.
هەر تەنها پۆشاکی برینمان یەک نەبوو.
لەو هەرا و زۆنگەدا، خولیام بوو، من «حیلمی» ببینم.
پرسم کرد. شیعرێ هات: ستوونی، ئاماژەی بۆ کردم
دوور بە دوور کەپرەکەی نیشاندام. چووم بۆ لای،
کە من چووم خەریکی نووسینی هاواری ئازارو خەمێکی
درێژبوو، بۆ یەکەم لاپەڕەی بانگی هەق، دانیشتم.
خەمەکەی دامە دەست، لێم وەرگرت، سەیرم کرد
هەر هەمان هاوارە، هەر هەمان ئازارە، کە ئێمەیش
هەر ئەمڕۆ دابوومان بە ڕادیۆی ئەم شاخە –ئازاری
لای ئێمە کوردییەکەی پەتیتر نووسیبوو- پاش تۆزێ
بردمی چاپخانەی ئاوات و برینی نیشان دام. کە بینیم
پێکەنیم –چاپەکە پیرێ بوو دەست شکاو پەککەوتە.

من پێم وت:
مامۆستا! ببوورە لای ئێمەیش
هەر هەمان ئاوات و برینە
ئەوەندە، چاپەکەی لای ئێمە تازەیە و
ڕەنگاوڕەنگ ئۆفسێتە!!
***
ئەمە چ کۆڕی سۆزێکی دەروێشانی گڵ و ئاوە
دەفی سەرم لێئەدەن و
ئەمکەن بە تەکیەی ئەم عەشقە هەڵقرچاوە.
ئەمە چ باوبۆرانی ساڵێکی شێتگیرە وا
ڕۆژگاری خۆی تێک ئەشکێنێ و شمشێر ئەدا
لە گەردنی ئەم هەتاوە!

- من قووڵیت بەڕەگم ئەپێوم
بۆیە وا هەموو جار
ئەگەمە ناو ناخت و
هەوێنی مێژووت و
ئەڵماسی ناسۆرت دەردێنم.
من بەرزیت بە کڵپەم ئەپێوم
بۆیە وا هەموو جار
ئەگەمە لووتکەت و
چاوی خۆم لەو باخی بەفرەدا ئەڕوێنم.
شیعر و من عاشقەوماشقەی
لە یەکتر ئاڵاوی قەدی تۆین.
دوو گوڵەئەستێرەین
هەردووکمان هەر لەسەر بەرماڵی یەک ئەوین
بەرماڵی یەک ئاسۆ
بەرماڵی یەک هەور
ئەم نوێژە بارانە پیرۆزەت بۆ ئەکەین.
تەورێ هات، تەورێ ڕۆی
بەڵام تۆ هەر سامی ئەم مێژووە چڕە بوویت.
مەرگێ هات، مەرگێ ڕۆی
بەڵام تۆ هەر هاژە و هەر لرفەی
ئەم ئاو و ئاگرە بووی.
ئەم سۆزەی تۆ ئاوە.
ئەم دەنگەی تۆ ڕەگە.
ئەم عەشقەی تۆ بەردە!

- ئەو وەرزەی لەوێ بووی تێکەڵی بەرد بووبووی.
چووبوویتە بیناییی خاکەوە
بە عیشقا ڕۆچووبووی.
ئەو وەختە پەنجەت و گۆپکەی دار یەک شت بوون.
تاڵە مووی کاکۆڵت و گژوگیا یەک شت بوون.
ئەو وەختەی تۆ لەناو هەناوی چیادا
بنج بوویت و ئەتنووسی،
سکڵ بووی ئەتنووسی،
ئەو دەمە کارێز و شیعری تۆ یەک شت بوون.
گڕکان و ناخی تۆ یەک شت بوون.
ئەو وەختەی کە وڵات، بە تەنها
سەرینی بەردێکی ژێر سەری عەشقت بوو،
شینایی ئارام و سەوزایی ئەم هەموو دنیایە
لەو قولکەی چیایە
لە دەنگتا ڕوابوون.
ئەو دەمە تۆ گیانت دەریاچە و
ئەوانیش دار شیعری سەرچۆپی و سەما بوون.

- ئەو وەرزە من تاجی گوڵ هێرۆی
هۆنراوەی سپیی خۆم،
کردە سەر چەند خوێنی بە شەوقی
ئەم شاخ و داخانە
«مەبەستم خوێنێکە
سەرچاوەی ئەوینمان یەک بووبێ»
ئەو وەرزە.. من ساتێ هەڵمەتی ئەو خوێنەم بینیوە و هیچی تر.
ئەو وەرزە.. من ساتێ سوور بوونی ئەم بەفری ناو دڵەم بینیوە و هیچی تر
ئەو وەرزە.. من ساتێ ئەوینی ئەو خەڵکە و ئەو خوێنەم بینیوە هیچی تر
وەک شاملوو بۆ ڕووزبە خولیامە
کە ڕۆژێ، ئیستاکە، سبەینێ، هەتاوی حەقیقەت
گومانی تەماویی توانەوە
لەسەر کێو بۆی نووسین
«کە خوێنێ لەوانە پیاوکوژی خوێنێکی عاشقی تر بووە»
لەسەرم مەوەستن، دوودڵ نیم ئەوساکە
ئەو تاجەی داگرن و هەر لەگەڵ هەڵبەستما بینێژن!

- لە نێوان وشەی تۆ و کانیدا جودایی نەماوە.
لەنێوان قەڵەمت و لاسکدا جودایی نەماوە.
لەنێوان دەروونت و ئاگرا جودایی نەماوە.
لەنێوان نەفەست و هەوادا جودایی نەماوە.
تۆ ئیستە، کەنیسمەی، سەر تاشەبەردێکی مێژوویت و
بە خوێندن بەژنی «با» سوور ئەکەیت. تۆ بە باڵ
ئەبینی و بە چاوت کیشوەری ئەم سۆزە تەی ئەکەیت
کە گەڵا بکوژرێ ناتوانی دەنووکت کلیل بەی.
تۆ ملت ژێی خاکە و دەستی ئاو ئەتژەنێ.
کە ئاوێک کوێر بکرێ ناتوانی پەنجەرەی شەتاوت
دابخەی. تۆ یاڵی ئەم ئەسپی کەژانەی. کە جوانووی
شەماڵێک سەربڕن ناتوانی قەت حیلەی سنجرت
خەفەکەی.

دە هەگبەی بارانی هۆنراوەت بکە شان!
لە ڕێگەی گوڵەوە بچۆرە ناو خێڵی
ڕووناکی و دەست کەرە گەردنی دارستان.
دە هەگبەی گۆرانی و گوڵاڵەت هەڵگرە و
لە ڕێگەی ئاوەوە بچۆرە ناو دەنگی
خەڵکەوە و سەربدە لە وەرزی سووتان و هەڵقرچان.

هەموو جار بە خوڕڕەم داتئەکرد
سەرتاپای کەژاوەی ئەو هەموو گوندانەت تەڕ ئەکرد!

- هەنووکە شەو و ڕۆژ گوێ ئەگرم لە لاڵی
لەلاڵیی ئەستێرە و گوڵەباخ.
لەلاڵیی دەربەند و دارستان.
لە کپی و بێدەنگیی کاولاش و خۆڵەمێش.
هەنووکە من لەگەڵ مێژووی کەڕ ئەدوێم و
زمانم غەریبی فەرهەنگی خۆیەتی و
دەنگیشم مەلێکی گرمۆڵەی بێ ئاسمان.

چۆڵ و هۆڵ، پێدەشت و بناری ئەم لەشە دروێنە کراوە
چۆڵ و هۆڵ، پایتەختی ئەم شیعرە خنکاوە.
چۆڵ و هۆڵ، وڵاتی ئەم خەونە سووتاوە.
چۆڵ و هۆڵ، چۆڵ و هۆڵ
لەم سەری زامەوە هەتاکوو ئەو سەری.
لەم پەڕی کۆستەوە هەتاکوو ئەوپەڕی.
تۆ فریا نەکەوتی ئاوەکە بەیتە دەس مەولەوی.
تۆ فریا نەکەوتی کەوشەکان بۆ نالی دابنێی.
تۆ فریا نەکەوتی کەوچکێ دەرمان بەیت بە گۆران
تۆ فریا نەکەوتی و نەکەوتی و نەکەوتی.
لە جێی خۆت خەزان بووی، بێ ئەوەی هەڵوەرێی.
لەجێی خۆت هەڵقرچای. بێ ئەوەی بشێوێی.
لە جێی خۆت بووی بە مۆم. بێ ئەوەی بسوتێی.

برووسکەیەک.. پەلە نییە.. شیعریش نییە.

بەناوی هەڵەبجە و پێنج هەزار «مانگ»ەوە
بەناوی مەولەوی و پێنج هەزار گوڵەوە.
بەناوی گۆران و پێنج هەزار کۆترەوە،
بۆ زانا بلیمەتەکانی: وڵاتی پوشکین، وڵاتی جاک لەندن.
وڵاتی بایرۆن، وڵاتی جان دارک، وڵاتی بسمارک.
وڵاتی گاریباڵدی، وڵاتی ڤان کوخ.. وڵاتی.. وڵاتی.. وڵاتی

سوپاس بۆ ئەو دیارییەی کە بە کۆمەڵ سەرلەبەیانیی ڕۆژی ١٦/٣/١٩٨٨ لە
ڕێگەی بەغداوە بۆ گوڵ و کۆتر و منداڵ و شیعری کوردستانتان ناردبوو.
***
- ئەم شەوە سوورانە «تارا»ن یان
بالیفی خوێناویی ژێر سەری کەژ و کۆ؟
ئەم هەموو دووکەڵە
دووکەڵی یەک «مانگ»ی سووتاوە
یان مێژووی سەرزەمین هەر هەمووی پێکەوە ئەسووتێ

- سەرەتای نیسان بوو، ژنێکی لادێیی
گوندەکەی بە گڕوکڵپەوە خستبووە ناو دڵی و ڕای ئەکرد
وەکوو دار، وەکوو بەرد، وەکوو ئاو
شێت بووبوو:
«دووکەڵ، دووکەڵ، دووکەڵ..
ڕەنگە خوا سووتابێ و ئەم هەموو دووکەڵە
لەو هەڵسێ!»
ڕای ئەکرد وای ئەوت.
ئەی دووکەڵی بەژنی دایکم
لە وەختی نزاکردندا!
ئەی دووکەڵی بەژنی مێژووم
لەوەختی هەتاو چاندندا!
تۆ ڕۆحی سەوزی گژوگیا و دارستان و
کێڵگە فڕیوەکانی ئێمەی بە دەوری
ئەم شاخانەدا خول ئەخۆی.
تۆ باخ و مەزرا باڵگرتووەکانی ئێمەی
سەرت ناوە بە بنمیچی تاریکیی کەشکەڵانەوە.
تۆ گیانی سپیی بێشکە و پنە و بەرماڵ و
حیکایەتی گوێ ئاگردانی ئێمە بووی
ئەوا ئیستا بە ئاسمانەوە پەرت ئەبی.
تۆ گیانی سەرخۆشی ڕەزەکانی ئێمەی
وا قاچت لە دووت نایەن و سەرسم ئەدەی.
ئەی دووکەڵی خەوەکانم!
تۆ ڕەنگە ڕۆحی قۆشمەی گۆچانەکەی مام بایز و
تەشیەکەی نەنە ڕێحان بی
وا لەسەرخۆ هەڵ ئەسووڕێیت و با ئەخۆی.
ئەی دووکەڵی ڕەنجەکانم!
لەسەر ناوچەوانی گرژی
ئەم ئاسمانە بێباکە چیم بۆ ئەنووسیت؟ !
من ئەتوانم فریای خوێندنەوەی چەند هیوا و
بەهاری سووتاو بکەوم؟ !
من کێ بکەم بە شایەتی
ئەم هەڵقرچانەی ژیانم؟ !
- تۆ زەردەشتێکی سووتاوی
ئەوەتەی هەی گڕ ئەتخوات و هەر گڕ ئەگری
ئەوەتەی هەی ئەم جیهانەیش
ئاسمانێکی کوێر و کەڕە و
تۆیش بەردەوام هەر دووکەڵی!

هەر هەمان ئەشکەوتی چارەنووس
یەک زاری قریشکەی وێرانە،
هەر هەمان کەروێشکی خەونێکی ڕاونراو
یەک لانەی خەڵتانی شەوەزەنگ.
هەر هەمان نەقشی سەر
ئەم بەردی مێژووە
یەک پەیژەی حیکایەت.
هەر هەمان هەڵمی ژان
یەک گوڵی گۆرانی.
- لەسەر ئەم تاوێری ئاواتە، وەستاوی.
ئەزانی جاربەجار ئەلەقێ و وەستاوی.
«بوەستە! هیوایەک بشڵەقێ
لە قوللەی چەسپاوی تاریکی چاکترە تیا بژیت»
ئەم پەندە
دووکەڵی شەرابیی
ئەو هەموو ڕەزانە بۆی نووسیت!
هەموو جار من کێوێ هاوار و زریکە
تلاوتل ئەبەم و ئەیخەمە ناو زەریای
بێدەنگیی دنیاوە.. ناشڵەقێ.
هەموو جار من سەری بڕراوی ساڵێکم، شارێکم
هەڵئەگرم ئەیبەمە بەردەمی
بۆ ئەوەی بپرسێ
ئەم سەرەت لە کوێوە هێناوە؟ !
ناپرسێ
- «گاڵۆنێ لە دەنگم بشڵەقێ
ئەم زەریای ویژدانی جیهانەیش
لەگەڵیا ئەشڵەقێ»
ئەم پەندە
بەرمیلە نەوتێکی سیاسی بۆی نووسیم!

- هەر لەبەر نەزانیی سوار نییە
ئەم شاخە هەمووجار ئەگلێ.
دارخورمای خواستراوی سووریا
لە بەردەقارەمان سوارتر بوو؟ !
ئەم کێوە بە تەنها و بە سکی برسی هەر
ئەوەندە غار ئەکا!
بۆ کەللەی حەسارۆست
لە ئۆراس پووتترە؟ !
خۆ مێشە سەگانەیش بە تەنها
لە ئەسپی ئەم کوردە ناورووکێ؟ !
ئەم پەندەیش
گوڵێکی ژێر هەرەس بۆی نووسیم.

- چەندین جار بەو کاجی دەستانەت
تاریکیت شێلاوە و
کردووتە بە نانی ڕووناکی
چەندین جار تینویەتیی چاوانت کردووە بە کانی.
چەندین جار لە پشتی مەحاڵ و خەونەوە
تۆ مانگ و ئەستێرەت بە پێروو بۆ خەزاڵ هێناوە.
چەندین وەرز لە قوڕی شەوەزەنگ
تۆ خشتی هەتاوت بڕیوە و سەر لەنوێ
لە زەویی لە تینوان کوێربوودا
بنیاتی پرشنگی دوو چاوی خۆت ناوە.

لە عومری شاخەوە مشاری زەمانێ نەماوە
سەر نەکا بە خوێنی مێژووتا
لە عومری شاخەوە پەیکانی سوڵتانێ نەماوە
بە نووکی خۆیەوە ئەم سەرە یاخییەت بانەدا
سوڵتان مرد.. بەرد نەمرد!
شمشێر مرد.. با نەمرد!
منیش نیازمە، ئەم گۆزەیەی سەروملم تێک بەمەوە.
جارێکی دی بیشێلمەوە، لەبەر ئەوەی ماوەیەکە،
ئاوی خەیاڵی لێ ئەچێ. شیعرەکانم فێنک ناکا و
وشەیشی پێوە ناوەستێ. منیش نیازمە، گردۆڵکەیەکی
چەپەکی ناو دەروونم، بکەم بە گۆڕستانی هەموو
بەرهەمە مردووەکانم. نیازم نییە گۆڕەکانیان
بۆ هەڵبەستم. یاخود لەسەر کێلەکانیان هیچ
بنووسم. نیازم وایە ئیتر ئەستێرەی یادگار، لە کلۆری
هیچ دارێکی زڕی خەڵکا نەشارمەوە. نیازم وایە،
من لە ساکۆی ئەم مەڕمەڕی ڕەشی شەوە، پەیژەی
هەتاو دابتاشم. نیازم وایە بۆ ئەم فڕینە تازانە،
ئاسمانی نوێ، شەقژنی نوێ، بدۆزمەوە.
نیازم وایە، هەرچی هەڵمی دەربەدەر و ئاوارەیە
لە شەوێکی ئێجگار ساردا، لە ئاسمانی کوردستاندا
کۆکەمەوە. دواتر کوورەی هەناوی شیعری
نالی-یان بۆ دابخەم. هەتا ئەبن بە شەستەباران و تۆف و
تێکەڵ بە دایکمان ئەبنەوە.
نیازم وایە خانوویەک بۆ
شیعری سبەینێ و دواڕۆژم دروست بکەم؛ وێنەی نەبێ.
بریتۆن بە خەو نەیدیبێ. خانوویەک بێ:
لەقەدپاڵی شەماڵێکی سەوز و سووردا.
بەسەر پێدەشتی هەورێکی ئەرخەوانیدا بڕوانێ.
دیوارەکانی مەڕمەڕی تەم و مژ بن.
دەرگاکانی لە دار ئەبەنووسی شەو بن.
هەموو پەنجەرەکانی لە
ئەلەمنیۆمی هەتاو بن.
بە کۆنکرێتی ساماڵیش بنمیچەکەی داڕێژرابێ.
من ئەگەر بێ و لە خانوویەکی وادا بنووسم
بە زمانی خواییی پەتی شیعر ئەنووسم
پیتەکانم کلووی بەفر و تەرزە ئەبن.
وشەکانم گڤەی زریان.
قەڵەمم باڵی فریشتە و دەفتەریشم شەپۆل ئەبن.
من نیازم نییە لە ژێر ئەم ڕەشماڵی
شیعرانەدا خەیاڵ پیر کەم.
یان هەر لەژێر یەک سایەدا
گوڵەکانم پرچی سپی بهۆننەوە.
ڕەنگە دوای یەک چرکەی تر من
بگوێزمەوە و بڕۆم بچمە وڵاتێکی دیکەی جوانی.
ڕەنگە بچمە ئەپارتمانی «ڕۆمان»ەوە
یان ناو کەشتیی شانۆیەک و
یاخود ئەستێرەی تابلۆیەک
یان هەر ببم، بە «ئاخ»ێکی ناو گۆرانی و
لە جۆلانەی ئەودا بمرم!
***
ڕشتەیەک پەند و بەردنووس و قسەی نەستەقی ئەمڕۆ کە
سەرچاوەیان لە شاخ و خوێن و دووکەڵ و هەرەسەوە هەڵقوڵیوە:
یەکەم:
کە ڕەشەبا ڕێی پێ گرتی
ببە بە شاخ.
کە شەماڵ هات بە پیرتەوە
ببە بە باخ!
«ئەم قسەیەم لەڕۆژنامەی
دار بەڕوویەکدا خوێندەوە»
دووەم:
لە ئەشکەوتدا
بەیانییەک کزەبایەکیان زنجیر کرد
بۆ ئێوارە لە دەربەندا
کزە با بووبوو بە زریان!
«ئەم قسەیە لە تەوێڵی
کێوێکی ڕەش هەڵکۆڵرابوو»
سێیەم:
ئەوە.. پەڕەسێلکەیە وا ئەفڕێ؟
یاخود قیژەی،
ڕەش و سپیی دایکم؟ !
«ئەمەیش قسەی منداڵێکی هەڵەبجەیە
بە نیو دەقیقە پێش ئەوەی
کەڕ و کوێر بێ»
چوارەم:
ئاخ خوایە ئاخ!
کەی سەرێکیش لە کوردستان ئەدەی؟
«ئەمەیش قسەی هەموو ڕۆژێکی دایکمە»
پێنجەم:
کە عاشق شێت ئەبێ
بە شیعرەوە ئەیگرێ.
کە شیعریش شێت ئەبێ
بە خواوە ئەیگرێ،
من عاشقم و من شیعریشم!
«ئەمە قسەی ڕووبارێکی سەر هەڵگرتووی
هەندەران بوو»
شەشەم:
- چۆن ئەنوێ و
ئەو هەموو خەونانەی کوشتووە؟ !
- ئەو ئەنوێ و قەت خەون نابێنی!
«ئەمەیش گفتوگۆی نەهێنیی
نێوان دوو مەلی شارێکی کوردستان بوو»
حەوتەم:
کورد و خوا لێک ئەچن
هەردووکیان، بێ‌شەریک، بێکەسن!
«ئەمەیش قسەی هەڵکۆڵراوی
سەر دیواری مزگەوتێ بوو»
هەشتەم:
کە میوانداریی بەفرت کرد
مەهێڵە گەرمای بێ
نەبادا ماڵەکەت ئاو بیبا!
«ئەم قسەیەم
لە ئاگرێکی پیرەمێرد بیست»
نۆیەم:
⅓ی ڕووبەری هۆنراوەکانم
لە دارستانی سێدارە و
پەت پێکهاتوون.
«ئەمەیش قسەی شاعیرێ بوو
زۆر کەم ژیا»
دەیەم:
من بۆ خۆم پاچێکم دا لە شاخ
تووڕە بوو، زریکەی گەیشتە عەرشی خوا
کەچی «ئەو» بۆ «سەنگەر»
بە بەرزیی باڵای چەک هەڵیکەند
گەش بۆوە و پێکەنین لە گیانیا هەڵقوڵا.
«ئەمەیش قسەی
شایەتێکی ڕاستگۆی وەختی
شەڕی نێوان مەزدەکان و ئەهریمەن بوو»
یانزەهەم:
ئەوەرێم یان ئەڕوێم؟
لە نێوان وەرین و ڕواندا
وەرزێکی دیکەی نوێم.
نە هەتاو نە سێبەر هیچیان نیم
خاکێکم تا ئیستە
بۆ شێوە و ڕەنگ و ڕووم ئەگەڕێم!
«ئەم قسەیە لەسەر دیواری ئەشکەوتی
جاسەنە بوو هەڵکەنرابوو»
دوانزەهەم:
من هەرگیز ناهێڵم «قەناعەت»
سەر بکا بە هەوری شیعرمدا
بۆ ئەوەی گەر هەزار کەڕەتیش ببارێم
وا بزانم جارێکە باریوم!
«ئەم پەندە قەڵەمێ پێی وتم
تا مردن بارانی خەیاڵی لێ نەبڕا»
سیانزەهەم:
نەیاران!
نازانن من گۆمم؟
نازانن هەر بەردێ تێم ئەگرن
ئەوانیش لە بنما ئەبنەوە بە ژووری
پڕ گەرا بۆ شیعرم؟ !
«ئەم قسەیەش تەنها وەرامێکە کە من
بیدەمەوە و پێشکەشی ئەو بەردانەی کەم»
چواردەهەم:
ئەی نامۆکان!
ئێمە لە تەختەی سەر ئاوی ئاموون ئەچین
نوقم نابین و نایشخنکێین!
بەڵام مشاری شەپۆل و ئەم بڕبەندی کەنارانە
هێدی.. هێدی وردمان ئەکەن
ئەماندەنە دەس تاریکیی «ئۆقیانووس» و
تیا ون ئەبین.
«ئەم قسانەش لەسەر کێلی گۆڕغەریبێ
هەڵکەندرابوون».
١٩٩١/٠١ ستۆکهۆڵم

پەراوێز edit