ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
دڵۆپ، دڵۆپ باران: گوڵ ئەنووسێتەوە و
نمەنمەیش چاوانم تۆ!
چ ساڵاوێکی نامۆیی و چ ژانێکی بەخشندەیە
وا لەسەرخۆ
بەرد بە بەردی
کێوی سەرم ئەپشکوێنن
لق بە لق و چڵ بە چڵی
دەست و پەنجەی وشکەڵاتووم
شین ئەکەن و وەک باویلکە
ئەمدەن بە دەم باڕێزەکەی ئەوینتەوە و
لە شەختەبەندانی گیانتا: ئەمڕسکێنن.

گڤە، گڤە «با» پێدەشتت ئەخوێنێتەوە و
نەفەس نەفەس هەناسەیشم: باڵاکەی تۆ
چ گەردەلوولێکی سەوزە و
چ ئەسپێکی ئەفسانەیی باڵدارە وا
لەم کۆتایی دنیایەوە
بە پڕتاو دێ و هەڵم ئەگرێ و ئەمفڕێنێ و
دوور دوور ئەمبا
بەرەو هۆبەی ئارانی تۆ.

کلوو، کلوو بەفر گوێ بۆ چیا ڕائەدێرێ و
وشە وشەیش هۆنراوەی من بۆ سۆزی تۆ
چ بەفرانبارێکی زەردە و
چ کڕێوەی حیکایەتێ بەم ناوەختە و
لە ئاویلکەی ئەم ڕۆژەدا
وەک عەشقەکەی برایمۆک
پێدەشت پێدەشت و کۆ بە کۆ
بەڕێگەی مەرگی سپیدا
ئەمخاتە ڕێ بەرەو لای تۆ
***
سەفەرە
سەفەرە
سەفەر.
سەفەری ئازاری زگماک و سەفەری
درەختی بێ داڵدە و بێرێتەی زامانی گەڕیدە و
تەدارەک ڕێک ئەخەم!
ساواقە
ساواقە
ساواق!
ساواقی ساڵانەی بەهاری بێوڵەت
ساواقی بورجی مارت.
شەپۆڕی باهۆزە و شیوەنی گوڵانە و
تەدارەک ڕێک ئەخەم
تەدارەک: لە ئەسپی کەللەسەر گڕگرتووی ڕەوەندم
ئەو وەختەی ژان لەسەر بەرد ئەڕوێ.
تەدارەک لە حیلەی برووسکەی ئەم هەورە سوورانە
ئەو دەمەی کە باران شیعرێکی سەوزتر ئەنووسێ..
لە جوانووی ئەم خەمە بزێوە سپیانە
ئەو وەختەی کە لانکە و بنچک و
دەوەنیش غار ئەکەن.
تەدارەک لە تەختی کەژاوەی زریکەی فەریادی
ئەم هەموو فریشتە ڕەندانە
ئەو وەختەی خوا ئەوقە و
مردنیش سەرسامە!
لە گوارە و پڵپڵە و سڵسڵەی زایەڵەم
ئەو دەمەی کە شایی گریانە.
تەدارەک لە تارای ئەم شیعرە و
گەردانەی ئەم تەمە
ئەو وەختەی کە مەرگم بووکمە و
کە ژەهریش شاباشی جیهانە!

ئێوارە.. دوای بانگی برینتان من ئەگەم.. ئێوارە.
ئێوارە.. دوای شێوی گریاوتان لاتانم.. ئێوارە.
کە هاتم
مۆمێکم لە قوللەی حەزرەتی نالیدا بۆ هەڵکەن
با ملی دارێ بێ
یان پەنجەی نێرگزێ
یان قژی وەنەوشە.
زامێکم لە دوندی «کەکۆن»ی حاجیدا بۆ پێکەن
با سەری بڕڕاوی شیعرێ بێ
یان مەمکی «وەسانان»
یان باڵای هەڵەبجە.
دوای بانگی برینتان من ئەگەم
کە هاتم
لە بەردەم دەروازەی هەناسەی ساردتانا
تاقێکم بۆ لێدەن
شیاوی شای خەم بێ و ئەم تاجی غوربەتە
شیاوی ڕیشەکەی خەندان و
شیاوی هەیبەتی جەلادەت.
تاقێکم بۆ لێدەن:
بەخونچەی ئەو هەموو فرمێسکەی هەتانە.
بە گەڵای ئەو هەموو ئاخانەی لاتانە.
بە ژاڵەی ئەو هەموو کسپانەی پێتانە.
تاقێکم بۆ لێدەن
بە نەخشی باڵندەی ئەو قوڕە سوورانەی هەتانە و
لە گڵکۆی ئازیزان بە ئاوی نێو نیگا شێلاتان.
تاقێکم بۆ لێدەن
بە خشتی ئازاری چوارگۆشەی
ئەو هەموو پرسانەی دایئەنێن.
تاقێ بێ لە شێوەی مێزەری «مەولەوی»
تۆزێ قووچ.
تاقێ بێ وەک پشتی کۆماوەی
خەڵوەتی مەولانە

تاکوو دێم، ئەو گوڵە سپیانە مەنێژن
بوەستن! بەلانکەی مێژوویان مەسپێرن
با لەسەر سەوزەگیای لەشی هەرد
لەسەر پشت پاڵکەون
با لەسەر باسکی ئاو ڕاکشێن.
با لەسەر شانی «با» هەڵکوڕمێن.
ئاسمانی چاویشیان دامەخەن
هیچ پەڵە هەورێکی سەرشاخیان
پیا مەدەن، هەتا دێم
مەیکەنە تارومار
خۆزگەمە بۆ دواجار
تەماشام بە پرژەی گوڵاویان تەڕ بکەم.
خۆزگەمە بۆ دواجار
شنەیان بگرمە باوەشم.
یەک بە یەک دەم خەمە ناو دەمی حەسرەتیان
ناکامیی سینەیان هەڵمژم
وەک دایک و
باران و
شەمامە
بۆنیان کەم.
یەک بە یەک دەست بێنم
بە تیشک و تیرێژی قژیاندا و
موو بە موو ماچیان کەم.
تاکوو دێم، ئەو «مانگ»ە زەردانە مەنێژن
بوەستن! هەتاکوو تریفەی غەریبیی خۆم دێنم
ڕاوەستن! هەتاکوو ئەگەم و
خەرمانەی هەڵبەستم
ئەکەمە پشتێنی ناو قەدیان.
خۆزگەمە بۆ دواجار
دەست کەمە قەڵبەزەی گەردنی هەموویان
یەک بە یەک خەمانیان ڕاژەنم
یەک بە یەک بە بەژنی دارلیمۆی ژەهراویی
مارتیاندا هەڵزنێم
یەک بە یەک سەرخەمە ناو سنگ و بەرۆکی بەفرینیان
یەک بە یەک کڕنووشیان بۆ بەرم
یەک بە یەک فوو بکەم
بە کونی زامیاندا و
شمشاڵی باڵایان لێبدەم:
«حەیران.. حەیرانە.. ئەوە «سەحەر»ە
ئەوە چاوی هەڵوەریوی سەحەرە.
ئەوە خەزانی باڵای سەحەرە.
ئەوە دەنکە ملوانکەی خەونەکانی سەحەرە.
ئەوە دەست و ئەوە پەنجە و ئەوە مەمکی
بەجێماوی سەحەرە.
ئەوە قیژەی ڕواوی سەحەرە
ئەوە خۆڵەمێشی ماڵە بابی سەحەرە
حەیران حەیرانە و
خەنەبەندانە و
ئامان ئامانە و
باڵاڕێزانە..»

لاوەکە! تەماشا!
ئەم مێرگی غوربەتە ئازاری چەند سەوزە
چەند تەڕ و پاراوە ئالووزی گوڵ گوڵیی
ئەم مێژووی وڵاتی حەسرەتە.
لاوەکە! بڕوانە!

دوندی ئاخ لە سینەی بوولێڵی ئێمەدا
هەڵکشاو، سەر بە گوڵ، چەند بەرزە
ئاوڕێ.. تەماشا!
سەقەمی کۆچنامەی دڵداران
لە گیانی عاشقدا: گڕەیە.
گینگڵیان: ئارام و
وێڵ بوونیان: ڕێگەیە.
تەماشا! ڕیزە ژان
زنجیرە سەماکی کۆتەڵمان
یەک بە یەک چۆن بەسەر پێدەشتی
سۆزماندا
ئەڕوانن!
بڕوانە! سووتانیان: سەمایە و فڕینە و
پەل و پۆی گریانیان: شۆڕابەی بەستەیە.
ئەوەیان: فەنەری گەردنی نالییە لە شەوی
بسفۆردا ئەسووتێ و جەستەی ئاو ئاڵ ئەکات.
بە باڵای قەسیدە قوڵایی ئەپێوێ و لە بنی گێژاودا
چارۆگەی خەیاڵی هەڵئەدا. لە سامی گێژەندا و
لەوێدا بۆ ساتێ پەیتووکەی گومانی ئەسرەوێ. لەوێدا
ئەم گەرای ڕەنگاڵە بۆ ماسیی باڵداری شیعری خۆی
دائەنێ. لەوێدا ئەم خەونی زەرد و سوور بە چاوی
خاکەوە ئەبێنی. ئەخنکێ و ناخنکێ و لەوێدا دەست ئەبا و
مرواریی دڵی خوا دەردێنێ. ئەخنکێ و ناخنکێ و
لەوێدا ئەم تۆوی هەتاو و هۆنراوە ئەچێنێ. هەر خۆی و
گەمیەکەی. هەر خۆی و سەفەری ئاوی ڕەش.
هەر خۆی و سەوڵەکەی قەڵەمی و هەر خۆی و خەمی
گەش. پێشەنگە و پێش هۆرەی شەپۆلی بێ‌وڵات
کەوتووە. پێش وشەی سەرگەردان کەوتووە.
نامۆیی سەراپای تەڕ بووە.
بەلەمی بێ کەنار
تەنیایی ئەئاژوێ و
باخی ئاو
گوڵقژی حەبیبەی گرتووە.
بە پێلە تینویەتیی عەشقی ئەو، سەرئەکا!
بە شەوقە تاریکیی ڕێ و بانی وشەی ئەو، ڕێ ئەکا.
سەرپەڵە پایزەی ئەم کۆچەی
ڕواوی سەر بەردی هەڵکەنراو
هەڵاڵەی فرمێسکی گوێ زەڵمە و
گۆرانیی بەفرێکی شنروێی هەڵقرچاو.
ئاڤزینی خولیاکەی ئەسپێکە سپی بۆر:
ئارامی: سمکۆڵە و
کوڕژنی: هێوریی و
دوورێتیی: نزیک و
قیبلەکەی: خاک و خۆڵ

ئەستەمووڵ ئەیبێنی و نازانێ چ گۆمێ
وا لە ژێر کڵاوی ئەم پیاوە
ڕیش ڕەشەڕێحانە و بەفرەدا.
هەموو ڕۆژ ئەیبینێ و نازانێ
چ بێشە و نزارێ وان لەناو
دەربەندی ئەو سینە تەنگەدا.
کۆتریی سەر قوببە و منارە ئەیبینن نازانن
چ باڵی فڕێنێ وا لە ناو ئاسمانی
ئەو گیانە شینەدا.
کەلەپۆی خۆرنشین ئەیبینێ و نازانێ
چ پشکۆ و ژیلەمۆ و ئاگرێ وان لەناو
ئاتەشگەی ئەم شیعرە ئاوارە و وێڵەدا.
باران و ڕەهێڵە ئەیگاتێ و نازانێ
چ ناڵە و چ ژان و ژمژیە و گرمەیەک
وان لەناو ئەو هەوری دەروونە قووڵەدا
هەژاران ئەیبینن نازانن
چ نووزەی نانێک و چ لاڵەی ئاوێک و
چ سەرمای تەمەنێ وان لە ناو
کوختەکەی هەناوی
ئەم مامە پیرەدا!
عاشقان بەلایدا ئەڕۆن و نازانن
چ لەنجەی خەمێک و
چ کانیی نیگایەک
وان لەناو کازیوەی ئەو چاوە تیژەدا
ئەوەیشیان: مەولانەی هەتاوی نیوەڕۆی شەوانە.
تاڤگەی بێدەنگیی دڵی خوا و کۆڵکێشی گریانە.
بە هاوین بارانی هیندستان لە چاویا دائەکا و بە زستان
لە ڕۆحیا قرچەقرچ «شارەزوور» سووتانە. هەموو ڕۆژ
شەبەقی بەرەدای موریدی کاکۆڵ سەوز،
بە دزیی منارەی ئەمەویی شامەوە، لە دەفری
سۆزێکدا شەپۆلی نوورێکی یەزدانی هەڵئەگرێ و
ئەیبا بۆ: سیروانی مەولانە.
شەوانە، شۆڕەبیی کەناری گۆمی خوا و
ڕۆژانە، نانێکی ناوچەوان سووتاوی ڕەنجدانە.
ئەم، بەڕووی شاخێکە هەموو ڕۆژ بە پێی خۆی
ئەچێتە ناو ژووری پەنگر و کڵپەوە
هەتاکوو بسووتێ و هەڵقرچێ
پژوپۆی «وەجد»ەکەی چڕترە.
ئەم.. کێوی بەفرێکە خۆی بۆ خۆی
ئەچێتە بەردەمی خۆری هەق
هەتاکوو دڵۆپی توانەوەی زۆرتر بێ
ئەستێرکی ئەوینی ئاسمانی پڕترە.
شەوانە، تا دۆزەخ بۆ لەشی دابخا و
بپڕووکێ و هەڵوەرێ و دووکەڵ کات
ڕۆژانە، بەرچاوی ئەم زامە ڕوونتر و
بەهەشتی گیانی ئەم شەنگترە.
مەولانەی سەمەندەر
ئەو قوڕەی لە مشکیی لەشی خۆی
بەردەوام ئەیشێلێ
هەموو ڕۆژ ئەیکاتە گوڵدانێ
بۆ گوڵی عەشقی خوا و
لەتاقی پرشنگی ژوور سەردا دایئەنێ.

سێ وتەی پیرۆزی نێو ڕۆژژمێرێکی نەبینراوی مەولانە
یەکەم:
عاشقێ خرایە ئاگرەوە
بەڵام تا
گیانی پاک گەیشتە ئاسمان و دڵی خوا
ئەو بە ژێی بڵێسە بەردەوام
هەر «تار»ی ئەوینی لێئەدا!
دووەم:
ئەتوانیت ڕوانینت بڕوێنی و سەوزیش بێ
بەو مەرجەی کە درەخت
ببێتە دڵدارت!
سێیەم:
دەرچوونم بۆ نەبوو
عەشقی تۆ دەوری دام
من ئیستا لە نەخشەی تازەتا
دوورگەی تۆم!

ئەوەیشیان: حاجییەکەی درەختی زەنگ بە دەست.
شمشاڵی لالێوی مێژووی شاخ. شەو و ڕۆژ
بە گوڵەحاجیلەی دیدەی خۆی، گڵۆنکەی کۆڵوانەی
یادێکی نارنجی بۆ کۆیە ئەچنێ و باڕژنی کاژۆلەی
مووڕەشی خەمیشی هەر لەلای «کەکۆن» و لە دەوری
ڕەشماڵە. ئەم، شیعری کردووە بە هەتوان.
بە کلیل. بە خەنجەر. هونەری کردووە،
بە دەغڵ و بە بانگدان.
ئەم، وشە و گوڵاو و هاوار و گزنگی ئاوێتەی
یەکتری کردووە. کردوونی بە شتێ نەبینراو. نەبیستراو.
بۆن نەکراو.
ئەم، شیعری کردۆتە پڵنگ و لەم بێشەی ترسەدا،
بە چڕنووک لە قەدی تاریکی ئەنووسێ.
ئەوەتا نیشتمان لە چاویا بریسکەی دڵۆپی
ئەلفوبێی بێئەنوا و بێماڵە.
نیشتمان لە «سەر»یا هەر بەردەمۆرەکەی،
گیرفانی شوانێکی عاشقی خەجێیە. نیشتمان
لە دەنگیا خوێندنی کەوێک و تریقەی دوو کیژی
دیلانێی مابێنی دوو داری ناو دێیە.
نیشتمان لە گوێیدا زرنگەی پاوانەی
جوانێکی ئەوێیە!
بە بەردە ئەستیەکەی سەری خۆی هەموو شەو
لە هۆدەی گریاودا، یادێکی پەمەیی و شیعرێکی
زەردی خۆی پێکەوە هەڵئەکات. ئاوی چاو
وەک ئاوی شەربەکەی حیجازی، ژەکێکە
هەموو ڕۆژ غەریبیی ئەینۆشێ. ڕۆژانە لە حیجاز
هەڵمێکە و شەوانە لە وڵات گۆمێکە و ئەیبەستێ.

لەوێڕا گەر سەری بەردێکی
چنارۆک بشکێنن،
لێرەڕا ئەم دەستی کسپەیەک
هەڵئەبڕێ بۆ سەری.
لەوێڕا گەر چەوێ لە بینی کانییەک بگیرێ
لێرەڕا ئەم شیعری قرخەیەک ئەکات و
دەست ئەبا بۆ قوڕگی.
لەوێڕا گەر بەچکە ئاوازێ هەڵفڕێ
لێرەڕا ئەم ئەبێ بە ئاسمان.
لەوێڕا گەر ئەوین
سەعاتی ژوانی دیاری کرد
لێرەڕا ئەم ئەبێ
بە دار و سێبەر و پەناگەی جێژوان.
لەوساوە، ئەوەتەی کە ڕیشی پەپوولە پایزەی
لە بنە تووتڕکی غەریبی ئاڵاوە
ئەوەتەی ئەستەمووڵ نسێیە و هەتاوی نیشتمان
لەم شیعرەی نەداوە،
ئەوەتەی شەپۆلی ئەم ئاوە باڵ شینە فڕیوە
باخەکان بە دوایدا ئەگەڕێن.
ئەوەتەی ئەم هەورە ڕۆیشتووە
شاخەکان بە دوایدا ئەگەڕێن.
ئەوەتەی ئەم هەیبەت سوڵتانە کۆچەرە
کوردستان شپرزە و چاو لە ڕێ و هەر ئەڵێ
ئاخۆ کەی ئەم خۆرەم دێتەوە؟ !

پەندە شیعرێکی بڵاونەکراوەی حاجی
وەختی خۆی لە ئەستەمووڵ لە پیرە بەردێکی ڕیش سەوزم وەرگرت

ئەم بەردە گەر بازووی ئەوەندە ئەستوور و
دڵیشی ئەوەندە سەخت و ڕەق نەبوایە
تا ئیستا ڕەشەبا هەزار جار تلاوتل بردبووی.
ئەو بەردەیش گەر دڵی زۆر ناسک نەبوایە
ئاخر چۆن بە تۆوی دەم «با»یەک
ئەقڵیشا سەرسنگی؟ !
١٩٩١/٠١ ستۆکهۆڵم

پەراوێز edit