ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
بیرتە! ورد ورد، بەگوێ چەمی، کەف چڕێندا ئەڕۆشتین
وردە شەپۆل، بەئەسپایی، قاچی ڕووتی ئەشتین؟
لەبەر هاژە و، خوڕەی ئاوی، گوێ کپ کەری قەڵبەزە
لە ڕازی دڵ، لە قسەی یەک، زۆرجار نەئەگەیشتین؟
***
بیرتە بەدوای، پەپوولەدا، ڕامان ئەکرد دوو بەدوو
تا یەکێکمان، لێ ئەگرتن، هەناسەمان سوار ئەبوو؟
وەکوو منداڵ، ئاوپرژێنی، لەشی یەکترمان ئەکرد
بە تەڕبوونمان، پێئەکەنین، قەت تاقەتمان نەئەچوو؟
***
ئەی لەبیرتە، بۆ دزینی، بەرسیلەی مزر و هەنار
دزە دزەی، ڕۆشتنمان بوو، بۆ پەنا داری حەشار؟
من خەریکی، کردنەوە بووم، کاتێ زانیم خاوەن ڕەز
بەدارەوە دوامان کەوت و، هەڵی بڕین سەرو خوار؟
***
ئەی لەبیرتە، لە ڕێبازا، کە هەڵنووتیت و کەوتی
دەسم دایتێ، چاوت داگرت! ، بەباوەش هەڵم گرتی؟
نشێوێ بوو، کەس دیار نەبوو، خێرا فرسەتەم هێنا
لەناو دەمت، هەتا توانیم، ماچێکی گەرمم کردی؟ !

پەراوێز edit