شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: تریفەی ھەڵبەست سەرناو: بیرتە؟ بیرتە! ورد ورد، بەگوێ چەمی، کەف چڕێندا ئەڕۆشتین وردە شەپۆل، بەئەسپایی، قاچی ڕووتی ئەشتین؟ لەبەر هاژە و، خوڕەی ئاوی، گوێ کپ کەری قەڵبەزە لە ڕازی دڵ، لە قسەی یەک، زۆرجار نەئەگەیشتین؟ *** بیرتە بەدوای، پەپوولەدا، ڕامان ئەکرد دوو بەدوو تا یەکێکمان، لێ ئەگرتن، هەناسەمان سوار ئەبوو؟ وەکوو منداڵ، ئاوپرژێنی، لەشی یەکترمان ئەکرد بە تەڕبوونمان، پێئەکەنین، قەت تاقەتمان نەئەچوو؟ *** ئەی لەبیرتە، بۆ دزینی، بەرسیلەی مزر و هەنار دزە دزەی، ڕۆشتنمان بوو، بۆ پەنا داری حەشار؟ من خەریکی، کردنەوە بووم، کاتێ زانیم خاوەن ڕەز بەدارەوە دوامان کەوت و، هەڵی بڕین سەرو خوار؟ *** ئەی لەبیرتە، لە ڕێبازا، کە هەڵنووتیت و کەوتی دەسم دایتێ، چاوت داگرت! ، بەباوەش هەڵم گرتی؟ نشێوێ بوو، کەس دیار نەبوو، خێرا فرسەتەم هێنا لەناو دەمت، هەتا توانیم، ماچێکی گەرمم کردی؟ ! ++++++++++++++++++++++