ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس تریفەی ھەڵبەست
٣٦. دار ئەرخەوان
لەیادێتی سلەیمانی
بەسەرهاتی ئەرخەوانی
گردی سەیوان
جێنزرگەی باپیرانی
ئاریانی
مەردی ژیان.
لەیادێتی کە چۆن تەوری
زوڵم و جەوری
دەستی تاوان
چۆن سەربازی داگیرکەری
عوسمانییەکان
کەوتنەدەوری..
گردی سەیوان
بۆ بڕینی دارئەرخەوان
ئەرخەوانی گیانی یاران.
لەبێرێتی کە پۆستاڵی
جەندرمەکان
پێ شێلی کرد چەند مناڵی
گڕ و گاڵی
ساوای ژیان.
لەبیرێتی کە چۆن دوژمن
وەک شێت و هار
کەوتنە شاڵاوی پەلامار
بۆ خوێن ڕشتن
تاڵان کردن
لە لادێ و شار! .
لقی سووتاوی ئەرخەوان
بوو بەتانەی خەمی کوردان
لەسەر چاوان.
ڕەش بوو ئاسمان
بەدووکەڵی دار ئەرخەوان
بەڵام کاتێ کە بەهاری
لادێ و شاری
کەوتنە گەشە و بووژانەوە
داری ڕوتەڵ ڕوانەوە
وەکوو جاران
سەوز بۆوە ئەرخەوانی
سەر گومەزەکەی بابانی
گردی سەیوان
ئەوساکە دوژمن پێی زانی
ڕەگی ئەو دار ئەرخەوانە
بنجی قووڵی وەک ژیانە!

پەراوێز edit