ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس تریفەی ھەڵبەست
٣٥. بۆ چاوە شینەکانی
شیعری شیرین
بۆ چاوی شین
گەلێ پرسیاری هێشتەوە
بەبێ وەرام
ئەوەی نەدا بەدەستەوە
تەواو بێ لام
وەکو مەرام.
ئێستاش هۆنراوەی مەبەستم
ئەوەی نەگەیاندە دەستم
کە من ویستم
چاو شینەکەی خۆشەویستم.
لەسەر جێی داخ
بەبێ خەویی
شەوگاری ئاخ
وەک زۆر شەوی: فریشتەی شیعری «مەولەوی»
چاوانم پڕ
لەئەشکی خوڕ
ئەڕژانە سەر
پەڕەی دەفتەر
هەتاوەکو شیعرێ دانێم
مۆری چاوی شینی پیا نێم.
ناخی دەروون
مات یان زەبوون
لەبەر بارەگای شیعردا
زۆرجار وەنەوزی وای ئەدا
کە تا ژیان
مژدەی بەیان
دیاریی نەکا!
فریشتەی شەو
دێڕێ شیعر
بۆ چاوی ئەو
بە من نەدا
هەتاوەکو شیعرێ دانێم
مۆری چاوی شینی پیانێم.
ئەم لام ئەکرد
پەنام بۆ خوای جوانی ئەبرد
بۆ قوبەی شینایی ئاسمان
دنیای ئیلهامی لای ئەوان
بۆ تریفەی مانگی ساماڵ
بارەگای ئەشقی هەزار ساڵ
پەنام ئەبرد
بۆ ئەستێرە
شیعرم بۆ بێنێتە ئێرە
هەتاوەکو شیعرێ دانێم
مۆری چاوی شینی پیا نێم
نە من نە ئەستێرەی شیرین
نە ئەفسوونی پەنهانی ژین
نەمان توانی بۆ چاوی شین
شیعرێ بەدیاری بنێرین!
***
شیعری شیرین
بۆ چاوی شین
لەهەڵبەستی منا ئەژین.

پەراوێز edit