١- لە مردنیا:
هەتاو ڕەنگی هەڵبزڕکا
بوو بەگڕە شنەی هەوار.
خوێن لەچاوی ئاسۆ تکا
ڕژایە سەر گۆنەی بەهار.
***
جریوەی شیعری پرشنگدار
زەرد هەڵگەڕا کەوتەلەرزین.
پەپوولەی ئێسک سووکی یار
بەسەر گوڵا کەوتە گرین.
***
بزەی مانگەشەوی ئاسمان
لەسەر بەفری لووتکە تەرا..
دەنگی قاسپەی بەرەو کوێستان
بۆ گەرمیان ڕووی وەرگێڕا
***
نێرگز چاوی سپی سوور کرد
دڕک چەقی لە وەنەوشە
با.. گوڵاوی دەم هەنگی برد
کەوتە هەنسک گەرووی وشە.
***
گەشەی شەونمی بەربەیان
لەسەر گەڵای خەم توایەوە.
قژی فریشتەی شیعری جوان
لە ئەرخەوان ئاڵایەوە.
***
تەرزەی ژێر دەوەن و بنچک
ئارەقی کرد بەجێگەی گڵ.
باران نمەی تاسەی تک تک
ئەبارانە سەر پۆپەی چڵ.
***
کڕێوەی زستانی هەواڵ
هێلانەی بولبولی شێوان
هەوری ڕەشی ڕووگرژ و تاڵ
بەسەر ساماڵا ئەیگرمان.
2- لە یادیا:
لەپەپولەی ناو باخەوە
بۆ گوڵاڵەی کەژ و نزار
لەهەنگە زەردەی شاخەوە
بۆ سەر گەڵا و بۆ گوێ ڕووبار
***
لەجوانانی بێناوەوە!
بۆ شۆخ و شەنگی دەرکەوتوو
لەوەنەوشەی خزاوەوە
بۆ گوڵە باخی سەرکەوتوو
***
لەقژی زەردی خاوەوە
بۆ سەر لێوی ئەرخەوانیی
لەسەر کوڵمی گەشاوەوە
بۆ چاوی شینی ئاسمانیی
***
بەگوێی یەکا ئەچرپێنن
شیعری «گۆران» ئەخوێننەوە
لەو وشانە ملوانکەی ژین
بۆ کردگار ئەهۆننەوە.