شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: تریفەی ھەڵبەست سەرناو: گۆران سەبارەت: بەیادی بیرەوەری چوار ساڵەی کۆچکردنییەوە ١- لە مردنیا: هەتاو ڕەنگی هەڵبزڕکا بوو بەگڕە شنەی هەوار. خوێن لەچاوی ئاسۆ تکا ڕژایە سەر گۆنەی بەهار. *** جریوەی شیعری پرشنگدار زەرد هەڵگەڕا کەوتەلەرزین. پەپوولەی ئێسک سووکی یار بەسەر گوڵا کەوتە گرین. *** بزەی مانگەشەوی ئاسمان لەسەر بەفری لووتکە تەرا.. دەنگی قاسپەی بەرەو کوێستان بۆ گەرمیان ڕووی وەرگێڕا *** نێرگز چاوی سپی سوور کرد دڕک چەقی لە وەنەوشە با.. گوڵاوی دەم هەنگی برد کەوتە هەنسک گەرووی وشە. *** گەشەی شەونمی بەربەیان لەسەر گەڵای خەم توایەوە. قژی فریشتەی شیعری جوان لە ئەرخەوان ئاڵایەوە. *** تەرزەی ژێر دەوەن و بنچک ئارەقی کرد بەجێگەی گڵ. باران نمەی تاسەی تک تک ئەبارانە سەر پۆپەی چڵ. *** کڕێوەی زستانی هەواڵ هێلانەی بولبولی شێوان هەوری ڕەشی ڕووگرژ و تاڵ بەسەر ساماڵا ئەیگرمان. 2- لە یادیا: لەپەپولەی ناو باخەوە بۆ گوڵاڵەی کەژ و نزار لەهەنگە زەردەی شاخەوە بۆ سەر گەڵا و بۆ گوێ ڕووبار *** لەجوانانی بێناوەوە! بۆ شۆخ و شەنگی دەرکەوتوو لەوەنەوشەی خزاوەوە بۆ گوڵە باخی سەرکەوتوو *** لەقژی زەردی خاوەوە بۆ سەر لێوی ئەرخەوانیی لەسەر کوڵمی گەشاوەوە بۆ چاوی شینی ئاسمانیی *** بەگوێی یەکا ئەچرپێنن شیعری «گۆران» ئەخوێننەوە لەو وشانە ملوانکەی ژین بۆ کردگار ئەهۆننەوە. ++++++++++++++++++++++