ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس تریفەی ھەڵبەست
١٧. شەقامی کچان
چاوی برسیم، لەشەقامی بەغدای کچانا
هەموو ڕۆژێ ڕێبوارێکە وا لەسووتانا
هەتا ئەژنۆ شل ئەبێت و تا هیلاک ئەبم
منی تەنیا، منی بێ کچ، هەر دێم و دەچم.
شەقام هەمووی، ئەم بەر و ئەوبەر، لەسەر تا خواری
بەردەم کۆگای، ناو پێشانگای، وردە بازاڕی
هەر کچانە و، هەر جوانییە و هەر بۆنی خۆشە
هەر لەزەتی چاو و گیانە و بەتەمەن نۆشە
چاوی برسیی، هار و هاجی، تەماشا کردن
گلاراوی تێئەکەوێ، بۆ پڕ پیاکردن.
هەتا ئەژنۆ شل ئەبێت و تا هیلاک ئەبم
منی تەنیا، منی بێ کچ، هەر دێم و دەچم.
تاوێ ویقار لەرۆشتنی وردا ئەنوێنم
تاوێ شەرم و تاوێ سەر لەخۆم ئەشێوێنم
تاوێکی تر بەتەماشای بیانووی موغازە
ڕائەوەستم ڕوو لەو کچەی کە ڕاستیی نیازە
هەر هەنگاوێ هەر ئاوڕێ مایەی خەفەتێ
هەر بینینی شۆخێکی جوان بۆ من عەزرەتێ
هەر بۆنێکی عەتری قژی، هەر چرپەی دەنگێ
هەر نازێکی کچی چواردە و، زڕەی بازنگێ
هەر ترپەی پێ گوێ لێ بوونێ، هەر پێکەنینێ
هەر سەرنجێ لەسواربوون و لەدابەزینێ
هەر چوونە سەر پێپلیکەیەک بۆ قاتێکی تر
هەر قاچ لەسەر قاچ دانانێ، هەر پوزێکی پڕ
هەر بینیی کراسێکی ژوور ئەژنۆی ناسک
هەر ڕانێکی گۆشتنی ناو تەنوورەی تەسک
هەر مەمکێکی گرد و قووتی بەکیسە سەغڵەت
هەر پشتێکی نیوە ڕووتی شۆخی کەڵەگەت.
هەر گۆی مەمکێ کە ماچ ئەکا شیفۆنێکی کاڵ
یان جاروبار لەرەی دێت و ئەبینرێ بەحاڵ
هەر بینینی دەست بردنێ بۆ قژ ڕێک خستن
یان نازێکی تووڕەبوونی لێو هەڵقورتاندن
هەر بینینی ڕەوتێکی گورج، لەشێکی جرپن
هەر بینینی پێستێکی ئاڵ، کوڵمێکی خرپن
هەر بینینی پشتی ڕانێ، کەوا شنەی با
لەرێکەوتا کراسەکەی لەسەر لا ئەبا.
یان بینینی درزی مەمکێ، کەوا بەئەنقەست
تۆزێ زیاتر دەرخراوە و دایناپۆشێ دەست
بینینی هەر بەر سکێکی لەجلا چەسپاو
یان لاسکی کیسەی مەمکی لەشان داخزاو!
یان ئەو شلکەی ڕانە نەرمەی، سەرنجی خێرا
بەدیی ئەکا لەناو «تاکسی» و جێی سەرەو ژێرا
یان ئەو چرچەی کە دامێنی دوای کورتی کراس
تێی ئەکەوێ و زیاد هەڵ ئەچێ لەشوێن دەسی قارس
یان ئەو قژەی بەتەرتیبی تازە داهێنراو
ڕۆژێ خاوە و ڕۆژێ لوول و جار جار پەشۆکاو
یان ئەو گوڵەی لەمابێنی درزی مەمک دا،
دانراوە و، چاو، چاوشارکێی لەگەڵدا ئەکا
یان پشتێنی بەکەمەری باریک، تۆزێ شل
یان قەراغی ژێر کراسی درێژتر لەجل
یان بینینی ئەو برژانگەی لەپاش چاوڕشتن
لەناو ڕیزا یەک یەک دیارن لەچاو ڕەشترن.
یان بینینی ملوانکەیەک کە مورووی دوایی
شۆڕە و ماچی مەمک ئەکا زۆر بەئەسپایی.
یان بینینی جوانی بەردەم ئاوێنەی کۆگا
کە بۆ تاوێ سەرنج ئەدا و لەخۆی تێناگا.
یان بینینی ئەو نازدارەی لەپڕ ئەوەستێ،
تا گۆرەوی شلی.. هەڵکا و لە ڕان بیبەستێ.
بینینی هەر زنجیرێکی خوارووی لای کەمەر
کەوا لەبەر، پەلە، نیوەی نەبراوەتە سەر
دەری ئەخا ئەو ئەتەکەی کە ئۆقرەی لاویی
ئەخاتە ناو خەیاڵێکی پەرژین ئاگراویی
یان بینینی ئەو لا مەمکەی کە چۆڵیی بن باڵ
دەری ئەخا بۆ سەرنجی هەوەسی خەیاڵ.
یان بینینی ئەو ئەڵقەیەی شۆخی ئێسک سووک
دەری ئەخا.. تا بزانیت ئەو بووە بەبووک.
یان بینیی تیلەی چاوێ بەپارێز ڕوانین
یان بینینی لێوێکی قوت.. تەڕ بۆ هەڵمژین.
یان بینینی دوگمەیەکی سەر سنگ ترازاو
کە لێ بوردن داوا ئەکا لەمەمکی تۆراو.
یان بینینی موستیلەیەک یاقووتەکەی سوور
لەپەنجەدا پرشنگ ئەدا بۆ لاوێکی دوور.
یان بینینی ئەو ڕەفتەیەی لەرەنگی جلە
قژ ئەبەستێ و گوڵی گرێی تا شان و ملە.
بەتەلەفون.. قسەی بێدەنگ.. قاقای ئەو جوانە
کە نایبیسی لەبەر شووشەی کۆگای جامخانە
یان بینینی تێکەڵ بوونی پل و پێی ڕۆیشتن
لەوکاتەدا کە خێرایە بۆ زوو گەیشتن.
یان گوارەیەک تۆزێ شۆڕە و، کە لەئاوڕدا
خۆی هەڵئەسوێ لەلاجانگ و سەر لەکوڵم ئەدا.
ئەمانە گشت هەموو وەکوو ئاگر و پووشوو
گڕی لاویی بەر ئەدەنە ئارەزووی تینوو
لەتەوقی سەر هەتاوەکو کەڵەموستی پێ
هەر موچڕک و تەزووی حەزە تیا یەت و ئەچێ.
هەتا ئەژنۆ شل ئەبێت و تا هیلاک ئەبم
منی تەنیا، منی بێ کچ، هەر دێم و دەچم
چاوی برسیم لە شەقامی بەغدای کچانا
هەموو ڕۆژێ ڕێبوارێکە وا لەسووتانا.

پەراوێز edit