ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس تریفەی ھەڵبەست
١٨. لە باوەشی جوانییا
دەمەو ئێوارەی خۆرنشین
دوا عومری پایزی غەمگین
هەنگاوی خەمی تەنیایی
ملی پێنام بەئەسپایی:
بەرەو جێیە کە خامۆشیی
دنیای گرتبێتە کۆشیی
بەرەو جێیە کە بێدەنگیی
تیایا بژی بۆ دڵ تەنگیی
پەستی و ئێوارەی خۆرنشین
لەدەروونی منا ئەژین.
ئەم دیمەنی خۆرنشینە
لەناو گیانما جێ نشینە.
پەڵەی هەوری سوور هەڵگەڕاو
بەدوا تیشکی خاوی هەتاو
وەکوو تارای بووکی لادێ
ڕووی ناز بەئاسۆدا ئەنێ
دەم ئەنێتە دەمی جوانیی:
لەناو ڕەز و چەم و کانیی
ڕیزە شاخی دووری شین کار
تەمەنێکن بۆ کردگار.
ئاسمانی سەر لوتکەی بەفرین
وەک کەژاوەی بووکی سەر زین
چاوی هیوا هەڵئەهێنێ
دیوی دنیای دڵ ئەبینێ.
تاک تاک درەختی ڕووتاوە
لق نووشتاوی بۆ ناو ئاوە.
گۆڕستانی گردی ئەو بەر
نیوەی هەتاو نیوەی سێبەر.
دووکەڵی لادێی بن بنار
پێچ ئەخوا بۆ گەرووی نزار.
لەدوور ڕێبواری ماندووی ڕێ
بەلەش کفتیی هەنگاو ئەنێ.
باخی نزیک قەراغی شار
ئەمساڵیش وەک پار و پێرار
وشک و برنگیی تیا دیارە
چاوەڕێی ئاوی بەهارە.
کڵاوی زەردی خۆرنشین
لەسەر لووتکەی بەرز چەسپین.
پێچەوانەی تیشکی هەتاو
شکایە ناو جۆگەلەی ئاو.
تەم ومژی بەری گۆیژە
پەرژینی دۆڵ و ڕێی لێژە.
گردی زۆر و بەرزی و نشێو
سواری یەک بوون تا سەری کێو.
پێدەشت لەسەرنجی چاوا
زەردە بەتیشکی ڕۆژئاوا
گەڵای ئاڵتون ڕەنگی وەریو
خزانە ناو قوڵایی شیو.
گوومەزی سەر گردی یارە
وەک پیرۆزەی یادگارە،
کە لە پەنجەی دەستی یادا
بریقە بۆ ژیان ئەدا.
وەک ڕیزە پڵپڵەی زێڕین
تاک و تەرا یان چین بەچین،
گڵۆپی تازە هەڵگیرساو
لەشارا وا دێتە پێش چاو.
پەپوولەی سەرچڵی تەنیا
بەسەرنجی چاوی وریا
ئەگەڕێ بۆ خۆشەویستێ
دڵی لەگەڵا ببەستێ
لەلانەی خۆزگەدا ساتێ
گوڵاوی ناودەمی باتێ
لەناو جوانی سروشتا هەر
سەری ئارام بنێتە سەر
ئەو دنیایەی وەک فریشتە
میوانی کۆشکی بەهەشتە.

پەراوێز edit