ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
یا خود وەکوو
قوتوی کۆکای
لەش قوپاوی لێهاتووە!
-ڕۆژتان باش!
من ناوم پشیلەیە. بە نەتەوە کوردم و بە ئایین
مەسیحی. هەندێ کەس بە 'جۆرج'یش بانگم
ئەکەن. ئیستە بێکارم. بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر
ساعووری تاقە کڵێساکەی ئەم شارە بووم. منی
پشیلە
یان جۆرج، باپیرە هەرە گەورەم یەکێک بووە لە
پشیلە دەوڵەمەندو خێرخوازەکانی ناو ماڵی کەریمی
ئەلەکە.
ئەو باپیرە پشیلەیە، ئەوەندە پشیلەچاک و بەخشندە
بووە.
لە گرانیە گەورەکەدا، نەیهێشتووە یەک پشیلەی
هەژار
لەم شارەدا، لەبەر برسێتیی بمیاوێنێ و هەموویانی
تێر کردووە. جا پشیلەی مەسیحی بووبن یان
موسڵمان. من بەو دواییەو هەر لەسەر ئەم جادەی
سەهۆڵە 'کامەران'م ناسی. گەلێ جار ئەو باسی
دایکە کڵۆڵەکەی و خوشکە قەیرە بەدبەختەکانیم بۆ
ئەکات و
منیش باسی چوار بێچووە ڕەش و ڕووتەکانم.
ئیستە هەردووکمان ڕۆژانە لەتاو برسێتی و بێکاریی
بەردەوام ئەمیاوێنین. من بەرامبەر خاوەنی ئەو

ڕستۆرانتەو کامەرانیش بەرامبەر بە نیشتمان!
بەڵام هەردووکیشیان لە ختەلێکردن زیاتر هیچی
ترمان نادەنێ!

«ئەو ڕۆژە نیشتمان بووبوو
بە خاوەنی ئەو کارگەیەی
کە من دووکەڵکێشی عومری و
کە من تۆزی چیمەنتۆیم.
هەموو ڕۆژێ
وەک برووسکە پەیدا ئەبێ.
دەستی ڕاستی لە گیرفاندا و
بۆینباخی هەتا خوار ناوک هاتووە و
وەک گوڵێکی سوور بە یەخەوە و
بە سەرمانەوە ئەوەستێ
لێدانی دڵمان ئەژمێرێ.
چاو ئەبڕێتە کرانەوە و نوشتانەوەی
پەنجەی دەستمان
پەیتا پەیتا بە ناوماندا دێت و دەچێ
لە دەقیقەیەک، چرکەیەک
لە یەک وچانی ئازار و
لە پشوویەکی هەناسە و
لە یەک دانیشتنی خەم و
لە بەگیروەستانی پشتێ و
لە سڕینی فرمێسکی کەس نابوورێ.
وا هەست ئەکەم
نیشتمان خۆی دەڕنەفیزە و سەرم بورغوو
نیشتمان بۆ خۆی چەکوشە و منیش بزمار
من قاڵب و ئەو چیمەنتۆ
ئەو مەنگەنە و و منیش هاوار
نیشتمان بۆتە پاسەوان
بەسەر دەنگ و ڕەنگمانەوە
گاردە بە دیار نیگامان و
وەردتانیش بە دیار جوونی پارۆکانی
دەممانەوە...»
«ئەمشەو نیشتمان لە خەوما
بووبوو بە یەک نانی گەورە
منیش برسی... برسی برسی
وەختێ ویستم پارچەیەکی لێکەمەوە
نان بووەوە بە هەویر و
هەویر بووەوە بە ئارد و
ڕێچکە ڕێچکەیش لە ئاردەوە
کێچ و ئەسپێ هاتنە دەرێ!»
ئەم کاتەت باش!
من ناوم )بەهار(ەو لە تۆ ئەچم.
وەکو یەک جوانین و وەکو یەکیش
بە دەم گوڵەکانی ئایندەوە پێئەکەنین!
بەڵام جەخار
وەکو یەکیش و پێکەوە
لە نیشتمانی کلۆردا کلۆر ئەمرین!
ئەم نیشتمانە!
بە تەنها و بە تەنها منی بۆ خۆی ئەوێ.
نیوەی سەوزاییمی داوە بە کەنیزەکەکانی.
نیوەی درەختی بەخشیوم بە بەغدا.
نیوەی سەیرانگەکانمی لەسەر پێکەنینەکانی خۆی و
خزمەکانی تاپۆ کردووە.
نیوەی ڕووبارو دەریاچەمی
داوە بە کۆمەڵێ گردی عەمامەبەسەر!
ئەم نیشتمانە
منی بەهاری ڕاپەڕینی پیر کرد
گۆرانیەکانی کردم بە پۆلێ
باڵندەی باڵشکاو.
بە خەونی دەم با.
ئەم نیشتمانە
وەکوو تۆ ئەی گەنجی سەر جادەی سەهۆڵەکە
گۆرانییە سەوزەکانی منیشی زەرد کرد
وەک چاوی تۆ
چاوی گەڵاکانی منیشی تاریک کرد
وەک دەستی تۆ دەستی لقەکانی منیشی
شکاندەوە و وەک شیعری تۆ
ئەی گەنجی سەر جادەی سەهۆڵەکە
شیعری منیشی وێران کرد
لە ئێستەدا
لەناو جەستەی ئەم نیشتمانە بەڕێزەدا
لە گەلەرییەکانی سەری ئەودا
دەگمەنن ئەو تابلۆیانەی تۆ حەزیان لێ بکەیت و
هەڵیانبژێری و بتەوێ بە دیواری ڕۆحتا هەڵیان بواسی.
لەناو گەرووی ئەم نیشتمانە ئازیزەدا
لەسەر هەموو شانۆکانی
لەبەر دەم هەموو مایکرۆفۆنەکانیدا
زۆر کەمن ئەو پەیڤانەی
تۆ حەز بکەی لە دڵەوە گوێیان لێبگری
لە دڵەوە تەوقەیان لەگەڵدا بکەیت
بە دڵ پیاسەیەکیان لەگەڵدا بکەیت
نووسین: ئاسۆ پیری

پەراوێز edit