ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس ئێستا کچێک نیشتمانمە
٣١. لەم عەمبارە گەورەیەدا
لەم عەمبارە گەورەیەدا
هەموو هەواڵی ئەپرسن
قەڵەم، کاغەز، وێنەکان و
کتێبی سەر ڕەفەی دیوار
تەنها چەند کتێبێ نەبێ
چارەی ڕۆزانایان ناوێ
لەبەر ئەوەی بێ حیجابە!
***
هەشتەم شەو
یەک دڵۆپ عەشقی ڕۆزانا، گۆمێک بۆ من دروست

ئەکاو
منیش بۆ خۆم بەلەمێکی چارۆگەداری خەیاڵی ئەخەمە
ناو
بۆ ئەوەی هەتا ئەوپەڕی تخووبەکانی قەسیدەو
پەخشان
بمبا!
برژانگەکانی ڕۆزانا، ئەبنە پەلکەگیای دەفتەرم و
منیش هەرچی پەپوولەی ناو شیعرەکانە لەو مێرگەدا
یەکە یەکە بەریان ئەدەم!
یەک نینۆکی ئەکەم بە شانۆی ئەم عەشقەو
لەسەر تەختەی بچکۆلانەی ئەو شانۆیە
شانۆنامەی ڕۆمیو جولیت بە گچکەیی نیشان ئەدەم!
یەک تاڵە قژی ڕۆزانا ئەکەم بە پردی سەر ئاوی
خۆشەویستیی و دوا دەقیشم بە ڕێبواری!
هەتاکو نیگا نەگۆڕین
تەماشاکانیش ناگۆڕدرێن.
تا گەواڵەی ناو ئەم سەرە
وەکو خۆی بێ
بارانی تازە نابینین!
'ئێمە هەردووکمان، من و ڕۆزانا، لەسەر
ڕەوەزی خۆشەویستیی ڕائەوەستین و بەو بەرزەوە
سەرلەنوێ پرشنگەکان لە هێڵەکی سەر ئەدەینەوە.
لە یەکەمین هەنگاوی سەر شەقامی گومانەوە دەست
پێئەکەینەوەو شارایەک پرسیار لەگەڵ خۆماندا
ئەگێڕین.
سەرلەنوێ وشەو دەستەواژەو ناوو ئاوەڵناوەو
زاراوەکان بە هەللاجیەکەی خۆمان شی ئەکەینەوە.
ئەم مێژووە ڕووت ڕووت ئەکەینەوە، لە نووکەوە
بە قسەکانیدا ئەچینەوە. ئێمە سەرلەنوێ لە شاخ
ئەپرسینەوە: کێ ئەڵێ تۆ قارەمانی؟ ! بە بەفر
ئەڵێین: کێ ئەڵێ تۆ پاکی؟ ! بە سروودەکان
ئەڵێین:
کێ ئەڵێ ئێوە پیرۆزن؟ ! '
ئەزانین هەردووکمان ئەزانین
ئەم عەشقی ناو زەریای نەهاتە
شەپۆلی یاخییەو سەری خۆی داوەتە
دەست )با(یەک کە مردن لە وژەو گڤەیدا
گەرداوی بە پێوە وەستاوەو
قەدەری بەندەری تەماویش
خوایەکی زۆر تووڕەو بێباکە!
ئەزانین هەردووکمان ئەزانین
ئەم عەشقە، باڵندەی شیعرێکی
کۆچەرو بێکەسەو بە تەنها دوو پرشنگ باڵێتی و
پەڕەی گوڵ چاوێتی و
هێلانەو ماڵیشی گەواڵە هەورێکی
گەڕۆکی غەمناکە!
ئەزانین هەردووکمان ئەزانین
وەک تۆوی دەم باهۆز سەفەرمان سەفەری
ناو خەونی پەرت پەرتە و هەر ڕۆژەی
لە باوەشی وەرزێکی نادیاردا جەستەمان
کڵوکۆی عەشقێکی سوتماکە! '
دڵم ئیستا لە نیسانی گۆڕاندایەو
هەموو ڕەنگەکان پێکەوە وان لە چاوداو
بینینەکانم شکۆفەی تازەترین
گۆرانییان دەرکردووە!
لە دەفتەردا
دەستەواژەم بوون بە جۆگەو
چی خەیاڵی کورتەباڵاو بچوکیشمە
لەم مێرگەدا
ئەوا ئیستا هەموو کەوتوونەتە باڵا!
***
ڕۆزانا... ڕۆزانا
کەمانچەیەک ویستی لەگەڵ لەنجەولاریا بڕواو
جوانیەکەی ئەو پەردەپۆش کات
بەڵام پێ و پلی ژێکانی لە یەک ئاڵاو
لە حەسرەتدا بە دەمدا کەوت!
ئەگەر خۆشەویستیی نەبوو
با نەونەمام یاخود خونچەو کانیی گەنج و

قەڵبەزەی هەرزەکاریش بی
با لەشیشت ژووری گوڵ و ئینجانە بێ
وەختێ زانیت شەوی تەنیایی و بێزاریت
بەسەردا دێ و تاریک ئەبی!

نۆیەم شەو
من کە شیعر بۆ سیاسەت ئەنووسم
لەو وەختەدا ئەبم بە گوڵدانە گرژو مۆنەکانی
سەر مێزی کۆبوونەوە.
ئەگەر بۆ خۆمی بنووسم
ئەبم بە جۆگە ئاوێکی ڕاستەقینە.
کە بۆ ئەم نیشتمانەی ئیستای بنووسم
ئەبم بە ڕیزێ ژمارەی دزراو.
بەڵام وەختێ کە بۆ ڕۆزانای بنووسم
ئەبم بە جوانترین شیعری دنیا!
***
دەیەم شەو
دوێنێ شەوێ هەندێ کتێب
مێزگردێکیان لەسەر مێزەکەم دروستکرد
سێ کتێب بوون
نووسین: ئاسۆ پیری

پەراوێز edit