ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس ئێستا کچێک نیشتمانمە
٢٩. من لەگەڵ نان و ئاوی
من لەگەڵ نان و ئاوی

کوژراودا گەورە بووم.
ئەوەندەیش نابێ
لە هۆڵێکی کتێبخانەی گشتی
بە هۆی دێڕێ شیعری 'گۆران'ەوە
لەگەڵ 'کامەران'دا یەکمان بینی
ئەو کوڕە باریکەلە قژ تەنکەی
لەسەر لێواری خۆکوشتن ڕاوەستابوو
لەو ساتەدا
یەکمان ناسی
هەر زوو ئێمە
وەک دوو دڵۆپ فرمێسک و
دوو وشەی غەمگین و
دوو گوڵە گەنمی تینوو...
دوو دەست لە کەلەپچەیەکدا...
دوو سێو لە سەبەتەیەکدا...
دوو ئاوێنە لە ڕێگەیەکدا
دوو ڕەنگی بێزار لە ڕەنگدانێکدا
یەکمان ناسی
کتێب تەوقەی لەگەڵ یەکتردا پێکردین و
کتێب خستینیە تەنیشت یەکەوەو
کتێب ئاڵ و گۆڕی مەراقی پێکردین و
کتێب ڕیزێ خەون و ڕیزێ پرسیاری
نەکراوی پێ نووسین و
ئیتر چووینە ناو قوڵایی یەکترەوە.

ئیستا ئێمە دەستمان لەم نیشتمانە پیرە بەرداوە.
ئیستا ئێمە
خۆشەویستیمان کردووە بە نیشتمان
بۆ خەونەکانی هەردووکمان!
***
بەیانیتان باش!
من ناوم کتێبە
هەزاران هەزار دەم و چاوو هەزاران هەزار
وڵات و دڵ و دەروونم هەیە.
جاری وا هەیە پڕم لە خۆشەویستی، لە لێبوردن،
لە بەزەیی، لە عەقڵی ڕووناک، لە ئازادیی
جاری وایش هەیە پڕم لە ڕق و لە بوغزو
لە تۆڵەو تاریکیی...
گەلێ جار بە دەنگێکی گڕ ئەدوێم و
گەلێ جاریش بە دەنگێکی ناسک
جارێ مێم و جارێ نێرو
زمانم سەدان زمانەو
پێناسەیشم لە هەزار ڕەنگ.
من سەرینم پەنجەکانی هەردوو دەستەو
وشەو دێڕو لاپەڕەیشم عاشقی چاو.
ئەو وەختەی منت بە دڵ بێ
ئەبمە جوانترین هاوڕێت.
لەوانەیە ئاگری شەڕم خۆشکردبێ و
لەوانەیشە بووبم بە ئاسمانی ئاشتی...

من لە قوڕەوە کتێبم
هێندەی 'گلگامش'یش کۆنم...
من نەبوومایە ژیان کوێر ئەبوو
سبەی نەئەبوو... مێژوو ون ئەبوو
جاری وا هەیە ئەستوور ئەستوورم و
جار وایش هەیە باریک باریک.

لە سەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
ئەمڕۆ کۆترێک هات بۆ لام
دەنووک بە خەندەو چاو ڕووناک
وتی: وەرە، کتێبخانەیەک خۆشەویست
کتێبخانەیەک بەخشندە بانگت ئەکات.
خاوەنی ئەم مەکتەبەیە: هەتاوێکی خوێندەوارە
نە خورافات ئاسمانێتی و نە مقەستیش سانسۆرێتی
بەڵام پاسەوانێکی عاشقی وەک تۆی ئەوێ
تا کۆترەکان و وشەکان و وێنەکان نەدزرێن.
من ئیستاکە دە ڕۆژ زیاترە وام لەناو مەملەکەتی
ئەم هەتاوە بەرینەدا، عەشقی ڕۆزانام تێکەڵی
ئەم دەغڵ و دانی کتێبانە کردووە. من هەست ئەکەم
لەم شوێنەدا هەموو ڕۆژێ: ڕووبارێکی تازە.
باخچەیەکی
تازەو فڕینێکی تازە فێر ئەبم. من هەست ئەکەم
هەموو
ڕۆژێ تارماییەکی مێژووی کۆن، خێوو دێوو درنجێکی
درۆی دیرۆک بەجێدێڵم. هەموو ڕۆژێ تیشکێک
لە ئایندەدا ئەچێنم و ئەسپی خۆرێک ڕام ئەکەم و
ئەیکەم بە مزگێنی ڕێگا! هەموو شەوێکیش شیعرێکی
جوانکیلەی
وەکو ڕۆزانا لەسەر ئەم جەستە ماندووە
هەڵئەکەنم!
نازانم وەختێ ئەنووسم
وەختێ شەپۆلێ ڕستەکان دێن و دەمبەن
جۆگە جۆگە، لە خۆیاندا غەرقم ئەکەن
وا هەست ئەکەم
ئەو پەنجەی خۆم نییە ئەنووسێ و
لە ڕاستیدا پەنجەی ئاوە
وشە و وشە
دڵۆپ دڵۆپ
من ئەنووسێ
ڕۆژێ بۆ برسێتی نووسیم
بەڵام وەختێ سەرنجم دا
ئەوە خۆم نەبووم ئەمنووسی
پەنجە و قەڵەمی من نەبوون
ئەو پارووی گریاوی ماڵێکی تەنەکە بوو کە ئەینووسی
ڕۆژێکی تر شیعرم بۆ سەربەستی نووسی
بەڵام وەختێ ورد بوومەوە
ئەوە من نەبووم ئەمنووسی
ئەوە هاواری خۆم نەبوو
نووسین: ئاسۆ پیری

پەراوێز edit