ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس ئێستا کچێک نیشتمانمە
٢٨. تەبا بین و لەیەک بچین
تەبا بین و لەیەک بچین
لەم مەملەکەتەی عەشقدا
خوایەک هەیە و جێنیشتەیە و
لە هیچ خوایەکی تر ناچێ
ئەم تەسلیمە سەرت ئەکا و گڵۆڵەیەک برووسکە و
دوور دوور ئەیبا و کەچی ئاگات لە خۆت نییە
دەستەکانت ئەکات بە دەستی بای وەشت و
کەچی ئاگات لە خۆت نییە
لە یەک وەختا تۆ لێرەیت و
هەمان کاتیش لە دوورترین خەونی دنیا
من هەموو ڕۆژ، سەفەرێکی ئایەندە ئەکەم
هەموو ڕۆژ لەناو کەژاوەی هەورێکدام
لەوێوە تەماشای شارەکەم ئەکەم
لەناو ئێستەوە چەپکی خۆزگە ئەبەم و
لە دواڕۆژەوە ڕێزێ باخچە لەگەڵ خۆمدا ئەهێنمەوە
هەموو وشەکانم وتیان:
ئێمە خەیاڵی خشۆک بووین
وەختێ ڕۆزانامان ناسی
ئەوسا دامان لە شەقەی باڵ
لەم عەشقەدا وەکوو من خەون ناهێڵێ
نائومێد بی و پڕت ئەکات لە ڕووبار؟
وەکوو من
کە ڕۆزانا بە خۆی و قەڵبەزەی باڵایەوە
هاتە ناو ئەم دەشتی جەستە قڵیشاوەوە
لەوسەری تینوێنییەوە تا ئەم سەری وشک بوونەوە؟
بوون بە دەشتی باران و دەمارەکانیشم
بوون بە ژێی تار و گیتار
وەکوو من
ڕەنگە لەولاوە نیشتمانێکی پیر بدۆڕێنێ و
بەڵام نیشتمانێکی تازەی عەشق بدۆزیتەوە
ئیتر وەکوو من
ئەبیتەوە بە فوارەی چواردە ساڵ
ئەگەر نیگای ئەو ئاوا بوایە
من قەترەم تیا نەهێشتبوو
گەر ماچی باخی سێو بوایە
یەک سێوم تیا نەهێشتبوو
لە چاوانی ڕۆزانادا
ئاوی خودا وشک ناکا و
لە باخەکەی ڕۆزانادا
ماچ و سێوی عەشقی خوایی
دوایی نایە
بەڵام جوانییەکەی ڕۆزانا و
ئەو پرشنگەی کە دای بە من
لە لای هەندێ چاوی بەدی دەوروبەرم
بوون ب بەرد و... بوغزی ڕەش و
یەکە یەکە و
تۆپەڵ... تۆپەڵ
لە کۆڵان و شەقامەوە
پێکڕا ڕۆژانە تێم ئەگرن

من ناوم (ئیرەیی)ە
کۆنترین هاووڵاتی ئەم نیشتمانەم
خۆشترین کاتی من ئەوەیە
هەموو کەسێ لە نوشوستیدا ببینم
هەموو شتێ لە گلۆربوونەوەدا ببینم
ناخۆشترین کاتی منیش ئەوەیە
یەکێکی تر ببینم لە من جوانترە
لە من دیارترە
لەمن خۆشەویسترە
هەمان کاتیش
من کارخانە درۆی مێژووییم
لە شێوەی مارکەی ڕاستەقینەدا
جوانترین بوختان دروست ئەکەم
باشترین پڕۆپاگەندە هەڵئەبەستم
من لەم نیشتمانەدا
بریکاری یەکەمی ڕق و کینەم
نووسینگەکەم کەوتووتە سەر جادەی تۆڵە و
قەڵەمەکانم هەموویان لە سەرەوە
دەم بە خەندە و
لە ژێرەوەیش یەکە یەکە
دەی تەڵەن!
ئەم کاتەتان باش!
منم 'ڕۆزانا'
تەمەنم نۆزدە گوڵەباخی وەڕسەو
نۆزدە پرسیاری شپرزەو
نۆزدە مامزی یاخیی.

من هاووڵاتی 'خەم لاند'م
خەم لاند لە 'کیشوەری زوڵم'دایەو
ئەکەوێتە باشووری خۆرئاوای 'هەژاری'یەوە
پایتەختەکەی ناوی 'تەمتوومان'ەو
لە چوارلاوە ڕەشەبا دەوری داوە.
من لە گەڕەکی پاییزدا لەدایک بووم
تەنیایی مەڵاشوومی هەڵداوەتەوە.
قوماتەکەم گەڵای وەریو بووە.
باوکم ناوی 'بریندار'ەو
دایکیشم ناوی 'خەزان'ە
لەگەڵ ڕاپەڕین'ی چاو سەوزدا
هەردووکمان لە ڕۆژێکدا چاومان هەڵهێناوە.
ئەو شیری دایکی منی خواردووەو
منیش شیری دایکی ئەو.
من زۆر دەمێکە باوکم چۆتە لای گڵ
نیشتمانی پیرۆز بە دەستە پیرۆزەکانی خۆی
بەر لە دە ساڵ
لە بەیانییەکی تەماویداو
لە پێچی مێژوویەکی شوومدا
ئەو کاتەی وڵات بووبوو
بە دەستاڕێکی گەورە گەورەو
براکانیش یەکترییان پێ ئەهاڕی!
لەو دەمەدا سێ فیشەکی گڕداریان لەسەریا چاند.
نووسین: ئاسۆ پیری

پەراوێز edit