ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس ئێستا کچێک نیشتمانمە
٢٢. بەڵام وشەی (غەدر)
بەڵام وشەی (غەدر)
هەموو ڕۆژ لەبەر دەرکی سەرایە و
پیاسە ئەکا و
پڕ بە شاریش پێئەکەنێ
کڵۆ تەباشیرێ وتی:
هۆ نیشتمان
بۆ ئەوەی بە ڕاستی ببی بە نیشتمان
ئەبێ لەسەر و ملەوە بۆ بەرەو خوار
خۆت، خۆت، هەڵوەشێنیتەوە
ئەبێ بارانێکی تر لە ناوتا دا بکات و
(با)یەکی ترت تیا هەڵکا و
سووتانێکی دیکەی جیاواز
بتکا بە قەقنەسی چیا
نووکی قەڵەمێکیش ئەیوت:
ئەی نیشتمانە نووستووەکەم!
من دەرزی ئاژنی جەستەت ئەکەم
هەتا هەڵسیتە سەرپیان و
ببی بە سێڵاو و زریان
چی پاشماوەی ئەم دیرۆکە ڕزیوەیە
بە دار و پەردووی درۆوە
هەمووی لەگەڵ خۆتدا بەری
بەڵام تا تۆ ئەوە نەکەیت
نە دار ئەهێڵێ بسرەوی و
نە بەرد لێت ئەگەڕێ هەناسە بدەیت و
نە ماڵ جێگەت ئەکاتەوە و
نە جادەیش بە سەریا بڕوێت
ئەی نیشتمانی بێ گوێچکە
وائەزانی ئەم تووڕە بوونە
هەر تووڕەبوونی سەری خۆمە
لە پێشدا تووڕەبوونەکان لە شێوەی
دڵۆپ دڵۆپی بچووکدا... چکە چکە...
دائەدەن و دێنە خوارێ... هەر دڵۆپەی
لە بێزارییەکەوە.
دڵۆپێک لە گەرووی شیعرێکی زیندانیەوە.
یەکێکی تر لە چاوی پرسیارێکی ماندووەوە
ئەوی تر لە ژێی پچڕاوی گیتارێکەوە
ئەوی تریان لە بنج و بێخی پرچێکی بڕاوەوە
یەکێکی تر لە قیژەی گۆی مەمکێکەوە
یەکێکی تریش بە بنمیچی خەفەتێکی گەنجەوە
تاد. تاد. تاد...
ڕەنگە ئەو دڵۆپانەیش یەکتری نەناسن
بەڵام لە دواییدا هەموو یەک ناو
بۆ خۆیان هەڵئەبژێرن و ئەن بە سێڵاو!
ئەمەی ئەینووسم
شیعر نییە... خۆڵەمێشە
چیرۆک نییە... زوخاوڕێژە
شانۆ نییە... دیالۆگی نێوان زامەکانە
تابلۆ نییە... جەستەی منداڵی نەخۆشە
لە باوەشی برسێتیدا
لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
ئەگەرچی لێرە وەستاوم
بەڵام من هەوری مەراق و
(با)ی پرسیاری ئەم وڵاتەم
هەموو ڕۆژێ چەندی کەڕەت
ئەبمە هاواری غوربەت و لە سینەتاندا هەڵئەکەم
هەموو شەوێ چەندین کەڕەت
ئەبمە بارانی قەسیدە و
بەسەر خەمتاندا دائەکەم
هەموو جارێ بە خۆم و ڕەنگی شەفەش و کلووی وشە و پەپوولەکانی ڕۆحەوە
یەکە یەکە سەر لە ماڵەکانتان ئەدەم
ئەبمە مۆم و لەسەر قەراغی پەنجەرەی ڕازەکانتان خۆم هەڵئەکەم
ئەگەرچی لێرە وەستاوم
بەڵام من لەلای ئێوەیشم
لە هەر کوێ بن، منیش لەوێم
لە ڕێ و باندا، من قاچتان و من هەنگاوی سۆراختانم و
لە سەلام و خۆشەویستیی و
کارکردندا من پەنجەکانی دەستانم و
لەگەڵتانم و سێبەرتانم.
بۆ منداڵان
من پێکەنینی نوقڵێکم و
بۆ کوڕەکان
من گۆرانی قەڵەمێکم
بۆ کچەکان
لەنجە و لاری گیتارێکم و
بۆ پیرەکانیش گۆچانم!
ئەگەرچی لێرە وەستاوم
بەڵام چاوم وا لە چاوی هەمووتاندا و
دەنگم دەنگی کسپەتانە و
ڕەنگم ڕەنگی خولیاتانە و
بۆنم بۆنی سکاڵاتان!
ئەم جادەیە
جادەی بە بادانی شیعرە
وەکوو بە بادانی خەم و
ئەم سەهۆڵە
سەهۆڵی هەناسەی ساردی ئەو نەوڕەسانەن
ئێواران مل هەڵئەسوون لە ناکامی و
لە یەکتری و
عەشقیش ئەکەن بە سترانی سپی لێرە!
لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم
لە سێگۆشەیەکی شوومدا، ڕاوەستاوم
ئاخ... ئاخ... ئاخ...
ئەمڕۆ یادی نەگەڕانەوەی نەورەسێکی وێنەکێشە
یادی دوافڕینی... دوا شەقژن و باڵ لێکدانی...
دوا تەماشای ڕەنگەکان
لێرەدا بوو
دوا هێڵ و دوا فیگەر و
دوا هەناسەی فڵچەکەی
تێکەڵ بە بێدەنگی بوون
من ئێستا ئەمەوێ بە نیشتمانی زەین کوێر بڵێم:
نووسین: ئاسۆ پیری

پەراوێز edit