ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس ئێستا کچێک نیشتمانمە
٢٠. قەڵەم هەیەو هەیەو
قەڵەم هەیەو هەیەو
هەموویشیان ناویان قەڵەمە!
ئەم نیشتمانە قەڵەمێکی هەیە چەند نووکێکی
ڕەنگاڵەی پێوەیە... بە ڕەش ئەنووسێ ئازادی مێ و
بە سووری نێر ئەیکوژێنێتەوە. بە مۆر ئەنووسێ
یەکسانی و بە شینی خێڵ ئەیکوژێنێتەوە. بە سەوز
ئەنووسێ دادپەروەری و بە قاوەیی حیزب
ئەیکوژێنێتەوە.
ئەم نیشتمانە ئەگەر زانی بەڵێنێکی داوەو بەڵام
بەڵێن
بۆی بووە بە لەمپەر ئەوسا ئیتر ڕۆژو مانگ و ساڵ
ئەگۆڕێ و
بێباک... بێباک ناوەکەی خۆی چز ئەکات و
ئیمزاکەی خۆی ئەسڕێتەوە!
قەڵەمەکەم
ئەم بەیانییە
بەر لەوەی چۆلەکەکان لە خەو هەستن
ئەو هەستابوو
لەسەر جادە سپییەکانی کاغەزەکەی بەردەمی
شپرزە و بێ ئارام لە هاتووچوودا بوو
دەمێک خاو ئەڕۆیشت و دەمێ خێرا
هەندێ جار دائەنیشت و
هەندێ جار ڕائەوەستا
قەڵەمە بەگومانەکەم
پێی وتم: تۆ نازانی من چ نووکێکی دڕدونگ و
ڕاڕام هەیە. تۆ نازانی من چەندجار
ئەبێ تاقەوشەیەک، ئەمدیو و ئەودیو پێ بکەم
لەمسەری خەیاڵەوە تا ئەو سەری شیعر بیهێنم و بیبەم
تا بڕوای پێ بکەم
قەڵەمە بەگومانەکەم کۆمەڵێ پرسیاری لەبەردەمدا هەڵڕشتم
باشە تۆ چوویتەتە دەرەوە
ناو ئەو هەموو ئاپوورەی ژان و زامانە؟ !
لێت پرسیون: ئەی ئەوان ئەڵێن چی و ناڵێن چی؟ !
چییان ئەوێ و چییان ناوێ؟ !
بۆیە منیش هەر ئەمڕۆ
لە ماڵەوە و لە کۆڵان و لە گەڕەک لەسەر جادەکان
کەوتمە پرسیار کردن و چاوپێکەوتن
بۆ ئەوەی بە زووترین کات
سەرئەنجامی ڕاپرسییەکان بگەیەنمەوە
قەڵەمە بەگومانەکەم
لە دار تووە ماندووەکەی حەوشەکەی خۆمانەوە دەستم پێکرد
چوومە بەردەمی، بۆی نوشتامەوە
بەڵام من هێشتا دەمم نەکردبووە
بە دەنگێکی وشکەوە هاواری کرد: ئاو
چوومە لای قوڵینە پیرێژنە بێ هەناوەکەی هەیوان
هێشتا من نەموتبوو ڕۆژ باش
ئەو بە دەنگێکی لەرزۆک و کزەوە وتی: نان
پشیلە نەخۆشەکەمان خۆی هات بۆ لام و لاملی تێ هەڵسووم و میواندی: دەرمان
پەنجەرە پیرەمێردە دەم و ددان شکاوەکەمان
مقەباکەی سەر دەم و چاوی لابرد و وتی: شووشە بۆ ڕوخسارمان
لەو دیویشەوە
کۆڵانە سەرتا پا قوڕاوییەکە بە دەنگێکی باریکەوە
لەناو لیتاوێکەوە سەری دەرهێنا و وتی:
چەوولم؟؟؟؟؟؟؟
تابلۆی سەر ناوچەوانی قوتابخانەکەی نزیکمان
تووڕە تووڕە کەوتە تەق تەق و قیڕاندی
مامۆستا بۆ وانەکان
پۆلێ چۆلەکە بە دەم فڕینەوە هاواریان ئەکرد: هێلانە... هێلانە
ڕەوە جوانوویەک بە دەم غارەوە ئەیانحیلان: کار... کار
کۆمەڵە مەمکەمژەیەک لەبەر پەنجەرەی ژوورەکانی گەڕەکەوە
ئەکڕووزانەوە و ئەیانوت: شیر... شیر
ڕەوە مامزێکیش لەناو شیعرێکمەوە هاتنە دەرێ و بە دەم باڕژن کردنەوە
ڕوویان کردە ئەو دەشت و دەرە و ئەیانوت: ڕووناکی
لەناو ڕۆمانی هاوڕێیەکیشمەوە
هەرچی دار و بار و گوند و شار و شارۆچکە هەیە
هەستانە سەر پێ و ئەیانوت: بەختەوەری!
وەختێ ئاوڕم دایەوە ئاپوورەیەک:
لە مێروولە تا پڵنگ تا کەروێشک و تا باڵندەکان کەوتبوونە داوم و منیش ئەچوومەوە بۆ لای قەڵەمە بەگومانەکەم!
ئەم نیشتمانە پیرە ئەوەتەی هەیە
ددانی بە یەک گوناهی خۆیدا نەناوە.
قەت نەیوتووە:
یەک جۆگەی لێڵم هەبووە یان ئاوێنەیەکی درۆزن.
یەک گوڵی سیسم هەبووە یان بۆنێکی ناخۆش.
یەک ئەسپی نەخۆشم ڕاگرتووە یان جارێ گلاوم.
یاخود ئەو بەڵێنەم کوێر بوو.
ئەو مێژووەم شەل و گێڕ بوو.
نا... نا ئەم نیشتمانە پیرە
ڕۆژێ لە ڕۆژان نەخوارو خێچ ڕۆیشتووەو
نە سەرسمێکی داوەو
نە قسەیەکی پیس و پۆخڵی کردووە!
نا... نا... نا
ئەو بەردەوام خودا بووە!
من ناوم قەڵەمە و
نووکێکی سەربەستم هەیە
ستوونەکەم کردووە بە بۆینباخێک و
هەموو ڕۆژێ ملی نیشتمانی پێ ئەجەڕێنم
کردوومە بە ئاوێنە و
ئەیبەمە بەردەمی
بۆ ئەوەی گەڕ و گولیی ڕوخساری ببینێ
ئەیدەم لە چاوی
بۆ ئەوەی بە شەوارەی شەهیدان بکەوێ
ئەم نیشتمانە باوکێکی ئێجگار گەوجە
گەر پانتۆڵێ بۆ کوڕەکەی خۆی بکڕێ
ئەبێ لە ڕۆژنامەدا بینوسێ و
لە تێ ڤیشدا پانتۆڵەکە نیشانبدرێ!
لە ڕادیۆدا باسی بکرێ و
نووسین: ئاسۆ پیری

پەراوێز edit