ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس ئێستا کچێک نیشتمانمە
١٧. وردەشووشە هەڵئەچەقێن
وردەشووشە هەڵئەچەقێن
لە خەیاڵ و خەونەکانم
خوێنیان لێدێ و زامانیش ئەبن بە فوارە
ئێوارەیەکی درەنگە و پڕم لە ڕووناکی کوێر و
پڕم لە شەپۆلی لاڵ و
پڕم لە پاییزی دایکم
لە خۆرنشینی خوشکەکان
هەموو جارێ ڕووناکیی کوێر
دەستێک ئەگرێ بە درەختە سووتاوەکەی ناو دڵمەوە و
ئینجا هەڵئەسێتە سەر پێ
خوشکەکانم بەم ڕۆژگارە لە ماڵەوە
جریوەی مردوو ئەژمێرن
پاییز دایکمی کردووە بە جێگری هەڵوەرینی و
خۆی ڕۆیشتووە
بە سەفەرێ بۆ لای کچەکانی عەرعەر
ڕۆژێ کورتە چیرۆکێکی بێکار
لەناو پارکی ئازادیدا(نیشتمان)ی
لەگەڵ ژنی سێهەمیا دی
کورتە چیرۆک زۆر دەمێک بوو
وشەی پەنگی ئەخواردەوە و
بووبوو بە دەریاچەی سەری
بۆیە تووڕە... تووڕە تووڕە
یەخەی نیشتمانی گرت و وتی
ئەی نیشتمان
گریمان تۆ نیشتمانم نەبوویتایە
لەمە زیاتر چیم لێ ئەهات؟ !
ڕەنگە لە جادەیەکی بەغداددا
من تەنەکەی خۆڵ بوومایە!
تەنەکەی خۆڵی کوردستان یان عێراق بی
هەر تەنەکەی!
لەوانە بوو لە مەیدانێکی تاراندا
فڵچەی قۆندەرەی بۆیاخچییەکی ئازەری و فارس بوومایە
فڵچەی قۆندەرەی کورد بی یا خود فارس یان ئازەری
هەر فڵچەی
لەوانە بوو لە بازاڕی ئەنقەرەدا
سێوێکی گلار بوومایە
گلاری بازاڕی کورد بی یا خود هی تورک
هەر گلاری!
لەوانە بوو لە چایخانەیەکی ناو شامدا
ببوومایە بە تڵپەی چا
تڵپەی چای کورد بی یان عەرەب
تۆ هەر تڵپەی!
ئەی نیشتمانی تازە پیاکەوتوو!
لە ئیستەدا تۆ ئەگەر لەبەر سەرقاڵیی
بە بۆنکردنی نەوتەوە، سەر نەپەرژان،
بە هۆی گەمەی سێ ڕیزکێنی دیموکراسی و
سەر نەخورانت بە هۆی کورسی وەزارەت و
بە سەفەری هەندەران و خەلیجەوە...
بیرت نەبێ!
منێ لە چرای بێ نەوت بێکارتر
باش لە بیرمە!
ئێوارە بوو لە قەراغ شار
بە ڕێکەوت تووشی یەکتر بووین.
تۆ هێشتا هەر کڵاوەکەی
ڕاپەڕینت لەسەردا بوو!
هێشتا بۆنی یەکەم شەفەقی بەیانیی
ئەمنە سوورەکەت لێئەهات!
جارێ نەبووبووی بە تاوس
ڕەنگی پۆلیس و چاوەشت نەگرتبوو!
هێشتا جلی چاڵەنەوتت نەپۆشیبوو!
فێری گەمەی ڕۆڵێت و پۆکەر نەبووبوویت!
هێشتا تۆ هەر خەیاڵەکانت باخچە بوون
بۆ گوڵی خەم و هەژاریی.
تۆ ئەوساکە ژنی دووەم و سێهەم و
چوارەمیشت نەهێنابوو.
هێشتا نەبووبوویت بە والی
ئەو کاتە بوو: وتم گیانە:
تۆ کە لای خۆت وات داناوە
نیشتمانی هەموو دارێکی قوربانیت.
نیشتمانی هەموو ئاوێکی قوربانیت.
نیشتمانی هەموو گەڵایەکی سووری ئەم مێژووەیت؟ .
بەڵام ئاخر تەماشاکە لە ئیستەوە
تۆ هەر لە مەل و باڵندەی باخەکانی
کۆشکی خۆتمان بۆ ئەهێنی لە جیاتی ئێمە
بخوێنێ.
تۆ هەر گۆڕی چرای کوڕت و
گۆڕی گوارەی ژنەکەت و
گۆڕی عەینەکی براکەت هەڵئەبەستی
کەچی مەزاری هەزاران باڕەکەوو ئاسکەکێوی و
شینە شاهۆ لەبەر ئەوەی ناچنەوە سەر
شەجەرەکەی چواردەوری تۆ، ناوەکانیان
لەم ساتەوە، ئەدرەسیان و پێناسەیان،
)با(بردوونی بۆ بۆشایی بیرچوونەوەو
دەنگیان پڕبووە لە خۆڵ و شوێنەواری
هیچ زامێکیان لە ئیستەوە دیار نەماوە!
بولبولێکی دەربەدەرەی وڵاتان.
کوڕێکی بەستەیەکی شەهید.
بەستەیەکی لەبیرکراو
دوای چەندین ساڵ
گەڕایەوە بۆ شارەکەی...
ویستی بچێتە سەر گۆڕی باوکی و
تێر تێر بە دەم گریانەوە بچڕێت
وەلێ هەرچەند گەڕا و هەرچەند پرسی و
چووە لای نیشتمان و
چووە لای سروودەکان و
بەڵام گۆڕی باوکی بۆ نەدۆزرایەوە
هەتا ڕۆژێ لە مەراقدا،
ئەویش لەسەر گۆڕی نەناسراوێ
ناکام مرد
شمشاڵی عاشقێ ئەیوت:
نووسین: ئاسۆ پیری

پەراوێز edit