ئاڵەکۆک

شێرکۆ بێکەس add_a_photo
شێرکۆ بێکەس ئێستا کچێک نیشتمانمە
١٠. لەسەر بەرزترین لوتکە
لەسەر بەرزترین لوتکە
بە بەرچاوی مێزەرەکانی دنیاوە
بیسوتێنێ!
لە ناکاوێ
لەو سەرەوە، لەگەڵ خۆڵ بارینی تازەی
دیاریی بیابانی خوارو و
دیسان نیشتمان دێتەوە و
وەک دیوار بم ئەمجارەیان
بانگەشەیەک چۆن بەروانکە
بە بەر سنگما هەڵئەواسێ و
هەر ئەوەندە و ئەو ئەڕوات و
لەگەڵ دەستەیەک تفەنگدا
بە خێرایی بە لای من و
عەرەبانەی هاندیکا پێ و
دوو سواڵکەردا تێئەپەڕێ
ئەوسا منیش چۆن هەورێکی نزمی سەرشار
وەک برینێکی بێ هەتوان، یاخود وەکوو
گۆرانیی عەشقێکی گیراو
لەناو قەفەزی مەرگێکدا
ئازارم ئەبێ بە دەنگ و
ئازارم ئەبێ بە ڕەنگ و
لەو قەفەزە ڕائەپەڕێ و
بەروانکەکەم ئەدەمە دەست (با)یەک
لە خۆم وەڕستتر و تووڕەتر و
لەو ساتەدا
لە ناخی ناخی ناخەوە و لە بنەوە
کڵپەکڵپێ لە شێوەی ئاگرێکی گەنجدا لرفە ئەکا و سەر دەردێنێ!
بەیانیتان باش!
من ناوم دیوارە
کەوتوومەتە سەر شەقامێکی گشتی
بە درێژایی بێزاریی درێژم و
بە بەرزی تووڕەبوونیش بەرز!
هەرچی دروشمەکانە بە مندا هەڵئەواسرێن
هەرچی پۆستەرەکانە لە من ئەدرێن.
لە سەد دروشم یەکێکی تیا نییە
شتێکم فێربکات!
لە سەد پۆستەر یەکێکی تیا نییە
دڵم خۆشکات!
هەر دوێنێ بوو
لە 'سەر'مەوە تا کەڵەموستی پێم
دروشمێکیان پیا هەڵواسیم
کە خوێندمەوە
شەرم تەریقی کردمەوە
من دیواری وڵاتێ بم
درۆی کەتەو گەورەی وەهای
پیا هەڵواسرێ!
ئەم کاتەتان باش!
من ناوم 'ناڕەزاییە'
لە دایکبووی شاری یاخیبوون و
گەڕەکی برسێتی و کۆڵانی کوێرەوەریم
لێرە بەدواوە... من سەر بە هۆزی بێدەنگیی نیم.
من ڕێبواری سەر ڕێ و بانی
هەتا هەتای چاوەڕوانی و
دروشمی بێدەست و قاچ نیم.
لەمڕۆ بەدواوە
من هاووڵاتی خەریتەی
نیشتمانێکی دزراو نیم
نیشتمانێ هەموو جارێ یان پەنجەیەکی ئەفڕێنن.
یان گوێچکەیەکی و یان چاوێکی ون ئەکەن و
یان وشەیەکی زیندەبەچاڵ ئەکەن و
کەچی نە هاوارێ ئەکات و
نە برینێکی ڕائەچڵەکێ!
سڵاو لە هەمووتان
من ناوم (دەرد)ە
پادشای بەشێکی زۆری ئەم مەملەکەتەم
بنکە دیار و بڵاوەکانم
لەناو ئەو گوند و گەڕەک و کۆڵان و
ناوچە خامۆشانەدا دروست کراوە
کە ملکەچی یاساکانمن
هاووڵاتیانم بەردەوام
لە تەنیشتمەوە ڕاکشاون
کەسیان تیا نییە بە پێوە ڕابوەستێ
پادشای تەندروستی
لە منەوە دوورە
ناو بە ناو هەڕەشەم لێ ئەکات
بەڵام دەستی نامگاتێ
زۆر جاریش منی بیر ئەچێتەوە
من لە وڵاتی وەکوو ئێرەدا
بەختیارم و عومرم درێژە
(ناڕەزایی) لە شێوەی گەردەلوولێکی تووڕەدا گەڕایەوە و
لەو سەری شەقامە بێزارکەوە هاواری کرد:
تۆیش ئەی بینینی بێ خەون و نزم فڕی
ناو ڕۆژگاری هەر بە تەنها ڕەش و سپی
ئەی سەعاتی خەو لێکەوتووی سەر سەهۆڵ و زەنگی بێ دەنگ
تۆ ئەو چاوانەت بۆ چییە؟
تۆ ئەو دەستانەت بۆ چییە؟
گەر تەماشات... گەر فڕین و
گەرووی خۆت و
سەر و ملی خۆت... نەگۆڕی؟
مردن... بینینی بێ خەونی زیندووانە و ئایندەیش... دەستی زەنگ لێدان
ئەم مێژووەی من خەمساردە
گالیسکەیەکە تا گوێچکەی ئەسپەکانی
لە ڕابوردوودا چەقیون و... باکی نییە
خۆشەویستیی باڵندەکانی هەر هەموو
لەناو هەوایەکی کپ و وەفای هەموو ژنەکانی
لە نزارێکی ڕەشپۆشدا جێهێشتووە
ئەم مێژووەی من... کلیلی
دەرگای ساڵ و دەرگای هەتاوی داهاتووی
لێکەوتووە و بۆی ناگەڕێ و باکی نییە
ئەو بە تەنها نینۆکەکانی خۆی داوە بەم نەوەیە و
دەروازەی ئەم نیشتمانەی
لەسەر حەیرانی ڕووبار و
لەسەر هاواری شەقام و
لەسەر پووکەپووکی نان و
لەسەر هەناسەی عاشقان داخستووە
ئەی مێژووی فوودراو
بە هەوای غوروری شاخ و داخ
شانازیی هەڵئاوسا و لە جەستەی ئەفسانە و دارستانی درۆدا
چیت هەیە؟
ڕێزبەندی سەروەریت بە تەنها
نووسین: ئاسۆ پیری

پەراوێز edit