ئاڵەکۆک

محەمەدسەدیق مەحموودی add_a_photo
وەک فووی ڕووحی خوا، گیان وەبەرهێنێ
پەیکەرەی هەست بێ
ئێلهام بزوێنی دڵی نەدوێنی
ئاڵۆز و پەست بێ
***
وەکوو تەوژمی گیان بێ لە نێو دڵ...
هەربێت و بڕوا
بەرەو ڕووی ئامانج دڵ بێنێتە چڵ
بەتین کا بڕوا
***
لە ڕێی خەباتا وەک سەرچاوەی تاو
مێشکی بپڕژێ
دڵۆپی گەرمی پڕشنگی لەناو
کۆمەڵا برژێ
شیعر ئەبێ لەگەڵ خولی ڕۆژگار
نوێ ببێتەوە
تا نەغمەی لە ناو گشت مێشک و دەمار
بزرینگێتەوە
***
ببێتە تارای بووکی شەرمینی
ڕازاوەی ئاوات
بووکێک کە زاوای دڵ پڕئەوینی
بەختیار ئەکات
***
نوێنگە و دیاریی تەرزی ژیانی
گەل و گورۆ بێ
لە مێژووی ژینا بۆ دواڕۆژ کانی
وەڵامی «بۆ؟» بێ
مەبەست و واتای کورت بێ یا درێژ
بەرز بێ، جوان بێ
وەک ئاوی کانیی خیزەڵانی لێژ
ڕوون و ڕەوان بێ
***
ئەنجا با خودای تەخت و بارەگای
شیعر و سەلیقە
بۆ بەختیاری و پیرۆزی بڕوای
بدا لە تریقە

پەراوێز edit