شاعیر: محەمەدسەدیق کتێب: وەنەوشە سەرناو: شیعر وەک فووی ڕووحی خوا، گیان وەبەرهێنێ پەیکەرەی هەست بێ ئێلهام بزوێنی دڵی نەدوێنی ئاڵۆز و پەست بێ *** وەکوو تەوژمی گیان بێ لە نێو دڵ... هەربێت و بڕوا بەرەو ڕووی ئامانج دڵ بێنێتە چڵ بەتین کا بڕوا *** لە ڕێی خەباتا وەک سەرچاوەی تاو مێشکی بپڕژێ دڵۆپی گەرمی پڕشنگی لەناو کۆمەڵا برژێ شیعر ئەبێ لەگەڵ خولی ڕۆژگار نوێ ببێتەوە تا نەغمەی لە ناو گشت مێشک و دەمار بزرینگێتەوە *** ببێتە تارای بووکی شەرمینی ڕازاوەی ئاوات بووکێک کە زاوای دڵ پڕئەوینی بەختیار ئەکات *** نوێنگە و دیاریی تەرزی ژیانی گەل و گورۆ بێ لە مێژووی ژینا بۆ دواڕۆژ کانی وەڵامی «بۆ؟» بێ مەبەست و واتای کورت بێ یا درێژ بەرز بێ، جوان بێ وەک ئاوی کانیی خیزەڵانی لێژ ڕوون و ڕەوان بێ *** ئەنجا با خودای تەخت و بارەگای شیعر و سەلیقە بۆ بەختیاری و پیرۆزی بڕوای بدا لە تریقە ++++++++++++++++++++++