دەگێڕنەوە کە پیاوێ
نەک پیرەمێردێ، لاوێ
لاوێکی ئازا و نەبەز
لە کار قەت نەبوو وەڕەز
دەفەی سینگ و نێوشان پان
مەچەک ئەستوور، پاڵەوان
ئازابوو زۆر بەکاربوو
لە تەمبەڵی بێزار بوو
هەرجارێکیش بە هەڵکەوت
لە کارکردن نەدەسرەوت
ورچێکی بوو مل ئەستوور
ڕێک بوو لەشی خوار و ژوور
ورچە ئەوەن قەڵەو بوو
گۆشتی لەشی پتەو بوو...
لەهەیبەت و لە تەرزی
شێری بەسام ئەلەرزی
کاری ڕۆژ و شەوانی
ببوو بە پاسەوانی
بۆخاوەنی بەکەڵکی
لە زوڵم و زۆری خەڵکی
لاوی قەت هەدانەدەر
قارەمانی دەشت و دەر
ڕۆژێکی بۆ پشوو دان
پاچ وبیڵی فڕێ دان
چوو ڕاکشا لە سێبەر
بەردێکی خستە بن سەر
ورچە کە خاوەنی خەوت
چوو لە بەرامبەری کەوت
ئارەقی ڕووی دەستڕین
مێشی دەخستە فڕین
مێشێ لەڕووی نیشتبا
ژینی دەدا زوو بە با
مێشێ بەڵام هات ونیشت
گا لە سەری گا تەنیشت
گا دەفڕی بۆ دەمی
ورچ کاری حەستەمی...
ببوو بە تێخوڕینی
لەو مێشە بۆ فڕینی
بەڵام مێشی کەللە شەق
مێشی نەفامی ئەحمەق...
مێشی لاساری بەدخوو
هیچی بە گوێدا نەچوو
ورچە کە مێشی وا دی
خاوەنی بێ نەوا دی
بەردێکی هەڵگرت لە مێش
وردەوردە چووە پێش
بەردی بە توندی وەشاند
مێشکی لاوەکەی پژاند
شەربەتی مەرگی دایە
دۆستی نەزان هەر وایە
قەت پیاوی خاوەنی بیر
پیاوی بە هۆش، پیاوی ژیر...
ناگرێ دۆستی نەزان
چونکە بەڵای گیانە گیان