دڵگیر و خۆشە کوردستان
بە دیمەنی ساکار و جوان
سەیرانگایەکی نازدارە
ئاو و هەوای سازگارە
نیشتمانی نەوەی کوردە
قیبلەگای درشت و وردە
بە هەشتێکی ڕووی سەر ئەرزە
پڕ لە کەژ و کێوی بەرزە
دارستانی چڕو پڕە
ئاوی خۆش و سارد و سڕە
پڕ لە ڕەز و باخی جوانە
کانیاوی ڕوون و ڕەوانە
هەڵئەقوڵێ لە بناری شاخ
ئەکشێ بۆ ناو دێبەر و باخ
گوڵ و سەوزە گیا ئاو ئەدا
دڵ و گیان لە زاخاو ئەدا
لەبەر هاژەی چەم ڕۆژ و شەو
تەبیعەت لێی حەرامە خەو
هەرچی لق و پۆپ و پەلە
سەرخۆشی جریوەی مەلە
ورشەی گەڵای دەم شنەبا
ژەنگ و ژاری دەروون ئەبا
ئەم کوردستانی ئێمەیە
جێگای بەزم و زەمزەمەیە
لە جوانی یا شۆخ و شەنگە
باخچەی سەیران و ئاهەنگە
سەر تەختی ئەو شینایی یە
شوێنی هەڵپەڕکێ و شایی یە
بە سۆز و ئاوازی شمشاڵ
ئەجۆشێ دڵی کوڕ و کاڵ