کوننەپەپووی ڕوو ترش و مۆن
جێ نشینی کەلاوەی کۆن
دۆستە دێرینەی وێرانی
تۆی دوژمنی ئاوەدانی
لەبەر ڕۆژ جێگەت پەنایە
چاوت بە تیشکی هەڵنایە
کوێری لە عاستی ڕووناکی
هەر بە شەو چست و چالاکی
پیرە دەعبای چەپەڵ و گەڕ
خاوەن بالۆرەی شووم و شەڕ
کەی تۆ لە ڕەگەزی مەلی
شایستەی سەر لق و پەلی؟ !
تۆ ئەوەندە بەد فەساڵی
کەی شایەنی پەڕ و باڵی؟ !
وا هنەزانی ئێسک سووکی
پەسەندی گەورە و بچووکی
هیچ کەسێ چارەتی ناوێ
شیر و تیرت لێ ئەساوێ
پیرۆزت بێ ناو کەلاوە
سەر ئەو دیوارە ڕووخاوە
پیرۆزت بێ تاریکە شەو
ئەو دەمەی سەر ئەکرێنە خەو
بەڵام ڕۆژ هەر ئەبێتەوە
تاریکی ئەڕەوێتەوە
بەو دوو چاوە کوێرانەوە
ئەبێ بەژێر وێرانەوە
ئەگەر خەم ڕۆژ و شەو دەستە و یەخەم بێ
ئەبێ خۆم خەم نەخۆم، خەم توشی خەم بێ